یانەی هەندەسە لەقوتابخانەی بەریتانیی نێودەوڵەتی لەسلێمانی | The American University of Iraq Sulaimani

یانەی هەندەسە لەقوتابخانەی بەریتانیی نێودەوڵەتی لەسلێمانی

Monday, March 26, 2018 - 16:45

 

نوسینی : یەسنا ئومێد

یانەی هەندەسەی سەر بەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، وەرزی بەهاری ساڵی ٢٠١٨ ی بەدەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتی بەناوی "پرۆگرامی هوشیاریی هەندەسی" دەستپێکرد . ئامانجی ئەم پرۆگرامە ئەوەیە ببێتە بایسی دروستکردنی شەراکەت لەنێوان زانکۆو قوتابخانە ناوخۆییەکان ، لەڕێی پێشکەشکردنی چالاکی و دەستپێشخەریی زانستیانەی سادەوە .

لەم وەرزەدا ، پرۆگرامەکە بۆ ماوەی چوار هەفتەی یەک لەسەر یەک ، لە ٢٠ ی کانونی دوەمەوە تا ١٠ ی شوبات ، لەقوتابخانەی بەریتانیی نێودەوڵەتی لەسلێمانی پێشکەش کرا .

بەسەرپەرشتیی مامۆستای وانەبێژ خاتو راگوێز تەها – یاریدەدەری سەرۆکی بەشی هەندەسە لەزانکۆ ، بیست کەس لەئەندامانی یانەکە ، شەش چالاکیی جۆراوجۆریان لەناو فێرخوازانی پۆلی چوارو پێنج و شەشی قوتابخانەی بەریتانیی نێودەوڵەتی لەسلێمانی بەڕێوە برد . چالاکیەکان تایبەت بون بەچەمکە جۆراوجۆرە هەندەسیەکان ، کە ئەمە دەبێتە هۆی هاندانی فێرخوازان لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانەو داهێنەرانە .

فێرخوازانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی بەریتانی لەسلێمانی ، هەر هەفتەیەو کۆمەڵە کەلوپەل و ئامرازێکی  سادەی ناوماڵیان دەخرایە بەردەست ، داوایان لێ دەکرا بەکاری بهێنن بۆ دروستکردنی نمونەی هەندەسی ، بەپێی کۆمەڵێک پێوەری دیاریکراو ، ئەوەبو فێرخوازان کەوتنە پێشبڕکێ لەنێوانی خۆیاندا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە بەپلەی یەکەم و دوەم و سێیەم .  

"بەو پێیەی پرۆگرامێکی هوشیارییە ، سەرلەنوێ بۆچونمی دەربارەی میهرو لوتف داڕشتەوە ، تەنها بەوەی لەگەڵ فێرخوازانی پۆلی چوار کەوتمە قسەو پەیوەندی"

هەفتەی یەکەم لەسەر هەندێک بنەما رێنوێنەکان پۆلێن کران ، پاشان دەستیان کرد بەکارو چالاکی بەمەبەستی ئاشنابون بەفێرخوازەکانیان ، ئەوسا کەتنە سەرپەرشتیکردنیان .

هەفتەی دوەم پێشنیار بۆ فێرخوازان کرا بەرزترین تاوەر دیزایین بکەن کە بەرگەی با بگرێت ، ئەوەبو فێرخوازانی پۆلی چوارو پێنج و شەش ، هەریەکەو بورجی خۆیان دیزایین کردو خستیانە بەر پانکە . دواجار براوەکانی پێشبڕکێکە لەفێرخوازانی پۆلی شەش ، لەسەر بنەمای بڕی کەرەستە بەکاربراوەکان و بەرزیی تاوەرەکان ، دیاری کران .

"زۆر دڵخۆشبوم کاتێک بینیم منداڵەکان بەدەم چالاکیەکەوە دێن ، منداڵەکان حەزیان بەکارەکەبو ، شانازییان بەخۆیانەوە دەکرد"

هەفتەی سێیەم پێشنیار بۆ فێرخوازان کرا دیزاینی ئوتومبێل بکەن ، لەکۆتاییدا کەوتنە پێشبڕکێ و براوەکان دەسنیشان کران .

هەفتەی چوارەم فێرخوازان ئاشنابون بەچەمکگەلی : توانای زەوی لەڕاکێشانی شتومەکدا ، بەرگەگرتنی هەوا ، ... هتد ، دواجار براوەکان دیاری کران .

"ئەم پرۆگرامە دنیای فێربون و فێرکردنی پێ ناساندم ، هەروەها فێری کردم لەتەک کەسانی تر کار بکەم و باس و بابەت بۆ کەسانی کەم تەمەن شی بکەمەوە " .

لەکۆتاییدا بانگهێشتی کەسوکاری فێرخوازان کرا بۆ بینین و چاودێریکردنی چالاکیی کۆتایی وئاهەنگی بەخشینی بڕوانامەی بەشداریکردن .

بەگشتی ٩١ فێرخواز بەدرێژایی ماوەی پرۆگرامەکە کە چوار هەفتەی خایاند بەشدارییان کرد ، فێرخوازان بەشەوقەوە خوازیاربون بەردەوامی بدرێت بەم جۆرە چالاکیانە لەداهاتودا .

خاتونی بەڕێوەبەری قوتابخانە رایگەیاند کە : سەری سوڕماوە لەڕێنوێنانی ئەندام لەیانەی هەندەسەی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی و شێوازی کارکردنیان لەگەڵ فێرخوازان . یانەی هەندەسەش خۆشحاڵبو بەوەی سەرکەوتوانە پڕۆژەکەیان کۆتایی پێهێناوە ، هەروەها لەبەرنامەیدایە پەرەی زیاتر بەم جۆرە چالاکیانە بدات ، بەمەبەستی هاندانی پێشەنگانی لاو لەسەر هەوڵدان بۆ پەیبردن بەبەهرەی خۆیان و پەرەپێدانی .

"من وەک مامۆستایەک ، ئەم پرۆگرامی هوشیارکردنەوەیە هانیدام متمانە بەخۆم پەیدا بکەم ، لەڕێی قسەکردنەوە بۆ خەڵک و منداڵان" .

سوپاسی بێپایان بۆ ئەو بەشداربوە خۆبەخشانەی کە لەم دەستپێشخەرییەدا بەشدارییان کرد : ئەردین شاهۆ حەسەن ، بارین عەبدولحەمید شەرەف ، بەرزی محەممەد عەلی ، دنیا حەمەجەزا ئەمین ، جوتیار جەمال نەسرەدین ، کاڵی یاسین کەریم ، لەنیا عەلی ئەحمەد ، لیلۆ خالید ، محەممەد ئەبوبەکر حەمە ، نیگا کەمال حەمەڕەحیم ، رەییان قاسم محەممەد ، سەفۆ کاوە عەبدولکەریم ، سانیا رزگار عەبدولقادر ، سیڤان سیروان ، سۆلین سەڵاحەدین ساڵح ، سۆزان حەسەن تەها ، یاد رزگار محەممەد ، یەسنا ئومێد محەممەد عەلی ، زریان ئیبراهیم ئەحمەد ، هەڵبەست عەبدوڵڵا .