کۆمەڵەی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی هەڵمەتێک بۆ کۆمەککردنی زانکۆی موسڵ بەڕێوە دەبات

Sunday, April 15, 2018 - 14:00

زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ئەمڕۆ رایگەیاند : کۆمەڵەی فێرخوازانی زانکۆ ، هەڵمەتێکی کتێب کۆکردنەوە بۆ کۆمەککردنی کتێبخانەی زانکۆی موسڵ بەڕێوە دەبات .

زانکۆی موسڵ و کتێبخانەکەی بەهۆی ململانێی نێوان حکومەتی عێراق و رێکخراوی داعشەوە توشی زەرەرو زیانێکی گەورە هاتن ، کە سەرەنجام بەهۆی ئەو ململانێیەوە موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری لە ١٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا کەوتنە دەستی رێکخراوی داعش .

پێش ئەوە کتێبخانەی موسڵ ژمارەیەکی زۆر کتێبی نایابی تێدابو ، لەگەڵ چەندین دەستنوسی دانسقە کە هینی چەندین سەدە لەوەوبەربون ، بەڵام چەندەها دانە لەو کتێب و دەستنوسە دانسقانە ، لەو سێ ساڵەدا کە داعش دەستی تێدا گرتبو بەسەر کۆمەڵگەی زانکۆی موسڵدا ، فەوتێنران .  

لەڕێی ئەم هەڵمەتەوە ، کۆمەڵەی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، تا ٣١ ی حوزەیران ، دەست دەکات بەکۆکردنەوەی کتێب و بڵاوکراوەی ئەکادیمی و کتێبی بەکارهاتوی خوێندن ، چ بەزمانی ئینگلیزی نوسرابن چ بەزمانی عەرەبی .

بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵکی عێراق و کوردستان بەلای گرنگی و بایەخی ئەم هەڵمەتەدا ، بیلال بەرزنجی - سەرۆکی کۆمەڵەی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، رایگەیاند : "لەگەڵ نزیکبونەوەی مانگی رەمەزان ، هیوادارین خەڵک بدەنە پاڵمان بۆ پەرەدان بەم گیانی هاوکاری و بەخشینە ، لەپێناوی دوبارە دامەزراندنەوەی کتێبخانەیەکی مەزن" .

بەرزنجی و چەند ئەندامێکی تری کۆمەڵەکە پێکەوە ، بانگهێشتیان ئاراستەی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو رێکخراوانە کرد کە بایەخ بەفەرهەنگ و رۆشنبیری دەدەن لەسەرانسەری وڵاتدا ، کە بێن بدەنە پاڵ هەڵمەتەکە بەمەبەستی دابینکردنی کتێب و بڵاوکراوەی ئەکادیمی بۆ زانکۆی موسڵ .

بۆ ناردنی کۆمەک ، دەتوانن پەیوەندی بەخاتو "رانیا ئازاد – ئەمینداری کتێبخانەی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی" ەوە بکەن ، لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە : rania.azad@auis.edu.krd