زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی لە لایەن زانکۆی لەندەن بۆ زانستە ئابووریی و سیاسییەکانەوە وەک دامەزراوەی پێشەنگ بۆ لێکۆڵینەوەی ھاوبەش هەڵبژێردرا | The American University of Iraq Sulaimani

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی لە لایەن زانکۆی لەندەن بۆ زانستە ئابووریی و سیاسییەکانەوە وەک دامەزراوەی پێشەنگ بۆ لێکۆڵینەوەی ھاوبەش هەڵبژێردرا

Wednesday, June 19, 2019 - 09:30

 

پڕۆژەیەکی لێکۆڵینەوەی پێنج ساڵیی تایبەت بە دادپەروەریی جێندەری لەو کۆمەڵگەیانەی لە ململانێی سیاسی زەرەرمەندبوون

١٩ی حوزەیران، ٢٠١٩، سلێمانی، سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان لە زانکۆی ئەمریکی عێراق- سلێمانی ئەمڕۆ دەستپێکی پرۆژەیەکی پێنج ساڵیی لەگەڵ زانکۆی لەندەن بۆ زانستە ئابووریی و سیاسییەکان (LSE) ڕاگەیاند کە پڕۆژەیەکی لێکۆڵینەوەیە بە بڕی ٨٩٦ ھەزار پاوەندی بەریتانی. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن فەندی بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە و داهێنان لەژێر ناوی (لێکۆڵینەوە لە ئاڵنگارییە جیهانییەکان)، پشتگیری دەکرێت و تایبەتە بەو ناوەندی لێکۆڵینەوانەی کە پڕۆژەی فرەپسپۆڕییان لە جیهاندا هەیە و کار بۆ بەدیھاتنی ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشپێدانی بەردەوام، دەکەن.

دکتۆر چۆمان هەردی، بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان و پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەمریکی عێراق- سلێمانی لەم پرۆژەیەدا هاوبەڕێوەبەری دەستەی لێكۆڵینەوەی پیاوەتی و سێکسواڵیتییە، کە یەکێکە لەو شەش دەستەیەی ھۆبەی جێندەر و دادپەروەری و ئاسایش پێکدێنێت لە LSE. ئەم ھۆبەیە لەو نادادپەروەری و نائارامییانەی کە پەیوەندییان بە جێندەرەوە هەیە لە کۆمەڵگاکانی دونیادا، دەکۆڵێتەوە.

دکتۆر چۆمان وەکو هاوبەڕێوەبەرێک هەڵدەستێت بە ڕێکخستنی پڕۆژەی لێکۆیینەوەکان لە شەش زانکۆ و کۆمەڵێک لەڕێکخراوە قازانج نەویستەکانی تردا. لێکۆڵینەوەکەی خودی دکتۆر چۆمان لە زانکۆی ئەمریکی عێراق سلێمانی لەسەر "پیاوەتی، سێکسواڵیتی و توندوتیژی"یە کە بەدواداچوون بۆ چۆنێتی گۆڕانی چەمکی پیاوەتی و نەهێشتنی توندوتیژی دەکات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

دکتۆر چۆمان دەڵێت: "جێگەی دڵخۆشییە کە لە سەرەتای پرۆسەیەکی گەورەی لێکۆڵینەوە و زانین و داهێنانداین." ھەروەھا وتی. "لێکۆڵینەوە لە پیاوەتی هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە لەم هەرێمەدا. ئەم پڕۆژەیە هەوڵدەدات بۆ لێکۆڵینەوە لەو میکانیزمانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی شێوازێک لە پیاوەتی توندوتیژ و مافپێدراو کە دەبێتە هۆی بەقوربانییکردنی ژنان، بەو هیوایەی کە بەشێوازێکی ئەرێنی بیگۆڕین."

ئەم پرۆژە نوێیەی  فەندی بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە و داهێنان دوایین دەستپێشخەری سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانە کە پێشتر بە بڕی ٩٠٠،٠٠٠ یۆرۆ لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ دا خەڵاتکرابوو بۆ پڕۆژەیەکی دوو ساڵی. پرۆژەکەی یەکێتی ئەوروپا ھەوڵ بۆ بەهێزکردنی گەشەپێدانی پەروەردەیی لە بواری جێندەردا لە هەر سێ وڵاتەکانی (عێراق، میسر، لوبنان) دەدات وھەروەھا  گەشەپێدانی توانای کۆمەڵگا لەڕێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بواری جێندەر و چالاکوانیدا.

فەندەکانی تری سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێکهاتبوون لە هاوبەشییەک لەگەڵ سەنتەری خوێندنە جێندەرییەکانی زانکۆی بۆڵ ستەیت. سەنتەرەکە هاوبەشیشی لەگەڵ ئاژانسی ئینتەرنیوز کرد بۆ تیشک خستنە سەر توندوتیژییە سێکسی و جێندەرییەکان لە میدیادا.