دیداری شەشەمی سلێمانی چەندین سەرکردەو پسپۆڕ دێنێتە سلێمانی | The American University of Iraq Sulaimani

دیداری شەشەمی سلێمانی چەندین سەرکردەو پسپۆڕ دێنێتە سلێمانی

Monday, April 1, 2019 - 10:30
 

لەژێر ناونیشانی "عێراق و وڵاتانی دراوسێی: بەرەو سیستمێکی نوێی هەرێمایەتی"، رۆژانی ٦ و ٧ ی ئازاری ٢٠١٩، دیداری شەشەمی سلێمانی، لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەڕێوەچو. ئەم روداوە، ئەمساڵ، لەماوەی دوو رۆژدا، چەندین کەسایەتیی گرنگی، لەسیاسەتوانی دەرکەوتوی بڕیاربەدەست و کەسانی خاوەن بەرژەوەندی و خەڵکی پسپۆڕ گرتەخۆ، کە تیایدا چەندین دانە لەو دۆسییە گرنگانەی حاڵی حازر روبەڕوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونەتەوە، تاووتوێ کران. گفتوگۆکان ئەو هۆکارانەشیان گرتەوە کە پێویستن بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و حوکمی رەشیدو گەشەی ئابوری لەعێراق و ناوچەکەدا.

ئەم دیدارە هەروەها، گفتوگۆی نێوان چەندین گەورە بەرپرسی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و کەسی پسپۆڕی لێکەوتەوە، لەو نێوەدا تیشک خرایە سەر چوارچێوە ئابوری و ئەمنی و سیاسییە نوێیە هەرێمایەتیەکان، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیی بەعێراقەوە هەیە.

چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگ و بابەتە هەنوکەییانەی روبەڕوی عێراق بونەتەوە: گەنجان، ژێرخانی ئابوریی وزە، گەشەی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان، رێکخستنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، کێشەی کەمئاوی و پاراستن و دەستدانەباڵی کەمینە ئایینی و ئیتنیکییەکان، بەشێکی تری سەرەکی بون لەگفتوگۆکان.

لەپەراوێزی دیدارەکەدا، چەندین مێزگرد دەربارەی سیاسەتی گشتی بەڕێوەبران، کە چەندین گەورە بەرپرس و پسپۆڕیان لەدەوری یەکتر کۆکردەوە بۆ تاووتوێکردن و چارەسەرکردنی چەند بابەتێک، لەوانە: گەشەی دامەزراوە تایبەتیەکان، بنیاتنانەوەی موسڵ، پەرەسەندنە نوێیەکانی نێوان لایەنە ئەمنییە عێراقیەکان.   

دیداری ئەمساڵ، وێڕای چەندین کەسایەتی و بەرپرسی دیکە لەحکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە: فەخامەتی سەرۆککۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح، وەزیری نەوت سامر غەزبان،  وەزیری کارەبا لوئەی خەتیب و وەزیری رۆشنبیری عەبدولئەمیر ئەلحەمەدانیی گرتەخۆ. هەروەها وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردونی تاریق ئەلحەموری، بەمەبەستی تاووتوێکردنی هاریکاریی ئابوری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، بەشداریی دیدارەکەی کرد، لەپاڵ چەندین گەورە بەرپرسی دیکەی هەرێمی، وەک: عەمرو موسای ئەمینداری پێشوی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی.

لەڕێوڕەسمی دەستپێکی دیدارەکەشدا، چەندین کەسایەتیی دیار لەUNAMI  و UNITAD و IFC و بانکی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای گەورەی وەک GE و Siemens  و BP و Total و Chevron ئامادەبون.

 شایانی باسە لەدانیشتنەکانی دیدارەکەدا چەندین پسپۆڕ بەشدارییان کرد، لەوانە: مینا ئەلعورەیبی لە The National، روبن رایت لە USIP و New Yorker، هەروەها پیتەر بێرگن لە CNN و New America، لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لەدیپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتان لەعێراق.