پەیامی دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی

هاوڕێ ئازیزەکان،
ئێمە هەموومان مافێکی بنەڕەتیمان هەیە بۆ ژیانێکی باش و شکۆمەنددار. حوکمڕانی باش و سەروەری یاسا و دیموکراسی گرنگن بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی پڕ لە دەرفەت و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان. لە جەرگەی ئەم دامەزراوە پەروەردەییە بەهێزکردنی گەنجان بە کارامەیی و سەرکردایەتی و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە پێویستە بۆ بوون بە هاووڵاتییەکی بەرپرس و سەرکردەیەکی داهێنەر.
دەیان ساڵ لە ململانێ و ئاڵنگاری هاندەرمبوو بۆ دامەزراندنی یەکەم زانکۆی هونەرە ئازادەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوەی کە زۆر کەس وەک خەونی شاعیرانە دەیبینی، لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا بووە بە چرایەکی هیوا. زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی ئێستا وەک ناوەندێکی دیاری ناوچەکە دادەنرێت بۆ نایابی ئەکادیمی و شوێنی بیرکردنەوەی ئازاد و دیالۆگی کراوە و داهێنانی بێ سنوور.
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی فێرخوازانی خاوەن بیروڕای جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و جوگرافیی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێ کۆدەکاتەوە. فێرخوازەکانمان سەرکردایەتی جیهانێکی ئابووری گەشەسەندوو دەکەن لە ڕێگەی کارامەیی بنچینەیی لە تەکنەلۆژیای زانیاری و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی ژینگە. زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی دەکەوێتە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان و سەربەخۆیە و دوورە لە کاریگەری سیاسی. زانکۆکەمان لەلایەن دەستەیەکی سەربەخۆوە بەڕێوە دەبرێت و بۆ چین و ئاستێکی دیاریکراو نییە. زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پێشوازی لە فێرخوازان دەکات لە هەموو ئاستێکی داراییەوە کە لەلایەن بەخشەرەکانمانەوە پاڵپشتی دەکرێن. وەک دامەزراوەیەکی قازانج نەویست، ئامانجی زانکۆکەمان تەرخانکراوە بۆ پەروەردە و خزمەتی گشتی.
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی شانازی دەکات بە پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەهێزکردنی سەرکردەکانی داهاتوو. زۆرینەی دەرچوانمان بە سەرکەوتوویی کاردەکەن لە کەرتی تایبەت و ئەکادیمیا و حکومەت و برێوەبەرایەتیەکاندا.
زۆر سوپاسگوزارم بۆ دەستەی ئەمینداری و بەخشەرەکان کە هاوکارییەکانیان یارمەتیدەر بووە بۆ هێنانەدی دیدگای زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی. ئەم گەشتە ناوازەیە پێشکەش بە گەنجانمان دەکەین بۆ داهاتوویەکی گەشاوە.
د. بەرهەم ساڵح