سکولارشیپی (گەنجی چالاک) لە زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی

سکولارشیپی (گەنجی چالاک)، سکولارشیپێکە بۆ نرخاندنی دەستکەوتی فیرخواز لەبواری هەوڵ و پێشەنگیدا، ئەم سکولارشیپە رێژەی ٧٥٪ ی تێچوی خوێندنی زانکۆیی فێرخوازەکە دابین دەکات، لەسەر بنەمای چالاکبونی فێرخواز لەدەرەوەی بواری خوێندن (بۆ نمونە: بەشداریکردن لەکاری خۆبەخشی و سەرکردایەتیکردندا) دابین دەکرێت، تەنها ئەو فێرخوازە نوێیانە دەگرێتەوە کە تازە پەیوەست دەبن بەزانکۆکەوە. ئەو فێرخوازەی کە سکولارشیپەکە دەیگرێتەوە، ئەگەر بەردەوام ئاستی خوێندنی لەهەڵکشاندابو، ئەوا بەدرێژایی ماوەی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی و ساڵانی قۆناغی بەکالۆریۆس سکولارشیپەکەی بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە گەنجان دەستیان بەخوێندنێکی کوالیتیبەرز رابگات، بەچاوپۆشی لەباری داراییان، هەروەها بەچاوپۆشی لەئاستی ئەو نمرەیەی کە لەتاقیکردنەوەی بەکالۆریدا بەدەستیانهێناوە.

 

مەرجەکانی وەرگرتن:

  1. سەرجەم ئەو فێرخوازانەی کە شایستەی ئەوەن لە زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی وەربگیرێن، شایستەی ئەوەن داوای ئەم سکولارشیپەش بکەن.
  2. ئەو فێرخوازانەی داوای ئەم سکولارشیپە دەکەن، دەبێت شوێندەستی خۆیان لەبواری هاووڵاتێتی و سەرکردایەتیکردندا بخەنەڕو، بۆ نمونە: لەبواری کاری خۆبەخشی لە (نەخۆشخانە، دامودەزگای خێرخوازی، کەمپی پەنابەران، باخچەی ئاژەڵان، خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، دەستەو گروپی ژینگەپارێز، هتد)، یان لەبواری کاری سەرکردایەتیکردن (وەک کارگێڕ یان ئەندام لە: تیپ، یانە، رێکخراوی مەدەنی، هتد)، یاخود لەبواری (وەرزش، مۆسیقا، هونەرەکانیتر)، یان لەهەر بوارێکیتردا کە بیسەلمێنێت فێرخوازەکە لەدەرەوەی پرۆسەی خوێندن کەسێکی چالاکەو توانای هەیە تێکەڵی خەڵک ببێت و لەگەڵیاندا کار بکات .
  3. بەدەستهێنانی نمرەیەکی دیاریکراو لەتاقیکردنەوەی بەکالۆریدا نەکراوەتە مەرج.

چۆنیەتیی پێشکەشکردنی داواکاری:

فێرخوازانی نوێ، شایستەی ئەوەن داوای وەرگرتنی ئەم سکولارشیپە بکەن، پاش پێشکەشکردنی داوای خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی . پێویستە فۆرمی سکولارشیپەکە لەڕێی ئینتەرنێتەوە پڕبکرێتەوە، لەگەڵ هاوپێچکردنی ئەم پێداویستیانەدا:

  • نامەی پشتگیری (لانیکەم یەک دانە نامە) لەمامۆستایەکەوە، یان لەکەسێکی دیارو ناسراوی کۆمەڵگەوە، یاخود لەپیشەوەرێکەوە، یان لەهەر کەسێک کە کار لەگەڵدا کردبێت .
  • هەر شتێکیتر کە خۆت حەز بکەیت بینێری لە: وێنە، ڤیدیۆ، بڕوانامە.

پرۆسەی هەڵبژاردن:

لیژنەی سکولارشیپەکان لەزانکۆ، لەڕێی دەنگدانەوە بڕیاری کۆتایی دەدات و یەک فێرخواز هەڵدەبژێرێت.