دەستەى ئەمیندارانى زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانی سەرۆکی نوێی هەڵبژارد

Sunday, November 6, 2016 - 13:30

سلێمانى، ڕۆژى ٦ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ 

دەستەى ئەمیندارانى زانکۆى ئەمریکى لەعێراق، سلێمانى، لە کۆبونەوەى ساڵانەى خۆیدا كه لە ڕێکەوتى ١ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، د. جیل دێربى وەک سەرۆکى نوێی دەستەکە هەڵبژارد. ئەم هەڵبژاردنە پێويست بوو بە هۆى تەواوبوونی ماوەی كاری د. بەرهەم ساڵح وەك  سەروكی دەستەی ئەمينداران بە پێی ياسا و ڕێسای زانكۆ.  

تۆماس فریدمان، نوسەر و بيرمەندی ناسراوی ئەمريكا،  لە ووتارێکی ڕۆژنامەى نیۆرک تایمز دەربارەى زانکۆى ئەمریکى سلێمانی نوسیویەتى: " نزیکەى دە سال دەبێت زانکۆى ئەمریکى لەعێراق، سلێمانى وەک پێگەیەکى پێشەنگ  لە کرانەوە وداهێنان و خوێندن لە باشترین ئاستدا دامەزراوە و ئێستا باشترين ئۆمێدە  بۆ عێراق و ناوچەكه

د. جیل دێربى وەک سەرۆکى نوێى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ لە باسى سەرۆکى پێشوى زانکۆدا وتى:" زانکۆى ئەمریکی سلێمانی زانکۆیەکی نايابە بە ئاڕاستەی گەشەپێدانی كۆمەڵگەى كوردستان و عێراق، و خويندكاران به تيزەكانی كرانەوە و  فرەچەشنی پەروەردە دەكات. و ئەو سەرکەوتنە بەرچاوەی زانكوش بە هۆی دەستپێشكەری  د. بەرهەم ساڵح و هاندانى بەردەوام و  تێروانینی بۆ ئایندە بووە، و جێگەى پێزانين و ڕيزلێنانە. منیش هەوڵى تەواوى خۆم دەدەم  بو گەشەپێدانى زانکۆ بۆ بەرزترین ئاست و خزمەتكردنی خوێندكارەكانى." 

شایەنى باسە د. دێربى لە ئەیلولى ٢٠١٢ ەوە ئەندامى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆیە و پێشتریش لە پۆستى جێگرى سەرۆکى دەستەکەدابووە

سەرۆکى زانکۆى ئەمریکى پرۆفیسۆر بروس فیگرسون پیرۆزبایى ئاراستەى د. دێربى کرد وەک سەرۆکى دەستەى ئەمینداران و وتى "هەوڵەکانى د. بەرهەم بۆ زانکۆکە وەک دامەزرێنەر و خاوەن روئیا زۆر گرنگ بوون لە ناساندنى  خويندنى لیبرال لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەزمونى دوورودرێژى د. دێربی لە بوارى خوێندنى باڵادا یارمەتیدەر دەبێت لە گەیاندنى زانکۆى ئەمریکى بە ئاستێکى تر لە کوالێتى بەرزی خوێندن. بەخۆشحاڵیەوە چاوەروانى کارکردنم لەگەڵ سەرۆكی نوى و دەستەی ئەمیندارن بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی فیرخوازان و مامۆستایانى زانکۆ."

لەمیانەى کۆبونەوەکەدا دەستەى ئەمینداران لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ د.بەرهەم دەربڕى " بەناوى کارمەندان و مامۆستایان و فێرخوازان و دەرچوان و ئەندامانى ترى زانکۆى ئەمریکى لە عێراق ،سلێمانى دەستەى ئەمینداران  دەستخۆشى و سوپاسى بێ پایانى ئاراستەى د. بەرهەم ساڵح دەکات بەرامبەر دەستپێشكەری و  تێڕوانین و ڕابەرایەتى کردنی بە درێژایى دە ساڵى رابووردوو لە پێناو زانکۆ، و دەوری وەک دامەزرێنەر و سەرۆکى دەستەى ئەمینداران لە ماوەی ڕابوردوو مایەی پێزانین و رێزلێنانە"

هەروەها دەستەى ئەمینداران بەڕێز د. بەختیار شەمسەدینیان وەک جێگرى سەرۆک هەڵبژارد.

لەپەیامێکى تردا دەستەى ئەمینداران سوپاسى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و هێزى سەربازى عێراقی و هێزەکانى ئاسایش و هێزى سوپاى ئەمریکى هێزى هاوپەیمانان و یەکەکانى ترى ئاسایشیان کرد لە پارێزگارى کردن لە سەلامەتى و سەرو ماڵى هاوڵاتیانى کوردستان و سەرتاسەری عێراق

 زانكوی ئەمريكی دامەزراوەیەکی ئەکادیمیە بە شێوازی فێرکردنی زانکۆکانی ئەمریکا خوێندکاران پەروەردە دەکات. لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە لە سلێمانی. زانکۆ موڵکی کەس نیە، پشکی کەسی تیا نیە، داھاتی بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نیە، ھەموو چالاکی و کارەکانی بۆ ئامانجی زانکۆ تەرخانە، ئامانج و پێناسەی خزمەتی بەرژەوەندی گشتیە. تەنانەت لە حاڵەتی ھەڵوەشاندنەوەشی، بە پێی پەیرە و وپێناسەی زانکۆ، مومتەلەکاتی زانکۆ و کارەکانی دەگەرێتەوە بۆ حکومەتی ھەرێم یا دەزگایەکی خزمەتی گشتی.  

بۆ زانیارى زیاتر سەبارەت بە دەستەى ئەمیندارانى زانکۆى ئەمریکى تکایە سەردانى ئەم لینکە بکەن www.auis.edu.krd/board-trustees

چەند زانیاریەک لەسەر د جیل دێربى: ڕاوێژکاری پسپۆڕی دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و خويندنى بالايە ، بۆ ماوەى زیاتر لە دەساڵ هاوکاری بەڕیوەبردنی دەستەى ئەمینداران بووە لە خوێندنى باڵاى ئەمریکا و کەنەدا. د. جیل دێربى لە دوو زانکۆی نیڤادا کاری کرددوە پێش ئەوەى بچێتە بوارى بەڕێوەبردنی سیاسەتى خويندنی بالا لە ويلایەتی نیڤادا. هەروەها لە ساڵى ٢٠١١ بە بریاری ئەنجومەنی سێناتی ئەمریکا، د. دێربى وەک ئەندامی ئەنجومەنى ڕاوێژکارى نیشتیمانی بۆ کوالیتی ئاستی خویندنی باڵا دەستبەکاربووە. خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە لە زانکۆى کالیفۆرنیا، داڤیس و شارەزایە لە ئەنترۆپۆلۆجی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست