بۆچی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی پرۆگرامی بنەڕەتیی هەیە ؟
ئەم پرۆگرامە بنەڕەتییە وادەکات زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی زانکۆیەکی دیارو بەرجەستەبێت لەناو زانکۆکانی عێراقدا .
با هەندێک قسەی نوسەری ناسراو فەرید زەکەرییا (دانەری پڕفرۆشترین کتێب) بەبەڵگە بهێنینەوە .
لەدوایین کتێبیدا کە کتێبێکی بەناوبانگە بەناونیشانی (داکۆکی لەپەروەردو فێرکردنی لیبراڵی) ، نوسەر (فەرید زەکەرییا) دەڵێت : تەکنەلۆجیاو جیهانگیری ، بەهای خوێندن و فێربونی ئازادیان سەرترخست ، بۆ نمونە فێربونی : چۆنیەتیی نوسین و چۆنیەتیی گوزارشتکردن لەبیروبۆچون .
ناوبراو هەروەها دەڵێت : وەکچۆن کاروبارە میکانیکیەکان و تەنانەت حساباتی رۆتینییش ، لەڕێی ئالەتەوە ، یان لەڕێی کرێکارانێکەوە لەوڵاتانێکدا کە دەستی کار تیایاندا هەرزانە ، ئەنجام دەدرێن و بەڕێوە دەبرێن ، ئاوەهاش باشترین وەزیفەکان لەداهاتودا ، بەنسیبی ئەو کەسانە دەبن کە لەپاڵ توانا زانستی و پیشەییەکانیاندا ، توانای داهێنان و فزول و بەهرەی کۆمەڵایەتیشیان تێدایە .
پرۆگرامی بنەڕەتیی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، لەڕێی بەشە پیشەییەکانیەوە (ئەندازیاری و تەکنەلۆجیای زایاری و کارگێڕیی کار) ، باکگراوندێکی بەهێز لەزمانی ئینگلیزی و زانستە مرۆییەکاندا پێشکەشی فێرخواز دەکات ، سەرەنجام کەسێک بەرهەم دێنێت لەو کەسانەی کە فەرید زەکەرییا دەڵێت : باشترین وەزیفەکان لەداهاتودا بەنسیبی ئەوان دەبن .
پرۆگرامی بنەڕەتی چییە ؟
پرۆگرامی بنەڕەتیی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی مەنهەجێکی بنەڕەتییە ، بەسەر سەرجەم فێرخوازانی زانکۆکەدا گشتێندراوەو چەسپێندراوە ، لەڕێی ئەم پرۆگرامەو ئەو وانانەوە کە لەچوارچێوەی ئەم پرۆگرامەدا دەگوترێنەوە ، فێرخوازان دەکرێنە خاوەنی باکگراوندێکی رۆشنبیریی فراوان ، زۆربەی ئەو وانانە عادەتەن لەوەرزە کورتەکانی بەرایی خوێندندا دەگوترێنەوە .
ئامانجی یەکەم لەچەسپاندن و گشتاندنی ئەم پرۆگرامە بنەڕەتییە بەسەر فێرخوازانی زانکۆکەدا ، سەرباری ئەو پرۆگرامە پسپۆڕییەی کە هەڵیدەبژێرن ، ئەوەیە کە : بکرێنە خاوەنی بنەماو باکگراوندێکی مەعریفیی فراوان ، بۆ ئەوەی بتوانن بەباشترین شێوە خوێندنەکەیان لەبوارە پسپۆڕیەکەیاندا تەواو بکەن و ببنە پیشەوەرانێکی بەرجەستەو سەرکەوتو لەژیانی پیشەیی و کۆمەڵایەتییاندا کە بێگومان ئەمە لەڕێی گشتاندنی پرۆگرامە بنەڕەتیەکەوە دێتەدی .
ئامانجی دوەم لەچەسپاندن و گشتاندنی ئەم پرۆگرامە بنەڕەتییە بەسەر فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانیدا ئەوەیە کە : پرۆسەیەکی فێرکاریی فراوان دەستەبەر بکرێت ، لەڕێی ئەو پرۆسە فێرکارییە فراوانەوە ، سنوری نێوان پسپۆڕییە زانستیەکان تەسک و بچوک بکرێتەوە ، بۆ ئەوەی فێرخوازان ببنە خاوەنی بڕوانامەیەک کە لەژیانی وەزیفی و پیشەیی و کۆمەڵایەتییاندا کەڵکیان بگرێت ، لەبەر ئەمەیە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، لەچوارچێوەی رێبازە پەروەردەیی و فێرکارییە لیبراڵیەکەی خۆیدا ، بڕیاری لەسەر گشتاندنی کۆمەڵێک وانەی بنەڕەتی داوە لەبوارگەلی : زانستە مرۆییەکان ، زانستە کۆمەڵایەتیەکان ، ماتماتیک و زانستی سروشتی ، بۆ ئەوەی فێرخوازان ببنە خاوەنی بەهرەیەکی وەها کە وا بکات پرۆسەی فێربون پرۆسەیەکی بەردەوام و سودمەندبێت بەدرێژایی ژیان .
مەنهەجی (پرۆگرامی بنەڕەتی)
سەرجەم فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، لەسەریانە چوار کۆرسی یەکلەدواییەک بخوێنن لەبواری : پەرەسەندنە سیاسی و رۆشنبیری و ژیاری و زانستی و هونەریەکانی سەردەمی کۆن و نوێ ، هەروەها لەسەریانە سێ کۆرس بخوێنن لەبواری : ماتماتیک کە ئەمانەن : (College Algebra, Statistics, and Pre-Calculus) ، لەگەڵ سێ کۆرس لەبواری زمانی ئینگلیزیدا کە ئەمانەن : (Argument, Writing, and Research) .
دوایین دو (٢) کۆرسی ئیلزامی کە دەبێت فێرخوازان بیانخوێنن ئەم دوانەن : کۆرسێک لەبواری بایۆلۆژیاو فیزیا ، کۆرسێکیش لەبواری زانستی کۆمپیوتەر .
وێڕای هەمو ئەو کۆرسە ئیلزامیانە کە ژمارەیان ١٢ دانەیە ، فێرخواز سەرپشک دەکرێت بۆ خوێندنی کۆرسێکی ئیختیاری لەیەکێک لەم بوارانەدا : زانستی کۆمەڵایەتی ، زانستی مرۆیی و ماتماتیک ، زانستی سروشتی .
زۆربەی ئەو کۆرسە ئیختیاریانەی لەم چەند ساڵەی رابردودا لەلایەن فێرخوازانەوە هەڵبژێردراون و خوێندراون ، لەم بوارانەدابون : سەرچاوە ئاویەکانی عێراق (زانستی سروشتی) ، ئارەزوی شیعر (زانستی مرۆیی) ، سیاسەت و فەرمانڕەوایی (زانستی کۆمەڵایەتی) .