
ئەرینا دلێر ئیسماعیل ، مینحەی بلیک و بایلیی ساڵی ٢٠٢٠ ی بەدەست هێنا.
ئەرینا ٢٢ ساڵ تەمەنیەتی ، خەڵکی سلێمانییە ، فێرخوازی بەشی ئەندازیاریی شارستانییە لەزانکۆی ئەمریکی لەسلیمانی ، ساڵی ٢٠٢١ خوێندنی زانکۆیی تەواو دەکات.
ئەرینا ، وەک خۆی دەیڵێت ، لەبەرئەوە زانکۆی ئەمریکیی هەڵبژاردوە بۆ خوێندن چونکە زانکۆیەکی گرنگ و ژینگەیەکی گونجاوە بۆ هاندانی فێرخواز بەرەو سەرکەوتن: "زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی شوێنێکی گونجاوبو بۆ من ... دەمزانی توانام هەیەو زانکۆکەش هەل و ئامرازی پێویست دەخاتە بەردەستم بۆ سەرکەوتن".
ئەرینا کەسێکی ژینگەدۆستە ، ئەمە هانی دا بەرەو خوێندنی ئەندازیاریی شارستانی ، هەوڵدانی زۆریشی بۆ سەرکەوتن وای لێکرد کاندید بکرێت بۆ وەرگرتنی مینحەی بلیک و بایلی: "وەرگرتنی ئەم مینحەیە پاڵنەرێکی گەورەبو بۆ من تا لێبڕاوانەتر کار بکەم و هەوڵ بدەم ... ئەمە وای لێکردم سۆزو ئومێدێکی زۆرترم بەئاییندەی خۆم هەبێت ، هەروەها تێیگەیاندم کە کارو کۆششە سەختەکەم رێزلێگیراوە".
مینحەی بلیک و بایلی ، بواری بۆ وەدیهاتنی خەونی گەورەی ئەرینا رەخساند "خوێندن لەئەوروپا" ، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لەگەییشتنی بەئەوروپا ، سەرلەبەری دنیا راوەستا: "ساڵی ٢٠٢٠ کتوپڕ بو بەیەکێک لەساڵە پڕ روداوەکانی ژیانم ... سەرەتای راگەیاندنی کەرەنتینە ، لەئەوروپا گیرم خوارد ، ترسناکترین و سەختترین مانگەکانی ژیانمم ناچارانە تێدا بەسەربرد دور لەماڵ و خانەوادە".
ئەرینا ، شانبەشانی ملیۆنەها فێرخواز لێرەو لەوێی دنیا ، شانیدایە بەرخوێندنی ئۆنلاین: "بێگومان خوێندن لەسەروەختی کۆڤیددا گرەوێکی سەخت بو ، کۆششی زۆری ویست ... بەڵام توانیم ئەو تەکنیک و شێوازانە بدۆزمەوە کە گونجاون بۆم".
بەمەبەستی بەرەوپێشچون ، ئەرینا بەنیازە پاش تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی زانکۆیی ، درێژە بەخوێندن بدات ، چاویشی لەسەر ئەندازیاریی ژینگەیی و ژینگەپارێزییە لەناوچەکەدا.