لێکدانەوەیەکی ئابووری-سیاسی بۆ کێشەی ڕێگاوبانی دەرەکی لە هەرێمی کوردستان

Font size:
Print

English

پێشەکی

ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت رێگا دەرەكییەكانی نێوان هەولێر- سلێمانی بەکاردەهێننن، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو ڕێگایانە لە یەک ساید پێک دێت و کەمترین مەرجی سەلامەتی وەک هێڵكاری و هێماکانی هاتووچۆ و سیستمی ڕوناکردنەوەی لەخۆ گرتووە. ڕێگاكانی هەولێر-سلێمانی مەترسیەکی جدی لەسەر ژیانی شۆفێر و گەشتیاران دروستکردووە و لە هەمان کاتدا زیانی راستەوخۆ دەگەێنێت بە کەرتی ئابوری هەرێم لەوەدا کە لەمپەرێکە لەبەردەم  خێراکردن و چڕکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زیاتر پێکەوە گرێدانی دوو ناوەندی سەرەکی ئابوری هەرێمەکە. بۆچی تا ئێستا حکومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە گرنگی زیاتر بدات بە ڕێگاكانی هەولێر- سلێمانی؟ لە کاتێکدا پرۆژەی باشتکردن و فراوانکردنی ڕێگاوبانی دەرەکی هاوشێوە لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون. ئەم ڕاپۆرتە سەرچاوەی کێشەکە دەگێڕێتەوە بۆ شێوەی دابەشکردنی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆکاری ناڕێکی لە گرینگیدان بە پڕۆژە گرنگەکانی ژێرخانی ئابوری وەک ڕێگاوبانە دەرەکییەکان.

بەدەر لە ڕێگاكانی هەولێر- سلێمانی، تۆڕەکانی تری ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون لە گرنیگیپێدانی حکومی. لە میانی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی ڕێگای خەلیفان - سپیلک لە پارێزگای هەولێر لە ئەیلولی ٢٠٢٢ دا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆژەکە دەبێتە هۆی پتەوکردنی پێکەوەگرێدراویی و گەشەی ئابووری لەناوچەکە. بارزانی وتی “ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گرنگیەکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگاوبان وەک ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان داوە و لە هەمووناوچەکانی کوردستاندا ئەم جۆرە پڕۆژانەمان جێبەجێ کردووە و بەرنامەشمان هەیە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی زیاتریش”[١] لە کاتێکدا ڕاستە کە پڕۆژەی ڕێگاوبانی دەرەکی جێبەجێ کراون، بەڵام ئەم پڕۆژانە دەکەونە نێو زۆنی دەسەڵاتی دوو حیزبە سەرەکیەکەی کوردستان: یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. بۆ نمونە ، ڕێگای نێوان هەولێر – دهۆک ، کە وەک یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی حکومەتی هەرێم ستایشی کرا کە سەلامەتیی زیاتر بۆ گەشتیاران دابین دەکات وئاسانکاریی دەکات بۆ جووڵەی بازرگانیی وگەشتیاریی زیاتر،[٢] بە تەواوی لە  دەسەڵاتی پارتی دایە. بە هەمان شێوە، ڕێگای سلێمانی-گەرمیان کە لە ئێستادا کاری تێدا دەکرێت، دەکەوێتە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی-یەوە. بەڵام ئەو ڕێگایانەی هەردوو زۆن پێکەوە دەبەستێتەوە بە خراپی ماونەتەوە بە رادەیەکی بەرچاو پشتگوێ خراون

 ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گرنگیەکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگاوبان وەک ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان داوە و لە هەمووناوچەکانی کوردستاندا ئەم جۆرە پڕۆژانەمان جێبەجێ کردووە و بەرنامەشمان هەیە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی زیاتریش

 - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

خراپی رێگاوبانە دەرەکیەکان وناڕەزایەتی هاووڵاتیان

خراپی ڕەوشی ڕێگاكانی نێوان هەولێر وسلێمانی زیانی گەیاندووە بە هاووڵاتی و بازرگان و کاسبکاران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا. بەڵام ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە خراپی ڕێگاکە لە دەرەوەی سەنتەری دوو پارێزگا سەرەکیەکە چڕبوونەتەوە. بۆ نمونە ، خۆپێشاندەران لە نێوهاووڵاتیانی قەزای کۆیه چەندین جار رێگای سەرەکی نێوانە قەزاکە و هەولێریان داخستوە وەک دەربڕینی نارەزایی بەرانبەر بە خراپی رەوشی ڕێگاکە. یەکێک لەوانەی بەشداری لە دەربرینی نارەزایی کردووە لە میانی چاوپێکەوتنێکدا وتی؛ هاوشانی خەڵکی کۆیە چەندین جار ڕێگاکەمان داخستووە چونکە خەڵکێکی زۆری شارەکەمان بەهۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێلەوە لەسەر ئەم ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە. ژمارەیەکی زۆر لە بارهەڵگر وتانکەر ڕۆژانە بەم ڕێگا تەسک وکۆنەدا دەڕۆن ومەترسیی ڕووداو ومردن زیاد دەکەن. دەمانەوێت ئەو بارهەڵگرانە ڕێگایەکی جێگرەوە بەکاربهێنن[٣].

کۆیە لە ڕووی کارگێڕییەوە بەشێکە لە پارێزگای هەولێر کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدایە، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە قەزاکە کەوتۆتە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی. ئەم هەڵکەوتە سیاسیی وکارگێڕییە بووەتە هۆی کەمیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کۆیە وهەستی پەراوێزخستن لای زۆرێک لە دانیشتووانی شارەکە. مەترسییەکانی بەکارهێنانی ڕێگای هەولێر- کۆیە هەستکردن بە فەرامۆشی حکومی بەهێزتر کردووە لە نێو هاووڵاتیانی کۆیە و زیاتر هانیان دەدات بۆ جەختکردن لە داواکارییەکان بۆ خزمەتگوزاریی باشتر. چالاکەوانێکی کۆیە دەپرسێت: “بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگای نێوان هەولێر وکۆیە تەواو ناکات؟ ئایا ئێمە بەشێک نیین لەم هەرێمە؟ ئایا ئێمە قوربارنییمان نەداوە بۆ کوردستان ودۆزی کورد لە عێراق؟[٤]

پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز هەولێر وکۆیە پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کۆیە سەردانی هەولێر دەکەن بۆ مەبەستی جیاوازی بازرگانی وتەندروستی وپەروەردەیی. بۆ دانیشتووانی کۆیە، ڕەوشی خراپی ڕێگای کۆیە-هەولێر نەک تەنها مەترسيیە لەسەر سەلامەتیان، بەڵکو بەربەستیشە لەبەردەم دەرفەتە ئابوورییەکانیاندا. دانیشتوویەکی کۆیە کە بڕوانامەی بکالۆریۆسی لە ئەندازیارییدا هەیە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی “لە هەولێر هەلی کاری زۆر هەبووە بۆم، بەڵام ناچار بووم ڕەتیان بکەمەوە بەهۆی ئەو مەترسییانەوە کە پەیوەستن بە هاتوچۆوە بۆهاولێر.  پێم باشتربوو دەستبەرداری کارێك بم کە موچەیەکی باشی هەبێت وەک لەوەی ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە [٥].

کاریگەریە نەرێنيیەکانی نەبوونی ڕێگای سەلامەت وخێرا لە نێوان هەولێر وسلێمانی تەنها پەیوەست نیيە بە قەزای کۆیەوە، بەڵکو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا هەستی پێدەکرێت. بازرگان وشۆفێرانی بارهەڵگر بەشێکی تری هاووڵاتیان کە نیگەرانن لە بەردەوامی خراپی ڕێگەی نێوان هەولێر وسلێمانی. خراپی ڕێگەوبانەکە وبەردەوامی خۆپێشاندانەکان کە دەبنە هۆکاری داخستنی کاتی ڕێگاکە زەرەری گەیاندووە بە بازرگان وشۆفێرانی بارهەڵگر لەوەدا کە شۆفێران دوا دەکەون لە گەیاندنی شمەک وکاڵاکان. شۆفێرانی بارهەڵگر وخەڵکانی خاوەن کار پێکەوە ئاماژەیان بەوەدا کە دواکەوتنی بەردەوام بازرگانیی خاو دەکاتەوە وتێچووی گواستنەوە زیاد دەکات، چونکە گواستنەوەی کاڵاکان ئێستا کاتێکی زیاتری دەوێت وپێویستیی بە سووتەمەنیی زیاترە [٦]. لەڕاستییدا شۆفێرانی بارهەڵگر ناڕەزایەتیی تایبەت بە خۆیان ڕێکخستووە و ڕێگاوبانەکانیان داخستووە بۆ ئەوەی توڕەیی خۆیان لەبارەی ڕێگاوبانە خراپەكان دەرببڕن[٧].

ڕێگای خێرای نێوان هەولێر و کۆیە
 

شکستی پڕۆژەی ڕێگای هەولێر- سلێمانی

لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان و خێراکردن و ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ حکومەتی هەرێم دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕێگایەکی فراوانتر و نوێ لە نێوان هەولێر وکۆیەدا وەک بەشێکی گرنگی ڕێگای نێوان هەولێر و سلێمانی.  پڕۆژەکە بەشێک بوو لە ماستەر پلانی ٢٠١٠ ی حکومەتی هەرێم بۆ گۆڕینی هەموو ڕێگا دەرەکیەکان لە یەک سایدەوە بۆ دوو ساید[٨]. کۆی تێچووی پڕۆژەی ڕێگای نوێی هەولێر-کۆیە کە ٦١.٧ کیلۆمەترە بە ٤٢٧.٨٩٧ ملیار دینار خەمڵێندراوە. پاش دەستەبەرکردنی پارە لە بودجەی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن پڕۆژەکەی دابەشکرد بەسەر پێنج بەشدا وگرێبەستەکانی دروستکردنی سپارد بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان وبەڵێندەرە نێودەوڵەتییەکان، کە کۆمپانیای ڕۆمانی وتورکی وئێرانی لە خۆ دەگرن.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ دا کارکردن لە پرۆژەکەدا وەستا لە دوای تەواوکردنی بەشێکی کەمی ڕێگاکە. لەو کاتەوە پڕۆژەکە بە یەکجاریی وازی لێ هێنراوە. (بڕوانە خشتەی ١ بۆ وردەکارییەکانی کۆمپانیا ڕاسپێردراوەکان وبەشە تەواوکراوەکان وئەو بڕە پارانەی کە بۆ پڕۆژەکە خەرجکراون) .حکومەتی هەرێم زیاتر لە ٩٢ ملیار دیناری بۆ پڕۆژەکە خەرج کردبوو تا ئەو ساتەی کارکردن تێیدا وەستا. بە پێی لێپرسراوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن، پرۆژەکە پێویستی بە ٣٦٠ ملیار دیناری دیکەیە بۆ تەواوکردنی کارەکە [٩]. کەچی تا ئێستا هیچ پلانێکی جدی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پرۆژەکەدا.

 

بەشەکانی پڕۆژەکە

بەڵێندەر

درێژیی بەشەکە (کم)

تێچووی بەشەکە بە ملیار

(دیناری عێراقیی)

دارایی خەرجکراو لەسەر بەشەکە بە ملیار

(دیناری عێراقیی)

بڕی تەواوکراو لە بەشەکە

بەشی یەکەم

(ڕێگای خێرا)

دەلتای ڕۆمانیی

(دواتر درا بە بەڵێندەرێکی تورك)

٢٠.٦

٩٤.٦٢٢.٧٩٥

 

٤٨.٠٢٣.٢٩٩

٥١%

بەشی دووەم

(ڕێگای خێرا)

سینک

(کۆمپانیایەکی ناوخۆ)

ویوساش (کۆمپانیایەکی تورکیی)

١٦.٢٦

٦٩.٧٤٩.٣٢٨

١٩.٦٠٥.٦٨٨

٢٨%

بەشی سێیەم

(ڕێگای خێرا)

ئاباد ڕاهان پارسی ئێرانیی

١١.٥٨٦

٤٤.٧٦٢.٢٧٥

٧.٥٩.٨١١

١٦%

بەشی چوارەم

(ڕێگای خێرا)

ئاباد ڕاهان پارسی ئێرانیی

١٣.٢٥

٥٨.٨٧٥.٩٣٥

٧.٥٧٠.٠١٥

١٣%

بەشی پێنجەم

(تونێلی هەیبەت سوڵتان)

ستراتۆسی ئێرانیی

٤.٦

ڕێگا وتونێل

١٥٩.٨٨٦.٨٤٤.٣١٩

١٠.٠٧٢.٨٧١.١٧٠

٦.٣%

کۆی گشتی

٦١.٦٩٦

٤٢٧.٨٩٧.١٧٧.٣١٩

٩٢.٣٣١.٦١٤.١٧٠

 

خشتەی ١: بەرەوپێشچوون لە ڕێگای خێرای هەولێر-کۆیە [١٠]

 

لێپرسراوانی حکومەتی هەرێم گرنگی نەدان بە پرۆژەکە دەبەستنەوە بە قەیرانی داراییەوە کە لە کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر وحکومەتی فیدڕاڵی وهەروەها راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ وە سەرچاوەی گرتووە. (دانا عەبدولکەریم حەمە ساڵح) وەزیری ئێستای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدا کە؛

"ئێمە ڕێگای خێرای هەولێر- کۆیە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وپێکهاتەیەکی پڕبایەخی تۆڕی ڕێگاوبانە دەرەکیەکانی هەرێم  دەڕوانین کە هەولێروسلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە پڕۆژەکە یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی وەزارەتەکەمان وچەندین جار داوامان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کردووە کە پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی تەرخان بکات. بەڵام ئەنجومەن نەیتوانیوە وەڵامی ئەرێنیی هەبێت وهۆکارەکەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ کەمیی بودجە وبەردەوامی قەیرانی دارایی. [١١]

بەڵام “قەیرانی دارایی" پاساوێکی لاوازە بۆ تەواونەکردنی پڕۆژەکە بەتایبەتی بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستیەی کە لە ماوەی دە ساڵی رابوردوودا حکومەتی هەرێم پڕۆژەی هاوشێوەی لە ناوچەکانی تری کوردستان جێبەجێ کردووە . بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان ٦٢٤ پڕۆژەی ڕێگاوبانی لە سەرانسەری هەرێمدا جێبەجێکردووە، کە نزیکەی 3 ترلیۆن دیناریان تێچووە[١٢]. چالاکەوانێکی خەڵکی کۆیە دەڵێت، ئێمە دەزانین حکومەت دارایی بۆ دروستکردنی ڕێگاوبان و ڕێگای خێرا لە بەشەکانی تری هەرێم تەرخان دەکات. دەبێت حکومەت ئەم جیاکارییە ڕابگرێت وپارەی پێویست تەرخان بکات بۆ تەواوکردنی ڕێگای هەولێر- کۆیە” [١٣]. (بڕوانە خشتەی ٢ بۆ دابەشبوونی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان- هەم ئەوانەی تەواوبوون، هەمیش ئەوانەی لە قۆناغی دروستکردندان - لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە سایەی کابینەی ئێستادا).

 

پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان

ژمارەی پڕۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان

تێچوون بە ملیار

(دیناری عێراقیی)

ژمارەی پڕۆژە بەردەوامەکانی ڕێگاوبان

تێچوون بە ملیار

(دیناری عێراقیی)

پارێزگای هەولێر

١٦٠

٤٧٣

٤٩

٦١٥

پارێزگای دهۆک

٤٧

٣٨٦

٢٩

٢٠٥

پارێزگاری سلێمانی

١٣٧

٢٠٢

٥٥

٤٢٠

پارێزگای هەڵەبجە

١٣

١.٧٦١

١٢

١٣٠

ئیدارەی سۆران

١٩

٢

١٣

١٠

ئیدارەی ڕاپەڕین

١٦

٣٠

٢٢

٣٠

ئیدارەی زاخۆ

٤

٦٦

--

--

ئیدارەی گەرمیان

٢٦

١٣

١٨

٢٠٧

خشتەی ٢: پڕۆژە تەواوکراو وبەردەوامەکانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستانی عێراق (٢٠١٩ تا ٢٠٢٤)[١٤]

 

بڕیاری تەرخانکردن وخەرجکردنی ئەو ٣٦٠ ملیار دینارەی کە ماوە بۆ تەواوکردنی ڕێگای هەولێر- کۆیە، لە ئەستۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندایە کە یەکێتی و پارتی تێیدا باڵادەستن، بە تایبەتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کە دوو کەسایەتی سەرەکیین لەم پرۆسەی بڕیاردانەدا.  بەڵام بۆچی تا ئێستا بەرپرسانی باڵا ئەم بڕیارەیان نەداوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، لێکدانەوە  بۆ دوو هۆکاری دەکەین کە دەکرێت ڕۆڵیان هەبێت لە پەکخستنی بەردەوامی پرۆژەی ڕێگای هەولێر-کۆیە وەک بەشێکی سەرەکی لە تۆڕی ڕێگاوبانی دەرەکی نێوان دوو لە گەورەترین پارێزگاکانی هەرێم. هۆکارەکانیش بریتین لە هەر یەک لە (١) هۆکاری ستراتیژی کە جەخت لە لێکدانەوە سەربازيی و سیاسیەکانی  یەکێتی و پارتی دەکاتەوە و  (٢) ناڕێكی لە ڕێکخستن و دابەشکردنی داهات لە ئاستی باڵادا لە هارێمی کوردستان .

ئێمە ڕێگای خێرای هەولێر- کۆیە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وپێکهاتەیەکی پڕبایەخی تۆڕی ڕێگاوبانە دەرەکیەکانی هەرێم  دەڕوانین کە هەولێروسلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە پڕۆژەکە یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی وەزارەتەکەمان وچەندین جار داوامان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کردووە کە پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی تەرخان بکات. بەڵام ئەنجومەن نەیتوانیوە وەڵامی ئەرێنیی هەبێت وهۆکارەکەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ کەمیی بودجە وبەردەوامی قەیرانی دارایی

- دانا عەبدولکەریم حەمە ساڵح ,وەزیری ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

حساباتە ستراتیژییەکان

باوەڕی باو لە کوردستان نەبوونی ڕێگایەکی نوێ وسەلامەت لە نێوان هەولێر و کۆیە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەستیاری ستراتیژی ئەو ناوچەیەی ڕێگاکەی پێدا تێپەڕدەبێت. لە ڕووانگەی مێژوویەوە، دەکرێت ئەمە لێکدانەوەکی دروست بێت. دوابەدوای کۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی وپارتیدا لە کۆتایی نەوەدەکاندا، ناوچەکانی نێوان کۆیە و هەولێر بوونە ناوچەی جیاکەرەوەی زۆنی دەسەڵاتی سەربازی وسیاسی هەردوو حیزب. لە هەمان کاتدا،زیادبوونی ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بە تایبەتی لە دوای ریفراندۆمی ٢٠١٧ هۆکار بوون بۆ قوڵبوونەوەی بێ متمانەیی لە نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار[١٥]. دەکرێت گرژی سیاسی وبێمتمانەیی بووبن بە سەرچاوەی بیروباوەڕێک لای سەرکردایەتی یەکێتی وپارتی کە هێشتنەوەی بەربەستی وەک ڕێگای بەرتەسک و کۆن ئامرازی خۆپارێزی بن لە هەڕەشەی یەکتر. لەم ڕووانگەیەوە، سەرکردایەتی یەکێتی وپارتی کەڵکە ئابووریەکانی تەواوکردنی ڕێگایەکی مۆدێرن و سەلامەتیان وەلا ناوە لە پێناو بەرژەوەندی ئەمنی و ستراتیژی خۆیان.

بە لەبەرچاو گرتنی مێژووی ئاڵۆزی سەربازیی ناوچەکە و بەردەوامی لە بوونی بەربەستە ئەمنیەکان تێیدا(بوونی بازگەی حزبی لەسەر هێڵی جیاکارەوەی زۆنی دەسەڵاتی هەردوو حیزب)، ناکرێت ڕەهەندی ستراتیژیی-سەربازیی کێشەکە پشتگوێ بخرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، هۆکاری ستراتیژی تاکە بەربەست نیيە لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژە ڕێگای هەولێر-کۆیە. قایمقامی کۆیە کە خۆی ئەندامێکی یەکێتیە ئاماژەی بەوەدا کە: یەکێتی وپارتی سەرقاڵی شەڕی ناوخۆ نین، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە کێبڕکێ دەکەن بە شێوەیەک کە هەر لایەنێک داهاتەکانی بن دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پەرەپێدانی زۆنی دەسەڵاتی خۆی” [١٦]. لەڕاستیدا، هۆکاری سەرەکی  تەواونەکردنی ڕێگاکە زیاتر پەیوەندیی بە میکانیزمی دابەشکردنی داهاتەوە هەیە لە هەرێم، کە ڕێگا خۆش دەکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژێرخانی ئابووری وەک ڕێگاوبانی دەرەکی بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی یەکێتی و پارتی دەکات.

 

میکانیزمی چەوتی دابەشکردنی داهات

ئەو دامەزراوە حکومییەی لە ڕووی تەکنیکییەوە بەرپرسیارە لە دروستکردنی ڕێگای خێرای هەولێر- کۆیە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمە. کێشەکە لەوەدایە کە لە کاتێکدا وەزارەتەکە توانای تەکنیکیی هەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە ئاڵۆزەکانی ڕێگاوبان، دەسەڵاتی بەسەر بودجەی حکومەتدا نیيە. بە زمانێکی سادە، دارایی حکومەت لە بن دەستی یەکێتی و پارتیدایە. بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسی نێوان یەکێتی وپارتی[١٧] داهاتی هەرێم بەم شێوەیە دابەشکراوە: ٥٧% بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر ودهۆک و ٤٣% بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە سلێمانی[١٨]. ئەم جۆرە لە ڕێکخستن ودابەشکردنی داهات پاڵنەر بووە بۆ تەرخانکردنی بوودجەی بونیاتنان وئاوەدانکردنەوە بەو شێوەیەی کە ئامانجە سیاسیەکانی دوو حزبی دەسەڵاتدار بەدی دەهێنێت نەک بەرنامەی پەرەسەندنی گشتگیر کە بە ئامانج بێت بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لە سەرتاسەری هەرێمەکە. بۆ نموونە،  ئاڵۆزی پێگەی کۆیە لە ڕووی کارگێڕیی وسیاسیەوە شارەکەی خستۆتە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیيە سەرەکییەکانی یەکێتی و پارتی.

درووستکردنی ڕێگای خێرای نێوان سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لەناو زۆنی یەکێتی (وێنە: پەیجی فەیسبووکی حکومەتی هەرێمی کوردستان)
 

ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی ڕوونیکردەوە “پارتی داهاتەکانی بۆ دروستکردنی ڕێگاوبان وڕێگای خێرا لە هەولێر ودهۆک بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا یەکێتی سەرنجی لەسەر پڕۆژەی هاوشێوەیە لە سلێمانی[١٩]”. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن توانای دارایی نییە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە گەورەکان کە بە گرنگ دادەنرێن بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییە گشتییەکانی هەرێم، وەک ڕێگای خێرای هەولێر- کۆیە. ڕاوێژکارەکە ئاماژەشی بەوەشدا کە “ئەو بودجەیەی لەلایەن یەکێتی و  پارتیيەوە  بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن تەرخانکراوە، کە وەزارەت دەتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەستی پێی بگات، ئەوەندە کەمە کە تەنها دەکرێت پڕۆژەی بچووکی بنیاتنان وچاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان پێ جێبەجێ بکرێت [٢٠]”.  نەبوونی شەفافیەتی دارایی لە هەرێمی کوردستان هۆکارە بۆ ئاڵۆزکردنی پارەدارکردنی ئەو پڕۆژانەی بە دەستکەوت نازانرێت لە ڕووی سیاسییەوە لەلایەن هەر دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە دانا حەمە ساڵح لە لەم بارەیەوە ووتی: "وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم تەنها ئاگاداری هەندێک سەرچاوەی فەرمیی داراییە. دوو ئیدارەیی لە ڕووی داراییەوە بەردەوامی هەیە، دارایی هەرێمەکە لە لای دوو دەسەڵاتە کە سەربە یەکێتی و پارتین. ئێمە یاسای بودجەمان نییە و بابەتە  داراییەکانیش ناڕوونن. لە ئەنجامدا پارە بۆ هەندێک پڕۆژەی بنیاتنان تەرخان دەکرێت لە کاتێکدا هەندێکی تر وەک ڕێگای خێرای هەولێر- کۆیە پشتگوێ دەخرێن" [٢١].

پرۆژەی ڕێگای خێرای هەولێر- کۆیە قوربانی میکانیزمی خراپی دابەشکردنی داهات لە لایەک و زیاتر ئاڵۆزبوون وتوندبوونی ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتیە لە لایەکی ترەوە[٢٢]. جگە لە یەکتر تاوانبارکردن، بەرپرسانی یەکێتی وپارتی هیچ وەڵامێکی روونیان نییە بۆ بەردەوامی شکستهێنانی پرۆژەی ڕێگای هەولێر-کۆیە. هەر دوو حزب ئەوەیان پشتگوێ خستووە کە هەندێک پڕۆژەی چارەنووسسازی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمەکەدا پێوستیان بە هاریکاری حکومی ودارایی ئەوانە.

هاوکات ئەو هاووڵاتییانەی ڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شکستی بەردەوام لە تەواوکردنی ڕێگاکە بەگومانن لە بانگەشە و پاساوەکانی هەردوو حیزب  و بەرپرسە حکومیەکانیان. لەم بارەیەوە، چالاکەوانێکی خەڵکی کۆیە ووتی “بۆچی هەردوو حزب هاریکاری دەکەن لە فرۆشتنی نەوتدا لە ڕێی تانکەرەوە بەڵام ناتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی داهاتی ئەو نەوتە بەکاربهێنن بۆ تەواوکردنی ڕێگای نێوان هەولێر و کۆیە؟[٢٣]”. لە دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی بۆری کوردستان - تورکیاوە ، حکومەتی هەرێم رووی لە هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر کردووە بۆ تورکیا وئێران. بەپێی ڕاپۆرتی میدیایی بەشێکی بەرچاوی ئەم نەوتە لە ڕێی ئێرانەوە هەناردە دەکرێت وتانکەرەکان نەوتی هەناردەکراو بە ڕێگا کۆن وبەرتەسکەکانی نێوان هەولێر وسلێمانیدا دەگوازنەوە[٢٤]. دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانیوە زانیاریی ڕوون بدەن سەبارەت بەوەی کە داهاتی ئەو نەوتە چی لێدێت، ئەمەش وایکردووە چالاکەوانان وهێز و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، یەکێتی و پارتی بە خراپ بەکارهێنانی ئەو داهاتە تۆمەتبار بکەن[٢٥]

بۆچی هەردوو حزب هاریکاری دەکەن لە فرۆشتنی نەوتدا لە ڕێی تانکەرەوە بەڵام ناتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی داهاتی ئەو نەوتە بەکاربهێنن بۆ تەواوکردنی ڕێگای نێوان هەولێر و کۆیە؟ 

- چالاکوان      

 

دەرئەنجام

پەرەسەندنی تۆڕی ڕێگاوبانی دەرەکی لە هەرێمی کوردستان وەک ڕەنگدانەوەی بەرژەوەنديیە سیاسیەکانی یەکێتی و پارتی بە شێوەیەک کە ڕێگاوبان لەو ناوچانەی کە دەکەونە دەرەوی بازنەی بەرژەوەندیەکانی هەردوو حیزب بە پشتگوێخراوی ماونەتەوە نەک تەنها زیان بە ئابووری هەرێمەکە دەگەێنێت، بەڵکو ئاڵنگاری راستەقینەیە لەسەر سەلامەتی هاووڵاتیەکانی. ڕێگای هەولێر-سلێمانی، بە تایبەتی ئەو بەشەی کە دەکەوێتە نێوان هەولێر و کۆیە و بە تەواوی پشتگوێ خراوە، پرۆژەیەکی ژێرخانی ئابووری چارەنوسسازە. هەربۆیە پێویستە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پێکەوە هاریکاری تەواو بکەن لە ڕێگەی حکومەتی هەرێم ودەزگا پەیوەندیدارەکانیەوە لە پێناو دەستپێکردنەوە وتەواوکردنی پرۆژەکە. ئەمەش پێویستی بە دووبارە پێداچوونەوەیە بە میکانیزمی دابەشکردنی داهات بۆ ئێستا وداهاتوو بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە پارەدارکردن و جێ بەجێکردنی پرۆژەی ژێرخانی ئابووری بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە سەرتاسەری هەرێم. بە پێچەوانەوە، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی سیاسی بەرتەسک لە بریاری دارایی و ئابووری گرنگدا دەبێتە هۆکاری دابەشبوونی زیاتری هەرێم بەسەر زۆنی حیزبی و قوڵکردنەوەی بێ متمانەیی خەڵک بە حکومەت.