فێرخوازانمان پشوی هاوین لەوڵاتە یەکگرتوەکان بەسەر دەبەن | The American University of Iraq Sulaimani

فێرخوازانمان پشوی هاوین لەوڵاتە یەکگرتوەکان بەسەر دەبەن

Sunday, September 16, 2018 - 16:00

 

پرۆگرامی (گۆڕینەوەی سەرکردەگەلی عێراقیی گەنج / IYLEP) پڕۆگرامێکی چوار هەفتەییە ، بەکۆمەکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ، بەڕێوە دەچێت ، فرسەتی بەسەربردنی یەک مانگ کات لەوڵاتە یەکگرتوەکان ، بۆ فێرخوازانی قوتابخانە دواناوەندیەکان و زانکۆکان دەستەبەر دەکات .

ئەم پرۆگرامە ، فرسەتێکی دەگمەن بۆ فێرخوازانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق دەڕەخسێنێت ، بۆ ئەوەی بیانخاتە بەردەم تاقیکردنەوەی ژیان لەناوجەرگەی کۆمەڵگە ئەمریکی و نێودەوڵەتیەکاندا . ئامانج لەپرۆگرامەکە بریتییە لە : کۆکردنەوەو لێکنزیکخستنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە عێراقییە جۆراوجۆرەکان ، هەروەها تێکشکاندنی بیروڕا باوەکەی خەڵکی ئەمریکا دەربارەی عێراق و بەپێچەوانەوەش . پرۆگرامی (گۆڕینەوەی سەرکردەگەلی عێراقیی گەنج / IYLEP) ، لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە تا ئێستا ، چەندین نەوەی لەسەرکردەی عێراقیی هەڵکەوتو پێگەیاندوە ، کە بەردەوام کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکانیان هەیەو بەباشترین شێوە عێراق لەمەحفەلەکاندا دەناسێنن.

ئەم هاوینە ، لەکۆی ٨٤ فێرخوازی زانکۆیی بەشداربو لەپارێزگا جۆراوجۆرەکانی عێراقەوە ، پێنج دانەیان فێرخوازی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بون کە بریتی بون لە : زریان ئیبراهیم ، تارا بورهان ، رەند سەڵاحەدین ، شلۆڤە جەبار ، هەروەها ئیسماعیل جەمال ، کە بەخت یاوەریان بو و پشوی هاوینیان لەوڵاتە یەکگرتوەکان بەسەر برد .  

پرۆگرامەکە لەدیربورن – دیترویت دەستی پێ کرد ، فێرخوازان هەفتەی رێنماییان لەزانکۆی واین ستیت بەسەر برد ، پاش ئەوە دابەش کران بۆ گروپی جۆراوجۆر بەمەبەستی بەسەربردنی ١٨ رۆژ لەماوەی پرۆگرامەکە لەزانکۆ خانەخوێکان کە بریتی بون  لە : زانکۆی ئەرکنساس ، زانکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا – سان مارکۆس ، زانکۆی تەکساس ئوستن ، هەروەها زانکۆی ویلایەتی واشنتن . هەر زانکۆیەو بەرنامەیەکی تایبەت بەخۆیی رێکخستبو کە پشتی دەبەست بەبابەتێکی دیاریکراو لەجۆری : ژینگە ، تەندروستیی گشتی ، کارگێڕیی گشتی ، هەروەها کاروباری گشتی ، بۆ ئەوەی روانگەیەکی قوڵ و تیژبینانە دەربارەی سەرکردایەتیکردن و تایبەتمەندیەکانی سەرکردایەتیکردن ببەخشرێتە سەرکردەگەلی داهاتوی عێراق .    

سەرکردەگەلی داهاتوی عێراق ، توانییان خۆیان لەچوارچێوەیەکی فراواندا ببیننەوە لەناو وڵاتە یەکگرتوەکان ، ئەوەبو تێکەڵاوی فێرخوازانی نێودەوڵەتی بون و فرسەتیان بۆ رەخسا بەڕۆشنبیریی خۆیاندا بچنەوە .

لەم روەوە ، تارا بورهان – کە یەکێک بو لەبەشداربوان ، وتی : "دەتوانم راستگۆیانە ئەوە بڵێم کە پرۆگرامی (گۆڕینەوەی سەرکردەگەلی عێراقیی گەنج / IYLEP) ئەزمونێکی دەگمەن پێک دەهێنێت . پێش پرۆگرامەکە ، پێتوایە تۆ دەچیت بۆ ئەمریکاو تەنها لەبارەی کەلتوری ئەمریکییەوە شت فێردەبیت ، بەڵام وا نییە ، ئێمە لەڕێی ئەم پرۆگرامەوە توانیمان شتی زیاتر لەبارەی کەلتورە جۆراوجۆرەکەی عێراقیشەوە فێرببین . فێربوین جیاوازیەکانی نێوان خۆمانمان خۆشبوێت و پەی بەوە ببەین کە هەریەکە لەئێمە لەباکگراوندگەلی جیاوازو جۆراوجۆرەوە هاتوین . من خۆم زیاتر خۆمم ناسی و تێگەیشتم توانای ئەنجامدانی شتی زۆرم هەیە کە لەوەوبەر هەر بیریشم لێ نەکردونەتەوە . ئەم پرۆگرامە ، خاڵی لاوازی خۆتت پیشان دەدات و یارمەتیت دەدات زاڵ ببیت بەسەریدا بۆ ئەوەی ببیتە سەرکردەیەکی ئومێدبەخش بۆ گەنجان . خۆشحاڵ دەبم بەدوبارەبونەوەی ئەم ئەزمونە هەمو ساڵیک ، ئەگەر شتی وا مومکین بێت" .