سه بارەت به سلێمانی
سلێمانی دەکەوێتە چیاکانی زاگرۆس و بە پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان ناسراوە. هەروەها وەک شارێکی ئەدەبی لەلایەن یونسکۆ دانپێدانراوە. شاری سلێمانی باخچەی گشتی، شانۆ، گالەری، کافتریا، مۆڵ و بازاڕی مۆدێرن و یەکێک لە گەورەترین پارکەکانی خۆشگوزەرانی وڵاتەکە لەخۆدەگرێت. سلێمانی فڕۆکەخانەی تایبەت بەخۆی هەیە و تەنها یەک کیلۆمەتر لە زانکۆوە دوورە.
لە ناوجەرگەی شارەکە بازاڕێکی گەورە هەیە کە ئەزموونێکی بێهاوتای بازاڕکردن پێشکەش دەکات. هەروەها شارەکە خاوەنی چەندین پارکە وەک هەواری شار، یەکێک لە گەورەترین پارکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شاری سلێمانی چەندین شوێنەواری گەشتیاری و سەیرانگا لەخۆدەگرێت، وەک دەریاچەی دوکان و دەریاچەی دەربەندیخان، ئەحمەد ئاوا، تەوێلە و چیای پیرە مەگرون کە هەموویان تەنها چەند کاتژمێرێک لە سلێمانییەوە دوورن.
ئایە ئەحمەد، خەڵکی شاری بەغدا و فێرخوازی بەشی کارگێری کاری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی دەڵێت، "من حەزم لە پایزە لە سلێمانی، زۆر جوانە کە گەڵا پرتەقاڵییەکان لەسەر زەوی دەبینم، بەتایبەتی لە باخی گشتی کە پەیکەری شاعیرانی کوردی لێیە."
فێرخوازانی زانکۆکەمان دەتوانن لە شوێنە گشتیەکان و مۆزەخانە و گالەری و پارکەکان و مۆڵەکانی بازاڕ و سینەماکانی شارەکە ژیانێکی کۆمەڵایەتی چالاک بژین.
محەمەد سابیر، خەڵکی شاری بەسرە و فێرخوازی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی دەڵێت، "بۆ من بازاڕ دڵی سلێمانییە. من حەز دەکەم ڕۆژانی شەممە لەوێ بەسەر ببەم، نەک تەنها بۆ بازاڕکردن، بەڵکو بۆ چێژ وەرگرتن و ئەزموون."
کارمەندان و فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری دەکەن لە چالاکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری وەک هۆنراوە خوێندنەوە لەدەرەوەی زانکۆ، لەقاوەخانە بەناوبانگەکانی شارەکە. ئەوانەی دەیانەوێت زیاتر بگەڕێن دەتوانن بە ئاسانی سەردانی هەولێری پایتەختی ناوچەکە بکەن کە هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سینەما و مۆڵی سەردەمیانەی لێیە. هەروەها یەکێک لە کۆنترین قەڵاکانی جیهان لە هەولێرە.
ڕۆنی خەلەف، خەڵکی شاری شەنگال و فێرخوازی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی دەڵێت، "من حەزم لە میوانداری خەڵکی شاری سلێمانی و شێوازی ژیانیانە کە زۆر ئارامبەخشە."
سلێمانی دەکەوێتە نێوەندی چیاکانەوە، کەش و هەوایەکی جوان و مامناوەندی هەیە. دەرفەتی شاخەوانی و سەیرانکردن لەگەڵ خۆشەویستان زۆرە چونکە نزیکە لە چەندین شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی تری ناوچەکە وەک دوکان و ئەحمەد ئاوا و زێوێ.

مێژووی سلێمانی
شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن میر ئیبراهیم لە هۆزی بابان دامەزرا کە بە ئیبراهیم پاشا بابان ناسراوە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات ئیبراهیم پاشا لە ناوچەکە بووە بۆ ڕاوکردن کاتێک گەیشتە دەشتی شارەزوور کە ئێستا شارەکەی لێیە، دەستبەجێ ئەو شوێنەی خۆشویست و بڕیاری دا شارێک لەوێ دروست بکات. شارەکەی بە ناوی سولەیمان پاشا بابانی باوکییەوە ناونا. جیاواز لە شارەکانی تری ناوچەکە کە لە گوندەکانەوە گەشەیان کردووە سلێمانی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە وەک شار دامەزرا.

شارەکە چەندین شاعیری بەناوبانگی کوردی تێدا ژیاوە وەک نالی و مەولەوی و پیرەمێرد و بێکەس و بەم دواییانەش شێرکۆ بێکەس. گرنگی ئەو میراتەش لە شەقامە سەرەکییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، کە بە ناوی ئەم نووسەرانەوە ناونراون. دیمەنی سروشتی و جوانی شارەکە ئیلهام بەخش بووە بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان و شاعیران بە درێژایی مێژوو. شارەکە دەورەدراوە بە زنجیرە چیایەکی جوان و دورودرێژ کە دیمەنێکی سروشتی بێهاوتا دەبەخشێت بە ناوچەکە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە چیاکان بە بەفر دادەپۆشرێن.