
ئازیزانم کۆمەڵگەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی:
لەم رۆژە جوانەی پاییزدا، بەخێرهاتنتان دەکەین لەزانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی. مایەی خۆشحاڵییە سڵاو لەفێرخوازانمان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژی و فەرمانبەرانی گەڕاوە بکەین و بەخێرهاتنی ئەو هاوڕێ نوێیانە بکەین کە یەکەمجارە دەدەنە پاڵمان لەکەمپەسە زانکۆییە جوانەکەماندا. جێگری نوێی سەرۆک بۆ کاروباری ئەکادیمی، یەکەم سیمیستەری خۆی لەزانکۆ دەستپێدەکات. دکتۆر روبەرت جۆن پێرینز، وێڕای بڕوانامە کارگێڕی و وانەبێژی و توێژینەوەییە نایابەکانی، تێگەیشتنێکی زۆر قوڵی هەیە دەربارەی چۆنیەتیی هاندانی فێرخوازان لەلایەن زانکۆیەکی لیبراڵ ئارتی وەک زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی بەرەو پەیبردن بەو پرسیارو دەرفەتانەی کە یارمەتیدەریان دەبن لەبەرجەستەکردنی تەواوی تواناکانیان. ئێمە بەختەوەرین کە دکتۆر بۆب بونی هەیە بەتەنیشتمانەوەو بەردەوام لەهەوڵداین بۆ دەستەبەرکردنی ئاستێکی بەرزتر لەبەهرەمەندیی ئەکادیمی و متمانەی نێودەوڵەتیی زیاتر، لەچوارچێوەی پلانە پێنج ساڵییە نوێیەکەماندا.
بەشی ئەندازیاریمان، پێداویستیەکانی بڕوانامەیەکی ئاسانکراوی دەستەبەرکردوە کە لەگەڵ پێداویستییە ئەمریکیەکانی متمانە تێکهەڵدەکەنەوەو پرۆگرامە بنەڕەتیەکەمان بەشێوەیەکی باشتر یەکدەخەن، کە ئەمە کاتی پێویست بۆ تەواوکردنی پێداویستیەکانی بڕوانامە کورت دەکاتەوە. بەشەکە هەروەها بڕوانامەی نوێی لەئەندازیاریی زیرەکیی دەستکردو رۆبۆتسازی و ئەندازیاریی پیشەسازی دەستەبەرکردوە کە دەبێتە هۆی دامەزراندنی بناغەیەکی تۆکمە بۆ پێداویستیەکانی شوێنی کار لەداهاتودا.
زانکۆمان، پاش دەستەبەرکردنی پرۆگرامی بڕوانامە لەزانستی تاقیگە پزیشکیەکان کە زۆر سەرکەوتوانە ئەنجامی دا، بەنیازە لەداهاتودا پرۆگرامی بڕوانامەی زیاتر لەبواری تەندروستیدا دەستەبەربکات. هەروەها بڕیارە ساڵی ئاییندە بڕوانامەی دیکەی نوێ لەتەکنەلۆجیای زانیاری و بیزنس و زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا دەستەبەربکات.
یەکەم ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆمان کە مانگی ئایاری رابوردو بەڕێوەچو، زیاد لە ٦٠٠٠ بەشداربوی کەمەندکێشی کەمپەسی زانکۆ کرد، بۆ دیتنی فێرخوازان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژی و دەرچوان و فەرمانبەران. سەردانیکاران زۆر شت فێربون دەربارەی ئەوەی کە چ هۆکارێك وادەکات زانکۆکە زۆر نایاب بێت. لەئاهەنگی دەرچونەکەی مانگی حوزەیرانی رابوردوشماندا بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لەزیاد لە ٢٠٠٠ میوان کرد کە لەو میانەیەدا دەستەیەک وتاربێژی هەڵکەوتو پیرۆزباییان نەک هەر لەدەرچوانی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی کرد بەڵکو پیرۆزباییان لە سی و دوو دەرچوی زانکۆی ئەمریکیی ئەفغانستانیش کرد کە بروانامەیان لەسەر دەستی سەرۆکەکەیان بەدەستهێنا.
زۆر خۆشحاڵم کە وێڕای کاریگەریی ترسناکی پەتای کۆرۆنا لەسەر ئابوری، راپرسییەکی نوێ دەریخستوە کە دەرچوانی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی بەردەوام بەدوای هەلی نایابی کارکردن و خوێندنی باڵادا دەگەڕێن. دوای کۆتاییهێنان بە بەربەستکاریەکەی تایبەت بەپەتاکە، گەڕانەوەمان بۆ ژیانی زانکۆیی دەرخەری توانای بێوێنەی زانکۆکەمان دەبێت لەهاندانی فێرخوازان بۆ خوێندن لەناوەو دەرەوەی کڵاسی خوێندن.
زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی یەکەم ئەندامی عێراقییە لەکۆمەڵەی کۆلیج و زانکۆ ئەمریکییە نێودەوڵەتیەکان، یەکەم زانکۆی ئەهلییشە کە هەردو وەزارەتی خوێندنی باڵا لەهەولێرو بەغدا متمانەی پێ ببەخشن. ئێمە سەربڵندین بەو دەستکەوتانەی کە زانکۆکە تا ئەم دەمە بەدەستی هێناون "زانکۆیەکی سەربەخۆ، قازانجنەویست، کە لەخزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا کاردەکات"، من زۆر شانازی بەهەموتانەوە دەکەم.
بەدڵسۆزییەوە.