بەشی ئەندازیاری پێشوازی لەسێ ئەندامی نوێی دەستەی وانەبێژی دەکات

Tuesday, September 25, 2018 - 21:45

 

لەهەوڵێکدا بۆ پەرەپێدان و چاکترکردنی پرۆگرامەکانی ، بەشی ئەندازیاری لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، سێ مامۆستای نوێی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٨ – ٢٠١٩ دەستبەرکرد ، کە بریتین لە : دکتۆر عەبدولعەزیز خەلیفات ، دکتۆر ئەحمەد ساڵح ، هەروەها دکتۆر ئارام حەسەن .

هەر سێ مامۆستای نوێ ، وزەو زانیاریگەلی چڕوپڕو نوێ ، لەبوارە جۆراوجۆرە ئەندازیاریەکاندا ، پێشکەش دەکەن ، کە ئەمە دەبێتە هۆی زیادکردنی لێوەشاوەیی و باشترکردنی پرۆسەی خوێندن لەبەشەکەدا .

دکتۆر عەبدولعەزیز خەلیفات ، خاوەنی زیاتر لە ٢٣ ساڵ شارەزاییە لەبواری وانەبێژی و پیشەسازیدا . شارەزاییەکەی ، لەوڵاتە یەکگرتوەکانەوە درێژدەبێتەوە بەرەو ئوردن ، میرنشینە عەرەبییە یەکگرتوەکان (ئیمارات) ، جەزائیر ، سعودییە ، دوبارە بەرەو میرنشینە عەرەبییە یەکگرتوەکان ، ئێستاش لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانییە . لەڕابردودا ، وەک وانەبێژ ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆری بەشدارو پرۆفیسۆر ، چەندین کۆرسی لەبواری ئەندازیاریی نەوت و ئەندازیاریی کیماویدا پێشکەش کردوە ، وێڕای چەندین کۆرس لەبواری زانستی کۆمپیوتەردا . جگەلەوە ، وەک سەرۆک ، بەڕێوەبەر ، راگرو یاریدەدەری سەرۆک ، کاری کردوە . دکتۆر خەلیفات هەروەها چەندین پۆستی باڵای لەبواری کەرتی نەوت و غازدا ، گرتۆتە دەست . خاوەنی زیاتر لە ٩٠ نوسین و بڵاوکراوەیە . ئەندامێکی چالاکە لە : SPE و AIChE و JGA و JES و JEA و AHWA و SFERA . هەر لەیەکەم رۆژەوە کە گەیشتە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، دەستبەکاربو . دکتۆر خەلیفات بەنیازی پێشکەشکردنی دەستکەوتی گەورەیە بەبەشی ئەندازیاری ، لەپاڵ بەشداریکردن لەگەشەپێدان و سەرخستنی زانکۆکەدا .  

دەربارەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەحمەد ساڵح : دکتۆر ئەحمەد ساڵح ، پێشتر لەساڵی ٢٠١٧ دا ، وەک ئەندامی دەستەی وانەبێژی ، بەشێوەی پارت تایم پەیوەست بوبو بەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانییەوە ، وا ئێستا وەکو ئەندامی دەستەی وانەبێژی ، بەشێوەی فول تایم گەڕاوەتەوە پاڵ تیمی زانکۆ ، بەئامانجی بەشداریکردن لەپێگەیاندنی نەوەی نوێ لەئەندازیاران . دکتۆر ساڵح ، لەئەیلولی ٢٠١٤ دا بڕوانامەی دکتۆرای لەئەندازیاریی شارستانی / ئەندازیاریی جیۆتەکنیکی ، لەبەشی ئەندازیاریی شارستانی و ژینگەیی ، لەزانکۆی هیوستن لەویلایەتی تەکساس ، بەدەست هێناوە ، بەنمرەی ٣,٧٥ . خاوەنی زیاتر لە ٤٥ نوسین و بڵاوکراوەیە لەبواری زانستی نەوت و ئەندازیاریدا . لەساڵی ٢٠١١ ەوە تا ساڵی ٢٠١٥ وانەبێژ بوە لەبەشی ئەندازیاریی شارستانی و ژینگەیی لەزانکۆی هیوستن لەویلایەتی تەکساس .

بێینە سەر باسی دکتۆر ئارام حەسەن : دکتۆر ئارام ، ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ ، راستەوخۆ دوابەدوای یەک ، بڕوانامەی ماجستێرو دکتۆرای لەئەندازیاریی شارستانی ، لەزانکۆی لیڤەرپوڵی بەریتانی بەدەست هێناوە . بەنیازی پێشکەشکردنی شارەزاییە فراوانەکەی خۆی لەکەرتی ئەندازیاری و ئەکادیمیدا ، بەنەوەی ئاییندە لەئەندازیاران ، پەیوەست بوە بەزانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانییەوە . توێژینەوەکانی دکتۆر ئارام جەخت دەکەنە سەر کەرەستە چیمەنتۆییەکان ، هەروەها کۆنکرێتی پتەو (UHPFRC) لەبنیاتنانی پرددا .

دکتۆر هێمن لەتیف – راییکاری سەرۆکی بەشی ئەندازیاری ، بەم بۆنەیەوە رایگەیاند : "بەشی ئەندازیاری ، بەردەوام لەهەواڵدا دەبێت بۆ کەمەندکێشکردنی باشترین کەسانی بەهرەمەندو هێنانی وانەبێژی نوێ بۆ بەشەکە" . هەروەها وتی : "دەستەبەرکردنی سێ مامۆستا بەشێوەی فول تایم لەم کۆرسەی خوێندندا ، هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو گەشەپێدانی زیاترو چاککاریی بەردەوام" .