زانکۆی ئەمریکی لەعێراق – سلێمانی کۆمەکێکی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی فێرخوازان بەدەست دەهێنێت

Monday, August 7, 2017 - 17:30

 

پارەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئەو مینحانەی لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی ئەکادیمی دەبەخشرێن ، لەکاتێکدا کە ناوچەکە توشی نەهامەتییەکی ئابوریی سەخت بوە

مانگی ئابی ٢٠١٧ (سلێمانی - عێراق): زانکۆی ئەمریکی لەعێراق – سلێمانی ، رایگەیاند : وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مینحەیەکی بەبەهای پێنج ملیۆن دۆلار بۆ زانکۆکە تەرخان کردوە .

ئەم مینحەیە کە بڕیارە لەساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا وەربگیرێت ، تەرخان دەکرێت بۆ پاڵپشتیکردنی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق – سلێمانی ، لەڕێی پارەدارکردنی پرۆگرامی مینحەکانی خوێندنەوە کە لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی ئەکادیمی دەبەخشرێن .

جێی سەرنجە حاڵی حازر زیاد لەنەوەت دەرسەد (٪٩٠) ی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ، بەشێوەیەک لەشێوەکان داشکاندنی کرێی خوێندن گرتونیەوە ، بەهۆی ئەو مینحانەی خوێندنەوە کە لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی ئەکادیمی و چاودێریی کۆمەڵایەتی دەبەخشرێن . ئەم مینحە نوێیەش کە لەمانگی ئازاری ٢٠١٧ دا زانکۆکە پێشنیاری کردوە دەسەتەبەر بکرێت ، بۆ پڕکردنەوەی ئەو رێژانەی داشکاندنە کە لەکرێی خوێندندا کراون و زانکۆکە بەخۆی لەئەستۆی گرتون .

بەم بۆنەیەوە بەڕێز (بروس فیرگسون : سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق - سلێمانی) سوپاسگوزاری و پێزانینی زۆری خۆیی بۆ گەل و حکومەتی ئەمریکا دەربڕی ، وتی :

"ئێمە سوپاسگوزاری حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو گەلەکەیین بۆ ئەم کۆمەکە سەخاوەتمەندانەیەیان" .

وتیشی : "ئەم کۆمەکە کارێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی ئاشتییەکی چەسپاو لەناوچەکەدا ، هاوکارمان دەبێت بۆ بەشداریپێکردنی ئەو گەنجە رۆشنگەرانەی کە خاوەنی لێوەشاوەیی و رۆشنبیری و پابەندین بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان و کۆمەڵگەکانیان"

بەڕێز سەرۆکی زانکۆ هەروەها ستایشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای کرد کە درک بەبایەخی خوێندن دەکات ، وتی : " وەبەرهێنان لەخوێندندا وەبەرهێنانە لەداهاتودا ، لەبەرئەوە ستایشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەین بۆ درککردنی بەم راستییەو پاڵپشتیکردنی لەزانکۆکە ، کە بەشێکی گرنگە  لەکۆمەڵگەیەکی بێوەی و گەشەکردوی دوای جەنگ "

بەگوێرەی قسەی بەرپرسێک لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ، تیمی دیبلۆماسیی ئەمریکا لەعێراق ، پشتگیریی ئامانجەکانی زانکۆی ئەمریکا لەعێراق دەکات کە خۆ دەبیننەوە لەفێرکردن و راهێنانی سەرکردەگەلی دواڕۆژ لەوڵاتەکەدا ، لەڕێی پەرەپێدانی شێوازی ئەمریکییەوە لەپەروەردەو فێرکردن کە جەخت دەکاتە سەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە ، لێبوردەیی ، پێشخستنی بەهرەمەندیی پیشەیی و بەشداریی کۆمەڵایەتی و لەئەنجامیشدا دەبێتە هۆی خستنەوەی یەکڕیزی و یەکانگیری لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵاتەکەدا ، هەروەها لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا . وێڕای هەمو ئەوانە ، حکومەتی ئەمریکا لەڕێی کۆمەککردنی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکییەوە لەسلێمانی ، هەوڵ دەدات بۆ چەسپاندنی ئاییندەیەکی بێوەی و تۆکمەو رۆشن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق .    

شایانی ئاماژەپێدانە : زانکۆی ئەمریکی لەعێراق – سلێمانی ، یەکەمین دامەزراوەی ناحکومییە بۆ خوێندنی باڵا لەعێراقدا کە بەدوای قازانجەوە نییە ، کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سودی گشتی ، هەروەها یەکەمین زانکۆی ناحکومییە لەعێراق و هەرێمی کوردستاندا کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە بەفەرمی  ددانی پێدا نرابێت ، پرۆگرامە ئامادەسازییە ئەکادیمییە پێشڕەوەکەشی ، تاقە پرۆگرامی ئینگلیزییە لەعێراقدا ، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بەفەرمی ددانی پێدا نرابێت ، فێرخوازەکانی ئەم زانکۆیە تاڕادەیەک نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دەکەن ، لە : کورد ، عەرەب ، تورکمان ، سوننەو شیعە ، ئێزدی و مەسیحی ، وێڕای پەنابەرانی سوری ، رێژەی رەگەزی مێ لەناویاندا سی و پێنج دەرسەدە ٪٣٥ ، زانکۆکە حاڵی حازر پێنج جۆر پسپۆڕیی ئەکادیمیی دەستەبەر کردوە :  هەندەسە ، کارگێڕیی کار ، تەکنەلۆجیای زانیاری ، دیراساتی نێودەوڵەتی ، زمانی ئینگلیزی .