کۆڕێک و وۆرکشۆپێک دەربارەی blockchain technology | The American University of Iraq Sulaimani

کۆڕێک و وۆرکشۆپێک دەربارەی blockchain technology

Sunday, November 18, 2018 - 17:15

 

لەچوارچێوەی چالاکییە بڕیارلێدراوەکانی وەرزی پاییزی ٢٠١٨ یدا، بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی، بەهاوکاریی رێکخراوی Re: Coded ی قازانجنەویست، رۆژی ٣٠ ی تشرینی یەکەم و ١٠ ی تشرینی دوەم، کۆڕێک و وۆرکشۆپێکی دەربارەی blockchain technology، دوابەدوای یەک رێک خست. هەردو روداوەکە: کۆڕەکەو وۆرکشۆپەکە، لەلایەن ئیحسان ئیبراهیمەوە، کە پسپۆڕە لە blockchain و راهێنەرە لە Re: Coded، سەرۆکایەتی کران.

لەمیانەی کۆڕەکەدا، ئیحسان ئیبراهیم پێشەکییەکی دەربارەی blockchain technology و چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە لەپیشەسازیی تەکنەلۆجیای زانیاریدا پێشکەش کرد، وێڕای شیکردنەوەی زاراوە سەرەکیەکانی تایبەت بەبابەتەکە. لەمیانەی وۆرکشۆپەکەشدا کە کەوتە پاش کۆڕەکە، وردەکارییەکی تەکنیکیی فراوانتری دەربارەی blockchain پێشکەش کرد، لەگەڵ چەندین نمونەی پراکتیکی. لەبەشی دوەمی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانی بەشدار رێنمایی کران بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پراکتیکی دەربارەی بابەتەکە.

لەلای خۆیەوە، دکتۆر هێمن لەتیف – مامۆستای یاریدەدەرو سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری لەزانکۆکە، رایگەیاند: "دامەزراندنی پەیوەندییەکی فیکری، لەنێوان کۆلیجی تەکنەلۆجیای زانیاری و پێشڕەوانی بواری تەکنەلۆجیا زانیاری، هەروەها پاراستنی ئەو پەیوەندییە، کارێکی زۆر گرنگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن". وتیشی: "لەبوارێکی وەکو بواری تەکنەلۆجیای زانیاریدا، هیچ کام لەکەرتی پیشەسازی و کەرتی خوێندنی زانکۆیی، ناتوانن بەتەنیا خۆیان زانیاریی پڕاوپڕ ببەخشنە فێرخوازان".

هاوکات فێرخوازی بەشداربوی وۆرکشۆپەکە – کامەران ئەشرەف، پێی وایە ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە، روانگەی خەڵک بۆ پەیوەندییکردن لەڕێی ئینتەرنێتەوە، دەگۆڕێت.

شایانی باسە بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، چەندین کۆڕو وۆرکشۆپی لەمیانەی ئەم کۆرسەی خوێندندا بەڕێوە بردوە، بەئامانجی ناساندنی بابەتە زۆرو زەوەندەکانی جیهانی تەکنەلۆجیا بەفێرخوازان.