قەیرانی کارەبا لە هەرێمی کوردستانی عێراق: ئاستەنگەکان و چارەسەرە ژینگە دۆستەکان

Font size:
Print

پێشەکیی

لە کاتی گەورە بوونم لەسەرەتای ساڵانی (٢٠٠٠)ەکان لە گوندێکی هەرێمی کوردستانی عێراق بچڕانی کارەبا و وتارە درێژەکانی سەدام حوسەین زۆر بێزاریان دەکردم چونکە هەردووکیان ١٥ خولەکی تەرخانکراویان بۆ دڵخوازترین فلیم کارتۆنم کەم دەکردەوە. بیست ساڵ تێپەڕیوە بەسەر داگیرکردنی عێراقدا بە سەرکردایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وحکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکراوە  بووە لە بەڕێوبردنی سیاسەتی وزە لەم ماوەیەدا بەڵام هێشتا کێشەی بچڕانی کارەبا بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە. لە ساڵانی داهاتوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی بەردەوامی دەبێت لە دابینکردنی کارەبای بەردەوام  بۆ هاووڵاتیان ئەگەر گۆڕانکاریی ریشەیی نەکات لە پەیکەری تۆڕی کارەبادا. داڕشتنەوەی پەیکەری تۆڕی کارەبا زۆر ئاڵۆزە لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا. بۆیە پێویستە بڕیاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر بکەن و بناغە بۆ بەرەو پێشچوونی تۆڕێکی کارەبای ژینگە دۆست دابنێن کە دوو ئامانجی زۆر قورسن.

بەرزبوونەوەی بەردەوامی خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگێکی گەورەیە. لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ ناوچەکە بەزۆریی پشتی دەبەست بە دوو وێستگەی کارۆئاویی بۆ دابینکردنی پێداویستیی کارەبا. پاش روخانی رژێمی بەعس و کرانەوەی وڵات بەڕووی بازرگانیی نێودەوڵەتییدا و بڵاوبوونەوەی بە لێشاوی چەندین ئامێری کارەبایی لە بازاڕدا بەبێ هیچ بەربەستێک بووە هۆی  بەرزبوونەوەی لەناکاوی خواست لەسەر کارەبا. سەرەڕای بەرزبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان لە ٦٤٩ مێگاوات بۆ٦٧٣٧ مێگاوات واتە زیادبوونێك لە توانای بەرهەمهێنان بە ڕێژەی نزیکەی ١,٢٠٠٪، بەرهەمهێنانی راستەقینە لە ٣٥٠٠ مێگاواتدا بەرز و نزم دەکات. هاوکات تێکڕای خواست لە نێوان ٥٥٠٠  مێگاوات لە هاوین و ٧٠٠٠ مێگاواتدایە لە زستاندا.

کاریگەریی پچڕانەکانی کارەبا

پچڕانی درێژی کارەبا کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر گەشەی هەموو کەرتەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.  بزنس و کارگەکان کە پێویستیان بە وزەی زۆرە، ناچار دەکرێن کارەکانیان کەمبکەنەوە لەکاتی پچڕانەکانی کارەبادا یان پەنابەرن بۆ ئیشپیکردنی موەلیدە بە نرخێکی گران. بەکارهێنانی موەلیدەی گاز دوو هێندە گرانترە بەپێی نرخی ئێستای سووتەمەنیی بۆ کەرتەکانی پیشەسازیی و بازرگانیی بەراورد بە نرخی کارەبا لە تۆڕی گشتییەوە. ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کارگە ناوخۆییەکان بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ کاڵای هاوردەکراو بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی کاڵاکانیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی بەردەوامی دەبێت لە دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتیان ئەگەر گۆڕانکاریی ریشەیی نەکات لە پەیکەری تۆڕی کارەبادا.

کەرتی نیشتەجێبوونیش ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بوەتەوە لەگەڵ پچڕانی کارەبادا. بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگاریە، لە زۆربەی گەڕەکەکاندا موەلیدەی گازیی بچووک بەکاردەهێنرێت. ئەم موەلیدانە تۆڕێکی کارەبای ناکارا وناڕێکخراون کاردەکەن و جێ پەنجەی  کاربۆنییان دوو هێندەیە  بەراورد بە تۆڕی گشتیی بەپێی یەکە. هەروەها موەلیدەی گەڕەکەکان کارەبا دابین دەکەن لەسەر بنەمای بەشداریکردن بەپێی ئەمپێر بە نرخێکی زۆر گران کە دەگاتە نزیکەی ١٥ دۆلار بۆ ئەمپێرێک. بەڵام سیستمی سپلیت، کە پێکهێنەری گەورەترین بارگرانی سەر کەرتی نیشتەجێبوونە، پێویستی بە وزەی زیاترە لەوەی موەلیدەکان دەتوانن دابینی بکەن. لە ئەنجامدا، پێویستە خێزانەکان پەنابەرن بۆ موبەریدە لەکاتی پچڕانی کارەبادا کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەکاربردنی بڕێکی زۆری ئاو لە هەرێمێک کە بەدەست قەیرانی کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت.

نەبوونی کارەبای بەردەوام دەبێتە هۆی پچڕانی کاری ئاسایی بزنس و کارگەکان و هۆکارە بۆ داتەپینی ئابووری وڵات. هاوکات نەبوونی کارەبای بەردەوام لە هەرێم هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان. بەهۆی نائومێدییەوە، ژمارەیەکی زۆر کورد هەوڵی کۆچکردن دەدەن بۆ ئەوروپا بە ڕێگەیەکی پڕ مەترسییدا بۆ گەڕان بەدوای دۆخێکی باشتری ژیان و دەرفەتێکی ئابووری باشتردا. 

هۆکاری کێشەکە چییە؟

پاش سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩٢، تاکە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بریتیی بوو لە وێستگە ئاوییەکانی دەربەندیخان و دوکان بە تێکڕای توانای بەرهەمهێنانی ٦٥٠ مێگاوات. لە ساڵانی   (١٩٩٠) ەکان خواست لەسەر کارەبا تاڕادەیەک نزم بوو بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ئابڵوقەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەسەر عێراق بەگشتیی کە پێکەوە بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەپێدانی ئابوورییان سنووردار کردبوو. بەڵام پاش داگیرکردنی عێراق بە سەرکردایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان زیادبوونی بازرگانیی نێودەوڵەتیی و پەرەپێدانی ئابووری بەرچاوی بەخۆوە بینی. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی کەلێنی نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبا. ئەوەی کەموکوڕییەکانی زیاتر کرد، بریتیی بوو لە ئاستی بەرزی بەفیڕۆچوون لە تۆڕی دابەشکردنی کارەبا و سنوورداریی بڕی سووتەمەنیی بەردەست لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

بەفیڕۆچوونی کارەبا ئاستەنگێکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە گوتەی، وەزارەتی کارەبا ٤٠٪ ی کارەبا لە تۆڕی دابەشکردندا بەفیڕۆدەچێت. جێگەی ئاماژەیە، زۆربەی ئەم بەفیڕۆچوونە بەهۆی دزینی کارەبا و دەرنەکردنی پسووڵە و کۆنەکردنەوەی پارەی کارەباوەیە. هاوکات وەزارەتی کارەبا پرۆگرامێکی گونجاوی نییە بۆ دانانی نرخی شیاو بۆ شوێنەکانی نیشتەجێبوون. بۆ نموونە، سیاسەتی ئێستا بۆ کرێی کارەبا بەپێی بەکارهێنان بۆ کەرتی نیشتەجێبوون لە ٠,٠١٣ دۆلار بۆ کیلۆوات/کاتژمێر دەستپێدەکات و بەرزترین نرخ دەگاتە  ٠,١٨  دۆلار. ئەم پرۆگرامی نرخدانانە زۆر هەرزانە و تەنها ١٠%ی تێچووەکانی بەرهەمهێنان دەهێنێتەوە. هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا بە گوێرەی بەکارهێنان هاندەر نییە بۆ پاراستنی وزەی کارەبا چونکە بەرزکردنەوەکە سنوردار کراوە بۆ بەکارهێنانی مانگانەی وزە بە بڕی ٥٠٠٠ کلیۆوات/کاتژمێر. هاوکات، وەزارەتی کارەبا دەڵێت نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرزی کرێی نەدراو هەیە و کەرتی نیشتەجێبوون ٧٠٪  ی ئەم قەرزانە پێکدەهێنێت.

جێبەجێکردنی سیاسەتێکی توندی وەرگرتنی کرێی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ئەرکێکی قورسە. لەوانەیە ببێتە هۆی ناڕەزایی بەربڵاو و پابەندنەبوونی گشتیی لەبەر دوو هۆکاری سەرەکیی. یەکەم، وەزارەتی کارەبا کارەبای بەردەوام دابین ناکات لە هەموو وەرزەکاندا و پچڕانی کارەبا هەندێک کات دەگاتە ١٢ کاتژمێر لە رۆژێکدا بەتایبەتیی لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیکی زۆر قەرزاری فەرمانبەرانە بەهۆی پرۆگرامی پاشەکەوەتی  موچەی فەرمانبەرانەوە  کە تیایدا موچەی فەرمانبەران کەمکرایەوە لە ساڵانی ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠١٩ وە ڕوون نییە کەی حکومەت ئەم قەرزانە دەداتەوە. لەبەرئەوە زۆربەی بەکاربەران ئامادەنین پارەی کارەبا بدەن تا ناچار نەکرێن.

بێ توانایی حکومەت لە کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە دوو دەیەی رابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەک لە هزری خەڵکدا سەبارەت بە کاریگەرییان لەسەر تۆڕی کارەبا. هاتنی لێشاوی ئامێری کارەبایی ناکارا و کەلوپەلی بیناسازیی وەک بلۆکی کۆنکریتیی بۆ ناو بازاڕ بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بۆ ٧٠٠٠ مێگاوات. بۆ تێگەیشتن لەمە، تێکڕای بەکاربردنی وزە بەپێی تاکەکەس لە هەرێمی کوردستان دەگاتە ٣،٩١٨ کلیۆوات/کاتژمێرکە زۆر بەرزترە لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئوردون کە تێکڕاکە ١،٥٣٩ کلیۆوات/کاتژمێرە. سیاسەتی ئێستای وەرگرتنی پارەی کارەبا هاندەر نییە بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر. ئێستا ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرتی وزەی نوێبووەوە کاردەکەن گرفتیان هەیە لە فرۆشتنی کاڵاکانیان چونکە ٧ ساڵ زیاتری پێویستە بۆ گەڕانەوەی دەستمایەکەیان لە کاتی کڕینی سیستمێکی خۆرییدا. 

 بێ توانایی حکومەت لە کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە دوو دەیەی رابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەک لە هزری خەڵکدا سەبارەت بە کاریگەرییان لەسەر تۆڕی کارەبا.

بەبێ دابینکردنی بڕی  سووتەمەنی پێویست، وێستگەکانی وزە ناتوانن کەلێنی گەورەی نێوان خواست وخستنەڕووی کارەبا پڕبکەنەوە. ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٠٣وە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکان لە هەرێمی کوردستان لە ٦٤٩ مێگاوات بۆ زیاتر لە٦,٧٣٧ مێگاوات بەرزبۆتەوە کە دەکاتە گەشەی ساڵانە بە تێکڕای ١٣,١٪، بەڵام تێکڕای بەرهەمهێانی راستەقینە دەگاتە ٣٥٠٠ مێگاوات. زۆربەی وێستگەکانی دروستکردنی کارەبا بە گازی سروشتیی کێڵگەکانی کۆرمۆر کاردەکەن کە داناگاز بەڕێوەیدەبات  و بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا و ئەمەش بەس نییە بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و داناگاز توانای بەرهەمهێنانی کۆرمۆر بەرزبکەنەوە بۆ یەك ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا. هەروەها هێڵی بوری نێوان هەولێر و دهۆک تەواو بکەن. ئێستا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە وێستگەی کارەبای دهۆک تەنها ٨٠  مێگاوات بەرهەمدەهێنێت لە کۆی  ١٠٠٠ مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی. جێگەی ئاماژەیە کە بڕی یەدەگی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان دەگاتە ٢٥ ترلیۆن پێی سێجا  بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر یاسای نەوت و گاز هۆکارە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگەکانی گاز وەک  وەبەرهێنانێکی مەترسیدار سەیربکرێت. بۆ نموونە، داناگاز لە سەرەتادا پلانی هەبوو بەرهەمهێنانی رۆژانەی لە کۆرمۆر بگەیەنێتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا تا نیسانی ٢٠٢٣. بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ بۆردومانکردنی کێڵگەکانی داناگازلە هەمان کاتدا بووە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو لایەن و دواخستنی بڕیاردان لەسەر جێبەجێکردنی پلانی فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە.

رێگەچارە کورت و دوور مەوداکان چین؟

پڕکردنەوەی خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگێکی گەورەیە، بەڵام دەکرێت بەدیبێت لەڕێگەی نوێکردنەوەی تۆڕی کارەبا وباشترکردنی پرۆگرامی وەرگرتنی کرێی کارەبا وبەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە. گرنگترین هەنگاو بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان خواست و خستنەڕوو بریتییە لە کەمکردنەوەی خواستی هەڵئاوساو لەسەر تۆڕی کارەبا.  پێویستە وەزارەتی کارەبا پەیکەری خۆی نوێبکاتەوە و پرۆگرامی وەرگرتنی نرخی کارەبا باشتر بکات. نوێکردنەوەی تۆڕی کارەبا یارمەتیی وەزارەتی کارەبا دەدات کە بەئاسانی دەستنیشانی دزەکردنی نایاسایی وەک چەتاڵ کردن یان دزین بکات  لە تۆڕەکەدا. هەروەها توانای وەزارەتەکە بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵی جووڵەی کارەبا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەرزدەکاتەوە. پاش بە ئیشخستنی بەشێک لە ١،٥ملیۆن پێوەری زیرەک کە دانرابوو، وەزارەتی کارەبا دەڵێت کە١٠٪ ی بەفیڕۆچوونی کارەبا کەم بووەتەوە. بەڵام بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم بەفیڕۆچوونانە ، پێویستە هەموو بەکارهێنەرێک پێوەری زیرەکی بۆ ببەسترێت .

هەروەها پێویستە پرۆگرامێکی نوێی دانانی نرخ هەبێت بەشێوەیەک کە نرخی کارەبا زیاتر بەرزبێتەوە لەکاتی زیاد بەکارهێنان بۆ هاندانی بەکاربەران بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردن وبەکارهێنانی مانگانەیان. پێویستە حکومەت پاڵپشتی ئەو خێزانانە رابگرێت کە تێکڕای بەکارهێنانی مانگانەیان زیاترە لە ٢٢٠٠ کلیۆوات/کاتژمێر، هەروەها پێویستە بەرزبوونەوەی کەڵەکەبوو رەنگدانەوەی بارگرانیی بەکاربەران بێت لەسەر تۆڕەکە. پرۆگرامی نوێی دانانی نرخ دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەت داهاتی زیاتر بەدەستبهێنێت بەبێ کاریگەری خراپ لەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان کە ئاستی بەکارهێنانی کارەبایان نزمە. نوێکردنەوەی تۆڕ و باشترکردنی سیاسەتی کرێی کارەبا دەبنە هۆی ناساندنی پرۆگرامی وەڵامدەرەوە بۆ خواست کە دەتوانێت بارگرانی سەر تۆڕی کارەبا کەمبکاتەوە  وببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی پچڕانی کارەبا کە بەرچاو ڕوونیەکی باشتر بە  وەزارەتی کارەبا دەدات لەسەر بارگرانیی راستەقینە لەسەر تۆڕ. هەروەهاو یارمەتیی وەزارەتەکە  دەدات بۆ گەشتن بە بڕیاری گونجاو پەیوەست بە وەبەرهێنان لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە ودابەشکردنی کارەبادا.

 لەڕێگەی یەکخستنی سیستمەکانی وزەی خۆر لەگەڵ تۆڕی کارەبا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەخێرایی توانای بەرهەمهێنان کارەبا بەرزبکاتەوە بەبێ زیادکردنی ڕێژەی سوتەمەنی  و  دەرهاویشتنی گازە زیانبەخشەکان.

زیادکردنی دابینکردنی سووتەمەنیی بۆ وێستگەکانی کارەبا یەکێکی ترە لە رێگەکان بۆ داخستنی کەلێنی نێوان خواست و خستنەڕوو. ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ٢٥ ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی سەلمێنراو گازی سروشتیی هەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێستای گاز تەنها ٥،٤ ملیار مەتر سێجایە کە تەنها بەشی بەرهەمهێنانی ٣٥٠٠ مێگاوات کارەبا دەکات. بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی پارێزراو دابین بکات بۆ بەرهەمهێنەرانی گاز و تواناکانی بەرهەمهێنانیان فراوان بکرێت و زامنی ئەو مافە دەستورییە بکات کە رێگە دەدات کێڵگەکانی گازی خۆی بەڕێوەببات. لەبەرئەوە پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن لە پەرلەمانی عێراق و سازان دروست بکەن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی هێزە شیعییەکان لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵیی. ئەگەرچی لە دۆخی سیاسیی ئێستادا ئەمە ئەستەمە ، بەڵام ئەنجامدانی ئەمە دەبێتە هۆی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانیی لە بواری پەرەپێدانی کێڵگەکانی ئێستای گاز لە کۆرمۆر و کێڵگە پەرەپێنەدراوەکانی بنە باوی و میران. بەم هەنگاوانە دابینکردنی گاز زیاد دەکات بۆ وێستگەکانی کارەبا و رێگەیان بۆ خۆش دەکات لە ئاستی توانای خۆیان کاربکەن کە ٦٥٠٠ مێگاواتە.

ئەم هەنگاوانە هاوکات هەرێمی کوردستان دەخاتە سەر رێچکەیەکی دروست بەرەو خاوێنکردنەوە (لە کاربۆن خستن)ی سیستمی وزەکەی لەڕێگەی کەمکردنەوەی تێچووی دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ کەرتی پیشەسازیی و نیشتەجێبوون.لە کاتی نەمانی پچڕانی کارەبادا، سیستمی خۆری پێویستی بە دانانی پاتری نابێت و لە ئەنجامدا کۆی تێچویی سیستمەکە کەم دەبێتەوە. سیاسەتی نوێی کرێی کارەبا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی وەبەرهێنان لە سیستمەکانی وزەی خۆر لە کەرتی پیشەسازیی و نیشتەجێبوون. هاوشان لەگەڵ سیاسەتی ئێستای توانای گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتیمانیی، سیستمی وزەی خۆری دەبێتە  هەرزانترین و سەرنجڕاکێشترین سەرچاوەی وزە. لەڕێگەی هاندانی یەکخستنی سیستمەکانی وزەی خۆر لەگەڵ تۆڕی کارەبا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی کارەبا فراوانتر بکات بەبێ زیادکردنی بەکارهێنانی سوتەمەنی و دەرهاویشتنی گازە زیانبەخشەکان. هەروەها سیاسەتی نوێی نرخی کارەبا دەبێتە هاندەر بۆ بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی و کەرەستەی بیناسازیی گونجاو لە بازاڕدا. بەمەش گوشار لەسەر تۆڕەکانی کارەبا کەم دەبێتەوە و مەودایەک بۆ بەکار‌هێنانی تۆڕەکانی کارەبا بۆ بەکارەباییکردنی هۆیەکانی گواستنەوە لە ئایندەدا دەهێڵێتەوە.

 

 

Related Posts