گفتوگۆیەک لەگەڵ تەهانی ساڵح دەربارەی هەڵمەتی بوژاندنەوەی کتێبخانەی زانکۆی موسڵ

Thursday, June 28, 2018 - 09:45

لەچالاکییەکدا کە "رێکخراوی کەشکۆڵ" ی سەر بەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەشداریی تێدا کرد ، رۆژی چوارشەممە ٦ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ، خۆبەخش و چالاکوان خاتو "تەهانی ساڵح" گفتوگۆیەکی تایبەتیی پێشکەش کرد ، تیایدا دەربارەی ئەو هەڵمەتە قسەی کرد کە گروپێک لەفێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی لەپێناوی بوژاندنەوەی کتێبخانەی زانکۆی موسڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی خەڵک لەئاست پاراستن و بنیاتنانەوەی دامەزراوەکە ، رێکیان خست .  

 

چالاکوان "عومەر محەممەد" یش لەڕێی سکایپەوە بەشداریی گفتوگۆکەی کردو بەشبەحاڵی خۆی ئاماژەی دا بەو هەوڵ و کۆششانەی لەپێناوی بوژاندنەوەو بنیاتنانەوەی ژیانی فەرهەنگی لەموسڵ بەگەڕ خراون .

لەو گفتوگۆیەدا کە پێشکەشی کرد ، خاتو "تەهانی ساڵح" باسی چۆنیەتیی بەشداریی خۆی و هاوکارە خۆبەخشەکانی کرد لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیاندا  "هاوزەمان لەگەڵ رزگارکردنەوەی خۆرهەڵاتی موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش". هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە خۆبەخشەکان سەرەتا بەبەخشینی کتێب لەکتێبخانە تایبەتیەکانی خۆیان دەستیان بەکارەکە کردوە بەر لەفراوانکردنی هەڵمەتەکەیان ، پاشان هەنگاویان ناوە بەرەو بینای زانکۆی موسڵ بۆ دڵنییابون لەحەڵەتی کتێبخانەکە ، وێڕای هەمو ئەو مەترسییە ئەمنیانەی کە ئەوساو ئێستاش لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل هەبون و هەن لەموسڵ .

خاتو تەهانی وتی : "تاریک و ساردو پڕ لەتەقەمەنی بو" ، بەوردی باسی کرد کە خۆبەخشەکان چۆن لەسەرلەبەری بینای کتێبخانەکەدا پاشماوەی کتێبی سوتاو و داروپەردوی کەڵەکەبوی ئەو سەردەمەیان بینیوە کە داعش دەستی بەسەر کۆمەڵگەی زانکۆدا گرتوە . هەروەها باسی کرد کە چەکدارانی داعش چۆنچۆنی کتێبەکان و ئەوراقەکانیان سوتاندوە بۆ ئەوەی روپۆشێکی دوکەڵی پێ دروست بکەن بەمەبەستی خۆپاراستن و خۆپەنادان لەبۆردومانە ئاسمانیەکان . خاتو تەهانی و هاوکارە خۆبەخەشەکانی کاتێک پەییان بردوە بەبونی قاتی دیکە لەبینای زانکۆکەدا ، خێرا دەستیان کردوە بەڕزگارکردن و گواستنەوەی ئەو تێکست و کتێبانەی کە تا ئەو کاتە نەفەوتاون ، بۆ شوێنی بێوەی لەناو حەرەمی زانکۆی موسڵدا .

گروپەکە ، بەبۆنەی سەرکەوتنیانەوە لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیاندا ، فیستیڤاڵێکیان لەناو حەرەمی زانکۆی موسڵدا سازداوە کە لەدوای داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە ئەوە یەکەمجاربوە بەشێوەی زیندو لەناو کۆمەڵگەی زانکۆی موسڵدا مۆسیقا لێ بدرێت .