بەخشینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەیاسادا بەهاوکاریی کۆلیجی ماف لەزانکۆی ستانفۆرد

Sunday, September 2, 2018 - 10:45

 

دکتۆر بروس ووکر فیرگسون – سەرۆکی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، ئەمڕۆ ٢ ی ئەیلولی ٢٠١٨ ، رایگەیاند : لەمەودوا زانکۆکە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەیاسادا دەبەخشێت ، بۆ ئەو کارەش رەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێناوە .   

ئەم راگەیاندنە ، روی لەو فێرخوازانەیە کە پێنج ساڵ خوێندنی چڕوپڕیان تەواو کردوە ، بەخوێندنی زمانی عەرەبی و ئینگلیزییشەوە ، هەروەها شارەزاییەکی کردەوەیی تێروتۆخیان لەبواری راهێنان و تەدریبدا هەیە .

ئەم پسپۆڕییە نوێیە ، چەندین خولی خوێندن لەبواری یاسادا ، لەسەر ئاستی زانکۆکە ، بەزمانی عەرەبی و کوردی ، دەستەبەر دەکات ، وێڕای کۆمەڵێک خولی چڕوپڕ لەبواری زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتیەکان کە بەبەشێکی گرنگ لەمەنهەجە بەناوبانگەکەی زانکۆکە دەدرێنە ئەژمار .

پرۆگرامی خوێندن لەبواری یاسادا لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، بەهاوکاریی کۆلیجی ماف لەزانکۆی ستانفۆرد گەشەی پێ دراوە ، ئەوەبو بەهاری رابردو ، چەند فێرخوازێکمان "لەوانەی کە بەدەم خوێندنی پسپۆڕییە سەرەکیەکەیانەوە ، پسپۆڕییەکی لاوەکییشیان لەبواری یاسادا لەزانکۆکە خوێندبو" بەنوێنەرایەتیی زانکۆکەمان ، بەشدارییان کرد لەخولی کۆتایی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی جیسوب لەبواری یاسا ، کە لەواشنتن بەڕێوەچو.  

بەم بۆنەیەوە ، دکتۆر فیرگسون – سەرۆکی زانکۆ ، وتی : "سوپاسی وەزارەت دەکەین بۆ رەزامەندیکردنیان لەسەر ئەم پسۆڕییە نوێیە داهێنەرانەیە ، بەتەمای بەردەوامیدانیشین بەهاوکاریی درێژخایەنی نێوان  زانکۆکەمان و زانکۆی ستانفۆرد" . هەروەها وتی : "ئەم پسپۆڕییە نوێیە بۆ ئەوە دیزاین کراوەو داڕێژراوە کە فێرخوازانمان دوای تەخەڕوجکردنیان هەلی کاری باشیان لەعێراق و لەهەرێمی کوردستان دەست بکەوێت ، بەتایبەتی پاش هەڵکشانی خواستی خاوەنکاران لەسەر پارێزەرانی لێوەشاوەو لێهاتو ، لەوانەی کە ئاگایی و هوشیارییەکی بەهێزیان لەبواری یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە ، لەپاڵ یاسا نیشتیمانی و هەرێمایەتیەکان" .

 لەلای خۆیەوە ، پرۆفیسۆر ئیریک جنسن – بەڕیوەبەری پرۆگرامی یاسا لەکۆلیجی ستانفۆرد بۆ ماف و ئەندامی دەستەی وانەبێژی لەسەنتەری ستانفۆرد بۆ دیموکراتی و پەرەپێدان و سەروەریی یاسا (CDDRL)  ، پێشوازیی لەهەواڵەکە کردو وتی : "ئێمە خۆشحاڵین" . هەروەها وتی : "لەشەش حەوت ساڵ لەمەوبەرەوە ، لەگەڵ زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی پەیوەندیی شەراکەتمان هەیە ، پێشتر پسپۆڕیی لاوەکیمان لەبواری یاسادا بۆ فێرخوازانیان دابین دەکرد ، ئێستا وا پسپۆڕیی سەرەکییان لەبواری یاسادا بۆ دابین دەکەین" . جنسن وتیشی : فێرخوازانمان لەکۆلیجی ستانفۆرد بۆ ماف ، بەکردەوە دەستیان کردوە بەنوسینی کارنامە بۆ کۆمەککردنی پرۆسەی دیزایینکردن و داڕشتنی مەنهەجی خوێندنی تایبەت بەبەکەلۆریۆسی یاسا لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی" .    

شایانی باسە لەمڕۆوە دەست دەکرێت بەوەرگرتنی داواکاریی پەیوەستبون بەزانکۆکەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەیاسادا . بۆ ئەو مەبەستە ، فێرخوازانی ئارەزومەند دەتوانن پەیوەندی بکەن بە "بەشی وەرگرتن" ەوە لەزانکۆکە ، لەڕێی ئەم ئیمەیڵەوە : admissions@auis.edu.krd