بەشی ئەندازیاری بەخێرهاتنی دوو یاریدەدەری نوێی تاقیگە دەکات

Sunday, September 16, 2018 - 13:45

 

لەچوارچێوەی پلانەکانی بەشی ئەندازیاری بۆ باشترکردنی بەشەکەو گەشەپێدانی ، دوو یاریدەدەری نوێی تاقیگە لەبەشەکە دەستبەکار بون بۆ هاوکاریکردنی فێرخوازان و مامۆستایان لەتاقیگە ئەندازیاریەکان . هەنار هادی و هاژی رۆژ ، دوو دەرچوی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانین ، کە لەکاتی خوێندنیاندا لەزانکۆکە تونایەکی زۆر باشیان هەبوەو لەسەروەختی تەخەڕوجکردنیانەوە تا ئێستا پڕبەدڵ ئارەزویان کردوە خزمەتی زانکۆکە بکەن .

هەنار هادی دەرچوی بەشی ئەندازیاریی میکانیکییە ، حاڵی حازر وەکو یاریدەدەری تاقیگەیی ئەندازیاری ، لەزانکۆکە کار دەکات . زۆر لێبڕاوانە ئارەزوی سەرکردایەتیکردنی فێرخوازان دەکات ، ئەمەس لەپێناوی قوڵکردنەوەی تێگەیشتنی فێرخوازان لەو بابەتە تیۆریانەی کە لەڕێی  کۆرسە جۆراوجۆرەکانی ئەندازیارییەوە فێریان دەبن . بێگومان فێرخوازان دەتوانن داوای هاوکاری و یارمەتیی لێبکەن بۆ بەکارهێنانی تاقیگەکان لەچەندین پڕۆژەو چالاکیی فێرکاریدا.

هەنار ، وەک یاریدەدەر لەتاقیگەی فیزیا ، هەروەها وەک مامۆستا لەسەنتەری ئەندازیاری ، لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی کاری کردوە . جگەلەوە ، هاوکات کە فێرخواز بوە لەزانکۆ ، مامۆستاش بوە لەقوتابخانەیەکی ئەهلی . هەنار لێرە بەدواوە یارمەتیدەر دەبێت لەئاسانکردنی پرۆسەی فێربوندا ، لەڕێی دەستەبەرکردنی وزەی پێویستەوە بۆ راهێنانی نەوە نوێیە ئەندازیارەکەی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی .

 

هاژی رۆژیش دەرچوی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی – بەشی ئەندازیاریی بنیاتنانە ، وەک یاریدەدەری تاقیگە لەگەڵ هەنار کار دەکات ، ئامادەیە بۆ بەخشینی ئەو زانیارییە قوڵەی لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەدەستی هیناوە ، بەفێرخوازە نوێیەکانی بەشی ئەندازیاری .

هاژی ، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە فێرخواز بوە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، وەک یاریدەدەر لەتاقیگەی فیزیا ، هەروەها وەک مامۆستای بیرکاری کاری کردوە . لەبواری پسپۆڕیەکەی خۆیدا ، زۆر سازو لەسەرپێیە ، ئامانجی بەتەنها ئەوە نییە فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری ئاراستە بکات ، بەڵکو ئامانجی ئەوەشە چارەسەر بۆ ئەو ئاستەنگیانە بدۆزێتەوە کە وەک فێرخوازێک لەکاتی خوێندنیدا لەزانکۆکە روبەڕویان بۆتەوە ، ئەمەش لەپێناوی باشترکردنی بەشی ئەندازیاریدا.

هاژی ، وێڕای پسپۆڕیەکەی خۆی لەبواری ئەندازیاریدا ، چەندین ئارەزوی  هەیە ، وەک : دیزاینی گرافیکی ، گیتارژەندن ، وێنەکێشان ، و ... هتد .

دکتۆر هێمن لەتیف – راییکاری کاروباری سەرۆکی بەشی ئەندازیاری ، لەمبارەیەوە وتی : "زۆر خۆشە فێرخوازانی خۆت ببینیتەوە گرەو لەکاندیدانی تر ببەنەوە بۆ پڕکردنەوەی پۆستێکی وەکو ئەمە . بینینەوەی هەنارو هاژی لەگەڕانەوەیاندا بۆ زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەباشکاریەکان و پەرەپێدانی لایەنی کارگێڕی ، ئاماژەیە بۆ داهاتوی زۆر رۆشنی ئیدارەکەمان" .

فێرخوازان دەتوانن پەیوەندی بەهەنارو هاژییەوە بکەن بۆ هەر پرسیارێک دەربارەی تاقیگە ئەندازیاریەکان.