پیرۆزباییەک لەبەڕێز سەرۆکی زانکۆوە

 

بەگەرمی بەخێرهاتنی کۆمەڵگەی زانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی دەکەم ، بەتایبەتی  "فێرخوازان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژی و فەرمانبەر" ە نوێیەکان .

زانکۆی ئەمریکیی عێراق، سلێمانی ، لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە کە دامەزراوە ، بەردەوام روی لەگەشانەوە بوە ، تا بۆتە دامەزراوەیەکی پێشەنگ بۆ خوێندنی باڵا لەعێراق و هەرێمی کوردستان . زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، زانکۆیەکی تایبەتیی قازانجنەویستە ، لەخزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا کاردەکات و چاوی لەسەر پێگەیاندنی فێرخوازە .

فێرخوازانمان لەسەرجەم شوێنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە رویان تێکردوین : لەهەولێر ، سلێمانی ، موسڵ ، کەرکوک ، بەغدا ، بەسرە ، نەجەف ، ناسرییە ، ئەڵمانیاو ئوسترالیاوە . هەندێکیان لەشاری بچوکەوە دێن و هەندێکی تریان لەشاری گەورەوە . هەندێکیان لەخێزانی دەوڵەمەندەوەو هەندێکی تریان لەخێوەتگەی پەنابەرانەوە . ٩٠٪ فێرخوازانمان لەلایەن زانکۆکەوە یان لەلایەن حکومات و لایەنی کۆمەککاری تایبەتییەوە ، کۆمەکی دارایی دەکرێن ، یەکێک لەو کۆمەکانە کۆمەکە سەخاوەتمەندانەکەی وڵاتە یەکگرتوەکانە بۆ ئەو فێرخوازانەی کە بەهۆی جەنگەوە لەجێ و رێی خۆیان هەڵکەندراون . سەرجەم فێرخوانمان ، بەهۆی ئەو فرسەتانەوە رومان تێدەکەن کە زانکۆکە لەپێناوی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خانەوادەو کۆمەڵگەکانیان ، دەستەبەریان دەکات بۆیان .    

ئێمە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، پابەندین بەبنیاتنان و دەستەبەرکردنی فرسەتەوە . ئێمە شانازی دەکەین بەوەی راپرسیەکان دەریدەخەن کە ٨٠٪ ی دەرچوانی زانکۆکە فرسەتی گرنگیان دەست کەوتوەو حاڵی حازر یان خەریکی کارن یان خەریکی تەواوکردنی خوێندنی باڵان لەشوێنانی وەکو هۆڵەنداو وڵاتە یەکگرتوەکان و ژاپۆن .

 

ئێمە شانازی بەو فێرخوازانەمانەوە دەکەین کە ساڵی پار سەرکەوتوانە بەشدارییان کرد لەپێشبڕکێی جیسوب بۆ یاسای نێودەوڵەتی لەواشنتۆنی پایتەخت ، هەروەها لەپێشبڕکێی نێودەوڵەتیی Hult Prize  بۆ بیزنس لەمالیزیاو ئەنگلتەرا .

ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە ئەندامانی دەستەی وانەبێژیمان و فەرمانبەرانمان ، تێڕوانین و شارەزایی لە ١٩ دەوڵەتی جۆراوجۆرەوە لەگەڵ خۆدا دێنن ، هەروەها بەوەوە کە سەرجەم دەرچوانمان دوو زمان یان زیاتر دەزانن .

ئێمە شانازی بەسەرجەم ئەو فێرخوازانەمانەوە دەکەین کە لێبڕاوانە کار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی مەرجە ئەکادیمیەکان لەپێناوی دەستەبەرکردنی داهاتویەکی پرشنگدارتردا .    

زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، وایدەبینێت کە : فێربون لەدەرەوەی کۆرسی خوێندن ، بەهەمان ئەندازەی فێربون لەناو کۆرسی خوێندن ، بایەخی هەیە . ساڵی پار ، نزیکەی ٢٠٠ فێرخواز ، دەوروبەری ٦٠٠٠ کاژێڕ لەوەختی خۆیانیان بەخشی بۆ کۆکردنەوەی کتێب بەمەبەستی هاوکاریکردن لەبنیاتنانەوەی کتێبخانەی زانکۆی موسڵ و ، راهێنانی فێرخوازە هاوڕێکانیان و ، کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی و ، هاوکاریکردنی خەڵکی سلێمانی .

فێرخوازانمان هەروەها لەدەیان دامودەزگاو دامەزراوەدا کە بایەخ بەشەترەنج و هەندەسەو تۆپی پێ دەدەن و لەلایەن توێژی فێرخوازەوە بەڕێوە دەبرێن ، بەشداری دەکەن . لەساڵی ٢٠١٣ بەدواوە ، بەشێوەیەکی دیموکراتیانە نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن ، ئەوەتا ساڵانە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت بۆ دیاریکردنی سەرۆک و دوازدە ئەندامی یەکێتیی فێرخوازان . چالاکیی وەک ئەم چالاکییە فێرخوازیانە ، بەهرەی سەرکردایەتیکردن و پشتبەخۆبەستن و هەرەوەزکاری لەلای فێرخوازان گەشە پێدەدات . فێرخوازانمان بایەخی تەواو دەدەن بەبنیاتنانی پەیوەندی لەناو زانکۆکەدا ، هەروەها بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تر لەسەرلەبەری دنیادا .    

ئاڵوگۆڕی نوێ و سەرنجڕاکێش بەڕێوەیە لەساڵی داهاتودا :

-گرێبەستی شەراکەتێکی درێژخایەن لەبواری خوێندنی یاسا ، لەنێوان ئێمەو زانکۆی ستانفۆردا ئەنجام دراوە ، بەمەبەستی بەخشینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەیاسادا "لەم ساڵەوەو بۆ یەکەمجار" ، بەو فێرخوازانەی کە خوازیارن  لەزانکۆکەمان زانستی یاسا بخوێنن .

-فێرخوازانی شاییستە ، بۆ یەکەمجار ، لەچەند پسۆڕییەکی تری نوێدا وەردەگیرێن کە بریتین لەهەندەسەی پرۆگرامسازی و وەرگێڕان .

-زانکۆ ، لەڕێی کردنەوەی خولی نوێوە بەزمانی کوردی و عەرەبی ، درێژە دەدات بەتەواوکردنی پرۆگرامە ئینگلیزیەکەی خۆی کە پرۆگرامێکی متمانەپێکراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ، ئەمەش دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بۆ دەرچوانمان لەژینگە پیشەییە فرە زمانەکەی عێراقی نوێ و پاشتریدا .

-پلانە ستراتیژییە پێنجساڵەییە نوێیەکەی زانکۆ ، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی لێوەشاوەیی ئەکادیمی و ، زیادکردنی بایەخی زانکۆکە لەعێراق و هەرێمی کوردستان و ، داهێنانی زانستی .   

-زانکۆ ، بەم زوانە هەواڵی بەئەنجامگەیاندنی پرۆگرامی "بڕوانامەی هاوبەش" ، لەگەڵ گەورە زانکۆیەکی ئەمریکیی تایبەت بەتوێژینەوە ، رادەگەیەنێت ، کە ئەم پرۆگرامە زەمینە دەسازێنێت بۆ ئەوەی فێرخوازانمان بڕوانامەی ئەمریکی لەئەندازیاری و تەکنەلۆجیای زانیاری و بیزنس بەدەست بهێنن ، بەبێ ئەوەی لەعێراق بچنە دەرەوە .

     

-مینحەیەکی نوێ لەیەکێتیی ئەوروپاوە بۆ سەنتەری لێکۆڵینەوەی جێندەرو پەرەپێدان (CGDS) ی سەر بەزانکۆ ، کە کۆمەکی توێژینەوەکانی فێرخوازان دەکات .

زانکۆکەمان رۆڵێکی گرنگی هەیە لەبەستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشوێنانی تری دنیاوە ، هەروەها لەکەمەندکێشکردنی خەڵک و دەست و دیاری و مینحەی خوێندن لەدەرەوە ، ئەمەش لەڕێی هاریکاریکردن لەگەڵ زانکۆ شکۆمەندەکانی تر ، هەروەها لەڕێی بەخەرجدانی توانای خۆیەوە بۆ کەمەندکێشکردنی بیرمەندان و "سیاسەتساز" انی نێودەوڵەتی ، بۆ بەشداریکردن لەڕوداوگەلی وەک : دیداری سلێمانی و کۆڕو کۆبونەوەو گفتوگۆکانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان (IRIS) ی سەر بەزانکۆ ، کە روداوگەلێکی تەواو کاریگەرن لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی . ئەم خاڵی بەهێزیانە ، بایەخی بنەڕەتییان دەبێت لەئەرکی سەرشانماندا کە خۆی لەروناککردنەوەی بیرو ئاوەزی فێرخوازانماندا دەبینێتەوە بۆ ئەوەی ببنە سەرکردەگەلی ئاییندە.

تۆیش ، ئەگەر بۆ خوێندنی یەکەم تێرمی خوێندنت پەیوەست دەبیت پێمانەوە لەحەرەمی زانکۆ ، یان بۆ خوێندنی کۆتا تێرمی خوێندنت ، یاخود بۆ خوێندنی هەر تێرمێکی نێوان ئەو دوو تێرمە ، هیوای ئەزمونێکی سەرکەوتوانەو جێژبەخشت بۆ دەخوازم لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی .  

بەهیوای سەرکەوتنتان ...

.Bruce Walker Ferguson, A.B., Ed.M., M.B.A., J.D