وەگەڕخستنی خولی دوەمی مینحەی نومیروس

Sunday, January 6, 2019 - 10:15

 

زانکۆی ئەمریکیی عێراق - سلێمانی ، بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنێت کە : خولی دوەمی مینحەی گروپی نومیروس بۆ فێرخوازانی زانکۆکە خرایەگەڕ .

گروپی نومیروس کۆمپانیایەکی وەبەرهێنە ، لەلایەن خانەوادەی شەنشەلەوە دامەزرێنراوەو بەڕێوە دەبرێت.

مینحەی گروپی نومیروس ، کۆمەکی دارایی پێویست ، پێشکەشی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی (چ ئەوانەی کە تازەکی دەبنە فێرخوازی زانکۆکە ، چ ئەوانەی کە حاڵی حازر فێرخوازی زانکۆکەن) دەکات.

دەرگای پێشکەشکردنی داوا بۆ بەدەستهێنانی مینحەکە ، بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠١٨ – ٢٠١٩ ، حاڵی حازر لەسەر پشتە.

ئەم مینحەیە ، بەپێی کێبرکێیەکی توندو لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی و پێویستبون دەبەخشرێت ، تێچوی خوێندن و نیشتەجێبون و کتێب ، دەستەبەر دەکات .

 

ساڵی پار ، لەسەر بنەمای کێبرکێیەکی توند ، ئەم مینحەیە بەخشرایە سێ دانە لەفێرخوازانی زانکۆکە . بۆ خوێندنەوەی زانیاریی زیاتر دەربارەی خولی یەکەمی مینحەکە ، کلیکی ئێرە بکە.

 

مەرجەکانی پێشکەشکردنی داوا بەمەبەستی بەدەستهێنانی مینحەکە لەخولی داهاتودا :

 

 پێویستە فێرخواز ئەم مەرجانەی تێدا بێت (چ لەو فێرخوازانە بێت کە تازەکی دەبنە فێرخوازی زانکۆکە ، چ لەو فێرخوازانە بێت کە حاڵی حازر فێرخوازی زانکۆکەن):

-فێرخوازی نوێ ، دەبێت لانیکەم ٨٠٪ هێنا بێت لەتاقیکردنەوەی بەکالۆریدا.

-فێرخوازی ئێستای زانکۆکە ، دەبێت تێکڕای نمرەی کەڵەکەبوی ، لانیکەم بریتی بێت لە ٢.٧.

-فێرخوازی ئێستای زانکۆکە ، دەبێت لانیکەم پێی خستبێتە ساڵی دوەم (کۆرسی سێیەم) ی خوێندنی زانکۆیی خۆیەوە لەبەهاری ٢٠١٨ دا.

-فێرخوازی ئێستای زانکۆکە ، بۆ سەرلەنوێ وەرگرتنەوەی مینحەکە ، دەبێت هەمو ساڵێک داوا پێشکەش بکاتەوە.

-فێرخواز دەبێت لەچالاکیەکانی ناو زانکۆو دەرەوەی زانکۆ بەشداری بکات.

-فێرخواز دەبێت (بەو شێوەیەی کە زانکۆکە داوای دەکات) توانای سەلماندنی ئەوەی هەبێت کە موحتاجی کۆمەکی داراییە. 

 

فێرخوازی ئارەزومەند (چ لەو فێرخوازانە بێت کە تازەکی دەبنە فێرخوازی زانکۆکە ، چ لەو فێرخوازانە بێت کە حاڵی حازر فێرخوازی زانکۆکەن)، دەتوانێت لەڕێی پڕکردنەوەی ئەم فۆرمەی خوارەوە داوا پێشکەش بکات . بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە ، تکایە تایبەتمەندیی "Fill and Sign" لەحەقلی PDFی تایبەت بەخۆتدا بەکار بهێنە. دوایین وادە بۆ پێشکەشکردنی داوا ٥١ ی کانونی دوەمی ٢٠١٩ یە .