خولێکی دیکەی راهێنان دەربارەی سەرکردایەتیکردن بۆ هەندێک پیشەوەری عێراقی
بەبەشداریی ٣١ کەسی عێراقی "لەبەرپرسی گەورەو مامناوەندیی حکومی ، کەسانی ئەکادیمی ، کەسانی پێشەنگ لەبواری بیزنس ، هەروەها لەبواری کارو چالاکیی مەدەنی" زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، رۆژی ٢٦ بۆ ٣٠ ی ئابی ٢٠١٨ ، خولی دوەمی پرۆگرامی (ئەکادیمیای سەرکردایەتیکردن بۆ پەرەپێدان - عێراق / LAD-IQ) ی گرتەخۆ . پرۆگرامەکە کارێکی هاوبەشە لەنێوان (ئەکادیمیای سەرکردایەتیکردن بۆ پەرەپێدان / LAD) لەزانکۆی ستانفۆردو سەنتەری پڕۆژە نێودەوڵەتییە تایبەتیەکان (CIPE) و سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراتی (NED) .
راهێنانەکە کە پێنج رۆژی خایاندو لەژێر ناونیشانی "رۆڵی سیاسەتی گشتی لەپەرەپێدانی کەرتی تایبەتدا" بەڕێوەچو ، چەند موحازەرەیەکی دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاماو پرۆفیسۆر ئیریک جنسنی گرتەخۆ .
بابەتەکانی راهێنانەکە بریتیبون لەمانەی خوارەوە :
سەنتەری حەیدەرئاباد میترۆپۆلیان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە "هیندستان" .
لیژنەی بنەبڕکردنی گەندەڵی لەئیندۆنیزیا .
ترمیناڵی پاسی یۆگیکاراتا : پشتگیریی کەرتی تایبەت لەژێرخانی وڵات .
چاکسازیی یاسایی و دادوەری لەبەنگلادیش .
ئیدارەی لامەرکەزی لەپیرۆ .
بەشداربوانی راهێنانەکە موحازەرەیەکیشیان لەلایەن : زرنگ فاروق مستەفاو بەیاد جەمال عەلی ، کە دەرچوی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانین و بیزنسکارن ، پێشکەش کرا . موحازەرەکە دەربارەی ئەزمونی بیزنسکاریی ئەو دوو ناوبراوەبو لەکەرتی تایبەتی عێراقیدا.
شایانی باسە لەکۆتایی راهێنانەکەدا کە کەوتە رۆژی ٣٠ ی ئابی ٢٠١٨، بڕوانامەی تایبەت بەخشرایە بەشداربوان لەپای بەشداریکردنیان لەپرۆگرامەکەدا .