خولێکی راهێنان دەربارەی سەرکردایەتیکردن بۆ هەندێک پیشەوەری عێراقی | The American University of Iraq Sulaimani

خولێکی راهێنان دەربارەی سەرکردایەتیکردن بۆ هەندێک پیشەوەری عێراقی

Wednesday, August 15, 2018 - 13:00

زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، رۆژی ١ بۆ ٦ ی تەمموزی ٢٠١٨ ، خولی یەکەمی پرۆگرامی (ئەکادیمیای سەرکردایەتیکردن بۆ پەرەپێدان - عێراق / LAD-IQ) ی گرتەخۆ . پرۆگرامەکە کارێکی هاوبەشە لەنێوان سەنتەری دکتۆر فرانسیس فۆکۆیاما بۆ دیموکراتی و پەرەپێدان و سەروەریی یاسا (CDDRL) لەزانکۆی ستانفۆردو سەنتەری پڕۆژە نێودەوڵەتییە تایبەتیەکان (CIPE) و سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراتی (NED) . لەڕێی ئەم پرۆگرامەوە ، ٣٠ کەسی عێراقی "لەبەرپرسی گەورەو مامناوەندیی حکومی ، کەسانی ئەکادیمی ، کەسانی پێشەنگ لەبواری بیزنس ، هەروەها لەبواری کارو چالاکیی مەدەنی" ، لەسەرلەبەری ناوچەکانی وڵاتەکەوە ،  بەپێی پرۆسەیەکی کێبەرکێئامێز ، هەڵبژێردران ، بۆ ئەوەی لەسەر دەستی راهێنەرانی پیشەوەر راهێنان بکەن .

پرۆگرامەکە کە چوار رۆژی خایاند ، جەختی لەسەر ئەو ئالیەتانە کردەوە کە حکومەت دەتوانێت لەڕێیانەوە هانی کەرتی تایبەت بدات و وای لێبکات بتوانێت رۆڵێکی گەورەترو بنیاتنەرتر بگێڕێت لەگەشەی ئابوری و پەرەپێداندا .

ئەو بابەتە سەرەکیانەی لەمیانەی راهێنانەکەدا تاووتوێ کران بریتی بون لە :

  • رۆڵی دەوڵەت و دامەزراوەکان وەک پاڵنەر لەپەرەپێدانی کەرتی تایبەت و گەشەی ئابوریدا .
  • چاکسازیکردن لەپێناوی باشکردنی کاری حکومەتدا ، بەتایبەتی  هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و چەسپاندنی لامەرکەزیەت .
  • ستراتیژو پلان و بۆ چارەسەرکردنی دۆسییە نافەرمیەکان .
  • شەراکەتی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی لەبونیاتنانی ژێرخانی وڵاتدا .   

شایانی باسە رۆژی کۆتایی راهێنانەکە ، چەند نماییشێکی هاوبەش بەڕێوە بران ، کە بەشداربوان ئامادەیان کردبون . لەڕێی نماییشەکانەوە تاووتوێی چەندین بابەت کران ، لەوانە : پاشماوەی پلاستیکی لەپارێزگای  بابل ، بڵاوبونەوەی بێکاری لەناو دەرچوانی زانکۆکان لەناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق ، هەروەها مافی ژن لەبازاڕی کاردا .

لەکۆتاییشدا بڕوانامەی تایبەت  بەخشرایە بەشداربوان لەپای بەشداریکردنیان لەپرۆگرامەکەدا.