ڕێنماییەکانی خۆتۆمارکردن و جێهێشتن | The American University of Iraq Sulaimani

ڕێنماییەکانی خۆتۆمارکردن و جێهێشتن

رێنمایی دەربارەی خۆناونوسکردن لەبەشی ناوخۆیی ، هەروەها چۆڵکردن و جێهێشتنی بەشی ناوخۆیی : -

خۆناونوسکردن لەبەشی ناوخۆیی :

لە کاتی خۆناونوسکردندا لەبەشی ناوخۆیی ،  فۆرمێکت دەدرێتێ کە رەوشی ژورەکانی تێدا بەیان کراوە : چییان تێدایە ، شتەکانی کە تێێاندان ساغن یان شکاو ، دەرودیوارو پەنجەرەیان چۆنە ؟
فۆرمەکە ئیمزا دەکەیت و لەماوەی ٢٤ سەعاتدا دەیگەڕێنیتەوە بۆ سەرپەرشتیاری بەشی ناوخۆیی بۆ ئەوەی ناوت لەلای خۆی تۆمار بکات .
هەروەها لەکاتی وەرگرتنی کلیلی شوێنەکەشتدا ئیمزایەکی ترت پێدەکرێت .

ئەگەر کەموکوڕییەک لەژورەکانتدا هەبو کە لە (فۆرمی دیاریکردنی رەوشی ژورەکان) دا بەیان نەکرابو ، دەبێت بەزوترین کات سەرپەرشتیاری بەشی ناوخۆیی لێ ئاگادار بکەیتەوە ، ئەگەرنا ئەوا دواجار خۆت بەرپرس دەبیت لەچاککردنەوەی ئەو کەموکوڕییە لەکاتی چۆڵکردنی شوێنەکەتدا .

چۆڵکردن و جێهێشتنی بەشی ناوخۆیی :

٢٤ سەعات پێش چۆڵکردن و جێهێشتنی شوێنەکەت لەبەشی ناوخۆیی ، دەبێت مەوعیدێک لەگەڵ سەرپەرشتیاری بەشی ناوخۆیی دیاری بکەیت بۆ ئەوەی بێتەلات و چۆن شوێنەکەتی تەسلیم کردیت ، ئاوەها لێت وەربگرێتەوە .
رێگای دروست ئەوەیە : لەماوەی ٢٤ سەعاتی دوای ئاخر تاقیکردنەوەتدا ، شوێنەکەت لەبەشی ناوخۆیی چۆڵ بکەیت و تەسلیمی سەرپەرشتیاری بەشەکەی بکەیتەوە .

بێگومان سەرپەرشتیار (شوێنەکە) ت بەتەواوەتی دەپشکنێ بۆ ئەوەی بزانێ وەکو ئەو کاتە وایە کە تەسلیمی کردیت یان نا ، ئەگەر وەکو ئەوکاتە (بەبێ کەموکوڕی ، هەروەها بەپاک و خاوێنی) تەسلیمی بکەیتەوە ، ئەوا لێتی وەردەگرێتەوەو لەهەمان فۆڕمدا کە رەوشی شوێنەکەتی لەکاتی وەرگرتندا تێدا بەیان کرا ، رەوشی شوێنەکەت لەکاتی جێهێشتندا بەیان دەکات و ماڵاواییت لێدەکات ، خۆ ئەگەر زیانت بەشوێنەکە گەیاندبێت ئەوا لەسەر فۆرمەکە زیانەکە بەیان دەکات و دەبێت پێش جێهێشتن تێجوی زیانەکە ببژێریت ، ئەگەر نەیبژێریت ئەوا لەو  پارەیەی کە کاتی خۆی وەکو پێشەکی لەزانکۆ تەسلیمت کردوە ، گلدەدرێتەوە ، ئەگەر تێچوی زیانەکە زیاتربو لەو پارەیەی  لەزانکۆ هەتە ، ئەوا زیادەکەییت لەسەر دەنوسرێت و دەخرێتە سەر حسابە بانکیەکەت .

  • دەبێت شوێنەکەت لەکاتی جێهێشتندا بەپاک و خاوێنی تەسلیم بکەیتەوە ، هیچ کەلوپەلێکی تێدا بەجێنەهێڵیت .
  • دەبێت پێش جێهێشتن سەهۆڵی ناو سەلاجەکەتت تواندبێتەوەو بەپاک و خاوێنی جێتهێشتبێت .  
  • ئەگەر شتێکت لەشوێنەکەت جێهێشتبێت ، لادەبرێت ،   ماوەی ٣٠ رۆژ بۆت هەڵدەگیرێت ، ئەگەر هاتیتەوە بۆی ئەوا تەسلیمت دەکرێتەوە ، ئەگەر نەهاتیتەوە بۆی ئەوا دوای ٣٠ رۆژەکە فڕێ دەدرێت ، لەهەردو حاڵەتەکەشدا کرێی کارەکە دەخرێتە ئەستۆی خۆت (جا کرێی هەڵگرتنەکەی بێت یان کرێی فڕێدانەکەی) .
  • دەبێت کلیلەکانی شوێنەکەت  تەسلیم بکەیتەوە ، ئەگەر تەسلیمیان نەکەیتەوە ئەوا بڕی سەد دۆلار غەرامە  دەکرێیت .