پەیام و بەهاکان

زانکۆکەمان هەوڵدەدات بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵێک لە دەرچووان بە زانیاری و شارەزایی پێویست بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن لە داهاتوودا.

 

ناوەڕۆکی پەیامەکە

ئامانجی زانکۆکەمان ئەوەیە دەرچووانمان خاوەن کەسایەتی بەهێزبن و شارەزایی پێویستیان هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردن لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ژینگەیەکی جیهانی. پرۆگرامەکانی پەروەردەیی جەخت دەکەنە سەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پەیوەندی کاریگەر و ڕەوشتی کاری بەهێز و هاووڵاتیبوونی باش و ڕاستگۆیی کەسێتی. زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی پاڵپشتی لە پەروەردەیەکی بەرفراوان دەکات لەڕێگەی نایابی وانە وتنەوە و سکولارشیپ و خوێندنی ئاستبەرز و خزمەتگوزاری تایبەت بە فێرخوازان کە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتی هونەرە ئازادەکانی ئەمەریکاوە وەرگیراوە.

بەها سەرەکییەکان

بەها سەرەکییەکانی زانکۆ بریتین لە ئازادی و بەرپرسیارێتی و دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و لێپرسینەوە و دەرفەتی یەکسان و مافی تاک و لێبوردەیی و هەڵسوکەوتی شەرەفمەندانەی کەسی و پیشەیی. ئەم بەهایانە بە یەکسانی بەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی زانکۆدا جێبەجێ دەکرێن لەوانە فێرخوازان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژی و کارمەندان و کارگێڕان و ئەندامانی دەستەی ئەمینداری و ڕاوێژکاری. زانکۆکە دامەزراوەیەکی ناحکومی بێلایەنی سەربەخۆی قازانج نەویستە و بە بەرزترین ستانداردی جیهانی بەڕێوە دەچێت. پابەندە بە یاسا لە هەموو مامەڵەکانی لەگەڵ بەرپرسانی گشتی و تایبەت. ئازادی ئەکادیمی بنەمای فێربوون و توێژینەوەیە هاوشێوەی ئەو بنەمایانەی لە کۆلێژ و زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیڕەو دەکرێن. زانکۆ جیاوازی ناکات لەسەر بنەمای ڕەگەز، تەمەن، ئایین، پیشە، سیاسەت، پێگەی ئابووری یان هەر هۆکارێکی تری لە وەرگرتنی فێرخوازان یان بەڕێوەبردنی زانکۆ و پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی.