مێژوو
لە ساڵی 2006، د. بەرهەم ساڵح دەستی کرد بە دامەزراندنی یەکەم زانکۆی قازانج نەویست لەسەر شێوازی ئەمریکی لە سلێمانی، عێراق. دەستەیەکی ئەمینداری پێکهێنا لە ئەندامانی عێراقی و نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر لە ڕێگەی پەروەردەوە. دەستەی ئەمینداری زانکۆکە بە سەرۆکایەتی د. بەرهەم ساڵح دامەزرا کە پێکهاتبوو لە بەڕێز باسل ڕەحیم و د. عەزام عەلوش و د. فوئاد عەجەمی و د. جۆن ئەگریستۆ و د. کەنعان مەکیە و بەڕێز عەبدولڕەحمان ڕەشید و بەڕێز فاروق ڕەسوڵ و د. ڕەجا خیزانی و بەڕێز هێرش موحەرام و کاک کامەران ئەحمەد.
بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری ئەرکی زانکۆکە، دەستەیەکی ڕاوێژکاری پێکهێنرا لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان لە پێناو پەرەدان بە خوێندنی هونەرە ئازادەکان لە عێراق. ئەندامەکان بریتیبوون لە سەرۆک جەلال تاڵەبانی و سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ئەیاد عەللاوی و سەرۆک وەزیرانی پێشوو، نێچیرڤان بارزانی و د. هاشم حەسەنی و د. عادل عەبدولمەهدی و باڵیۆز زاڵمای خەلیلزاد. هەموو ئەندامەکان لە 1-2 ی ئابی 2006 لە ڕۆما کۆبوونەوە پاش کۆبوونەوە ئامادەکارییەکان لە 10 ی حوزەیرانی 2006.
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و سەر بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک نییە. ئەرکەکەی پێشکەشکردنی پەروەردەیەکی گشتگیر بوو لە هونەرە ئازادەکان لەسەر بنەمای ئەمریکی بۆ خزمەتکردنی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی لە ساڵی 2007 دا پابەندبوو بە دابینکردنی شێوازێکی نوێی خوێندن دوور لە لەبەرکردن و دووبارەکردنەوەی شێوازە باوەکەی خوێندنی زانکۆکانی دیکەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چل و پێنج فێرخواز لە سەرانسەری عێراقەوە بۆ یەکەم ساڵی خوێندن وەرگیران و زانکۆکە لە هەمان کاتدا پرۆگرامی MBA بۆ پێشکەشکردنی خوێندنی کارگێڕی کار و سەرکردایەتی لە ئاستی خوێندنی باڵادا دەستپێکرد.
لەو کاتەوە زانکۆکە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. ئەمڕۆ زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی 23 پرۆگرامی جیاوازی بڕوانامەی بەکالۆریۆس پێشکەش دەکات بە زمانی ئینگلیزی. پرۆگرامەکان لە لایەن دەستەی وانەبێژانی نێودەوڵەتیەوە دەخوێنرێن و جەخت دەکەنە سەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و فێربوونی سەردەمیانە. ئامانجمانە کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر داهاتووی فێرخوازان و ناوچەکە دروست بکەین.
ئێستا زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی زیاتر لە 1400 فێرخوازی تێدایە کە نوێنەرایەتی بیروڕای ئایینی و نەتەوەییە هەمەجۆرەکانی ناوچەکە دەکەن. زانکۆکە فێرخوازان لە سەرانسەری کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات کۆدەکاتەوە و کۆمەڵگەیەکی پێکهێناوە لە کورد و عەرەبی عێراقی و موسڵمانی سوننە و شیعە و مەسیحی و ئێزدی و زۆری تر.
بەشێکی سەرەکی ئەرکی زانکۆکە دروستکردنی گەنجانی خاوەن کەسایەتیی بەهێزە کە زانیاری بنچینەیی و شارەزایی پێویستیان هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردن لەسەر هەردوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی. زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی فێرخوازان ئامادە دەکات بۆ پیشەی سەرکەوتوو لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ژینگەیەکی جیهانیدا. پرۆگرامەکانی پەروەردەیی جەخت دەکەنە سەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پەیوەندی کاریگەر و ڕەوشتی کاری بەهێز و هاووڵاتیبوونی باش و ڕاستگۆیی کەسێتی. زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی لەڕێگەی نایابی وانە وتنەوە و سکولارشیپ و خوێندنی ئاستبەرز و خزمەتگوزاری تایبەت بە فێرخوازان، پاڵپشتی لە پەروەردەیەکی بەرفراوان دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتی هونەرە ئازادەکانی ئەمەریکاوە وەرگیراوە، هاوکات پەرە دەدات بە توانای پراکتیکی.