دەرچواندنی پێڕی هاوینی ٢٠١٨ لەفێرخوازانی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی

Wednesday, September 5, 2018 - 11:15

 

لەئاهەنگێکدا کە رۆژی ٣ ی ئەیلولی ٢٠١٨ لەبەردەم هاوڕێ و خانەوادەو راهێنەرانیاندا بەڕێوەچو ، حەفتاو دوو فێرخوازی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی دەرچوێندران .

پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، لەلایەن لیژنەی تایبەت بەپەسەندکردنی پرۆگرامی زمانی ئینگلیزییەوە لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا (CEA) ، پەسەند کراوەو پشتگیری کراوە . یەکەم پرۆگرامی زانکۆییە لەعێراق و هەرێمی کوردستاندا کە پشت بەزمانی ئینگلیزی دەبەستێت .

دوای تەخەڕوجکردنیان لەپرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی ، فێرخوازان دەبنە خاوەنی لێهاتویی و بەهرەمەندیی پێویست لەخوێندنەوەو قسەکردن و نوسین بەزمانی ئینگلیزیدا ، هەروەها لەبیرکاری و هوشیاریی ئەکادیمیدا ، کە ئەمە دەبێتە یارمەتیدەریان لەبڕینی قۆناغەکانی خوێندنی زانکۆیی بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە ، کاتێک دەست بەخوێندنی زانکۆیی ئەکادیمی دەکەن لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی .

لەمبارەیەوە راچیل رامی – جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامەکە ، وتی : "ئێمە زۆر سەربەرزو شادومانین بەدەرچوە نوێیەکانمان ، ئەوان لێهاتوییەکی باشیان پیشان دا لەپرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمیدا ، دەشزانین بەردەوام دەبن لەسەرکەوتن کاتێک کە پێ هەڵدەگرن بەرەو خوێندنی پرۆگرامی بەکالۆریۆس" .