زانکۆمان دیسانەوە لەڕیزی باشترین زانکۆ ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستاندا پۆلێن کرا | The American University of Iraq Sulaimani

زانکۆمان دیسانەوە لەڕیزی باشترین زانکۆ ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستاندا پۆلێن کرا

Sunday, November 25, 2018 - 11:30

زانکۆی ئەمریکیی عێراق ، سلێمانی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ، لەڕیزی باشترین زانکۆ ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستاندا پۆلێن کرا ، وەک ئەوەی یوسف گۆران – وەزیری وەزارەتی ناوبراو ، رۆژی ٢١ ی تشرینی دوەمی ٢٠١٨ ، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند .

پێوەرەکانی ریزبەندییەکە ئەم شتانە دەگرێتەوە : دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ ، توانای زانستیی ئەندامانی دەستەی وانەبێژی ، هەڵسەنگاندنی فێرخوازان ، کتێبخانە ، سەرچاوەی ئەکادیمی ، شەراکەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و چاودێریکردنی کوالیتیی خوێندن . پاڵپشت بەو پێوەرانە ، وەزارەت ساڵانە ریزبەندی بۆ زانکۆ حکومی و ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات . لەو دەمەوە کە ئەم نەریتە ساڵانەیە بەڕیوە دەبرێت "لەساڵی ٢٠٠٩ ەوە" ، زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەرزترین پلەی لەناو لیستی زانکۆ ناحکومیەکانی هەرێمدا بەدەست هێناوە .

زانکۆمان ، پابەندییەکی ئەکادیمیی نایابی لەخۆی پیشانداوە کە بۆتە هۆی دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئەکادیمیی سەربەخۆی پشتبەستو بەفێرخواز ، لەو چوارچێوەیەدا چەندین بڕوانامە دەبەخشێت ، لەوانە : یاسا ، ئەندازیاریی سۆفتوێر ، وەرگێڕان ، بڕوانامەی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی ئەریزۆنا "کە بڕیارە دەستەبەر بکرێت" ، لەپاڵ چەندین بڕوانامەیتر لە : ئەندازیاری ، زانستی تاقیگەی پزیشکی ، بیزنس ، هەروەها تەکنەلۆجیای زانیاری .   

بەم بۆنەیەوە ، پرۆفیسۆر بروس فیرگسون – سەرۆکی زانکۆ ، رایگەیاند : "زانکۆی ئەمریکیی عێراق ، سلێمانی بۆ پێشکەشکردنی خوێندنێکی زانکۆیی کوالیتی بەرز دامەزراوە ، کە وەزیفەی باش بۆ دەرچوانمان دەستەبەر بکات ، وێڕای دەستەبەرکردنی هەلی تەواوکردنی خوێندنی باڵا لەباشترین زانکۆ جیهانیەکان" . هەروەها وتی : "سوپاسی وەزارەت دەکەین بۆ ئەو رێزەی کە لەئەرکە زانستییە گرانەکەی کۆمەڵگەی زانکۆی ئەمریکیی عێراق ، سلێمانیی گرتوە" .

شایانی باسە پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی کە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی فێرخواز فێری ئینگلیزییەکی باش ببێت و بەباشی خوێندنەکەی تەواو بکات ، تاقە پرۆگرامە لەجۆری خۆی لەعێراقدا ، کە لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە متمانەی پێدراوە . هەروەها بڕوانامە هاوبەشەکەی تەک زانکۆی ئەریزۆنا "کە بڕیارە دەستەبەر بکرێت" ، یەکەمین بڕوانامەیە لەجۆری خۆی لەعێراقدا ، کە زەمینە بۆ فێرخواز دەڕەخسێنێت ببێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەزانکۆیەکی ئەمریکی ، بەبێ ئەوەی عێراق جێبهێڵێت .

Tags: