ڕۆژی یەکشەمە، رێکەوتی ٢٤ ئازاری ٢٠١٩، بە دەستپێشخەری سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان و بە ھاوکاریی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، ۆرکشۆپێکی یەک رۆژە بۆ سەنتەرەکانی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان، رێکخرا. سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان بۆ پشتگیرییکردن لە سەنتەرە نوێکانی بواری جێندەر ھەستا بە ناساندنی پوختەیەک لە دەقە تیۆرییەکان و چەمکە سەرەکییەکانی بوارەکە. ۆرکشۆپەکە بە بەشداریی نوێنەری ٢٩ سەنتەری جێندەر لە هۆڵی (مەحوی)ی وەزارەت لە هەولێر، بەڕێوەچوو.
ئەم راھێنانە دوای فەرمانێکی رێچکەشکێنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو کە لە مانگی ئابی ٢٠١٨دا دەرچوو و بووە مایەی دامەزراندنی سەنتەرەکانی جێندەر لە ھەموو زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان. بەپێی فەرمانەکە خوێندنی جێندەر دەبێتە بەشێک لە مەنھەجی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان.
ئەم دەستپێشخەرییەی سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان هەنگاوی یەکەم بوو بۆ گەشەدان بە توانای بەڕێوەبەرانی سەنتەرەکان و دابینکردنی سیستەمێکی پشتگیری درێژخایەن. رێکخستنی ئەم راھێنانە بەشێکە لە پرۆژەکەی سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان کە یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی دەکات. ئامانجی پرۆژەکە پەرەپێدانی خوێندنی جێندەرە لە عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا. لە کۆتایی ۆرکشۆپەکەدا بەشداربووان پێشنیازی جۆراوجۆریان خستەڕوو، وەک دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ گەشەدان بە پەیڕەو و پڕۆگرامی سەنتەرەکان، سەرپەرشتیکردنی مەنھەجی جێندەر، ڕێکخستنی توێژینەوە بەشێوازی گروپ و یارمەتیدان و پشتگیرییکردنی بنیاتنانی سەنتەرەکان.
لە ۆرکشۆپەکەدا بە دیارییکراویی کۆدەنگیی لەسەر ئەوە ھەبوو کە پلانی کاریگەر پێویستە بۆ گەشەپێدانی پەیڕە و پڕۆگرامی سەنتەرەکان. پلانەکەش گونجاوبێت بە شێوەیەک کە سەرەڕای بوونی جۆرێک لە یەکانگییریی لەسەر مەنھەجی جێندەر، ئازادی هەڵبژاردنی دەق بە مامۆستا بدرێت. ھەروەھا پێشنیارکرا کە پێویستە مەنھەجەکە کێشە پەیوەندیدارەکان بە کۆمەڵگەی کوردیی لەخۆ بگرێت، مامۆستایان و توێژەران لەم بووارەدا ڕاهێنانی زیاتریان بۆ دابینبکرێت و لە رووی ھزرییەوە ئامادەبن. پێویستە خوێندنی جێندەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە لەخۆ بگرێت و لەناو زانکۆکانیشدا کاری لەسەر بکرێت نەک تەنیا لەنەو سەنتەرەکاندا. سەنتەری جێندەر وگەشەپێدان بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ سەنتەرە نوێکانی جێندەر بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.