یاسا | The American University of Iraq Sulaimani

یاسا

بەشی یاسا لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، وەك دامەزراوەیەکی یاسایی ناوازە لەکوردستان و عێراق ، بەهەماهەنگیی زانکۆی ستانفۆرد کراوەتەوە کە یەکێکە لەباشترین زانکۆکانی بواری یاسا لەئەمریکا . ئەم بەشە ، هەوڵ دەدات پرۆگرامێکی چڕوپڕو هەمەلایەن دابین بکات ، کە ببێتە هۆی ئەوەی فێرخوازان پەرە بەتواناکانیان بدەن و بەها پیشەییەکانیان ببەنە ئاستێکی بەرزتر ، بەجۆرێک کە سەرەنجام بتوانن پیشەی دادوەری لەوڵاتەکەدا پێش بخەن.

بەشی یاسا لەزانکۆکەمان ، بەوریاییەوە ، رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ، لەگەڵ سیستمی خوێندنی لیبراڵ لێکهەڵدەپێکێت ، بۆ ئەوەی گروپێک لەبەهرەمەندترین و پڕزانیاریترین دەرچوانی بەشی یاسا لە ناوچەکە بەرهەم بهێنێت کە بتوانن وێڕای زمانە ئینگلیزییە باشەکەیان ، زمانی کوردی و عەرەبییش لەدادگاکان و راییکردنی کاروبارە یاساییەکاندا بەکاربهێنن .