زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، بەهاوکاریی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (MoHESR) ، رۆژانی ٦ و ٧ ی ئایاری ٢٠١٩ ، وۆرکشۆپێکی ، بەئامانجی پێشخستنی ئاستی مامۆستایانی زانکۆیی زمانی ئینگلیزی ، بەڕێوەبرد .
وۆرکشۆپەکە لەزانکۆ بەڕێوەچو ، دوو رۆژی خایاند ، نزیکی ٣٥ مامۆستا لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەی بون .
ئامادەبوان ، بەنوێنەرایەتیی زانکۆی گەرمیان ، زانکۆی کوردستان – هەولێر ، زانکۆی سلێمانی ، زانکۆی کۆیە ، زانکۆی چەرمو ، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک ، زانکۆی راپەڕین ، زانکۆی لوبنانی فەرەنسی ، زانکۆی پزیشکیی هەولێرو زانکۆی زاخۆ ، بەشداریی وۆرکشۆپەکەیان کرد .
ئامانجی وەزارەت لەوۆرکشۆپەکە ، بریتییە لە : بەرزکردنەوەی ئاستی کردەوە فێرکاریەکانی ئێستا ، لەبەشەکانی زمانی ئینگلیزی ، لەزانکۆ حکومیەکان ، لەڕێی بەکارهێنانی دەستەی وانەبێژیی سەر بەزانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانییەوە .
وانەبێژانی پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی "APP" ی سەر بەزانکۆ ، پێشوازیی بەشداربوانی وۆرکشۆپەکەیان کرد کە تیایدا چەند بابەتێک خرانە بەرباس .
شایانی باسە پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی "APP" لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، تاقە بەرنامەی زمانی ئینگلیزییە لەعێراق و هەرێمی کوردستاندا ، کە لیژنەی متمانەبەخشین بەپرۆگرامەکانی زمانی ئینگلیزی (CEA) لەوڵاتە یەکگرتوەکان ، متمانەی خۆیی پێ بەخشیوە .
بۆ بینینی وێنەی زیاتر دەربارەی وۆرکشۆپەکە ، سەردانی لاپەڕەی تایبەتیمان بکە لەپێگەی Flickr .