سەرۆکی زانکۆی ئەمریکیی عێراق - سلێمانی
بروس واڵکەر فیرگسون کەسێکی پەروەردەکار ، سەرمایەگوزارو وەبەرهێنە کە بە درێژایی تەمەنی گرنگیی بەتازەگەری داوە لەبواری تەکنەلۆجیادا . لە ١ ی ئابی ٢٠١٦ ەوە بوە بەئەندام لەزانکۆی ئەمریکیی عێراق - سلێمانی . پێشئەوەی بێتە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، وەک پڕۆفیسۆری پراکتیکی لەبەشی سیستەمی ئەندازیاری و بەڕێوەبردن خزمەتی کردوە . بروس واڵکەر فیرگسون دامەزرێنەری (سەنتەری تازەگەری و سەرمایەگوزاری) ی سەر بەپەیمانگای (مصدر - بۆ زانست و تەکنەلۆجیا) یە لە (ابوظبي - میرنشینە عەرەبییە یەکگرتوەکان) . پەیمانگای (مصدر) پەیمانگایەکە بۆ خوێندنی باڵا ، تایبەتە بە (توێژینەوە لەبواری وزە) دا ، بە هاوکاری لەگەڵ پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماساتشوستس کاروبارەکانی بەڕێوە دەبات .
فیرگسون ئەندامی دەستەی دامەزراندن و سەرۆکی پێشوی کۆمپانیای (Orbital ATK) ە کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لەبواری تەکنەلۆجیای ئاسمانی ، ئەم کۆمپانیایە لەناو لیستی بۆڕصەی نیویۆرکدایە. هەروەها ئەندامی دەستەی دامەزراندن و سەرۆکی پێشوی کۆمپانیای Edenspace Systems Corporation ە کە کۆمپانیایەکی بایۆتێکنۆلۆجیە بۆ پەرەپێدان لەبواری وزەو ژینگە. فیرگسون هەر لەزوەوە دەستی داوەتە کاری وەبەرهێنان ، لەچەندین کۆمپانیای بواری تەکنەلۆجیادا (زیاد لەدوازدە کۆمپانیا) کاری وەبەرهێنانی کردوە . ئێستاش (وێڕای ئەوەی سەرۆکی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانییە) یاریدەدەری سەرۆکی پەیمانگای Carnegie یە کە پەیمانگەیەکە بۆ زانست . فیرگسون هەروەها ئەندام بوە لەسەنتەری زانکۆی (جۆرج واشنتۆن) کە سەنتەرێکە بۆ زانستی سیاسی و سیاسەتی تەکنەلۆجیا. جێگری پێشوی سەرۆکی زانکۆی کانساس بوە کە زانکۆیەکە بۆ توێژینەوە . ماوەی ٩ساڵ لەرۆژهەڵاتی ئاسیا ، باشوری ئاسیا ، ئەفریقیا ، هەروەها خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ژیاوە . زیاتر لە ٤٥ وڵات گەڕاوە .
بڕوانامەی دکتۆرای لەحقوقدا ، لەکۆلیجی حقوقی زانکۆی هارڤەرد بەدەستهێناوە لەکاتێکدا کە نوسەری مەقالات بوە لە Harvard Law Review . بڕوانامەی ماجستێری لەکارگێڕیی کار ، لەکۆلیجی کارگێڕیی کار ، لەزانکۆی هارڤەرد بەدەستهێناوە . بڕوانامەیەکی تری ماجستێری لەبواری پەروەردەدا ، لەکۆلیجی پەروەردەی زانکۆی هارڤەرد بەدەست هێناوە . بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەپلەی باڵا لەبواری بەڕێوەبردنی حکومەتدا هەر لەزانکۆی هارڤەرد بەدەست هێناوە .
دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی ، ماوەی ساڵێک وانەی زانستی سیاسیی وتۆتەوە لەزانکۆی دەلهی بەسیفەتی کونسوڵی توێژەر . هاوسەرەکەی ناوی (هێذەر ساندیفۆرد) ە ، دو منداڵیان هەیە ، ماڵیان لە Great Falls ە لەڤێرجینیا .
توێژینەوەکانی پڕۆفیسۆر فێرگسون لەم بوارانەدان :
سەرمایەگوزاری ، بەڕێوەبردنی تەکنەلۆجیا ، هەروەها پارەدارکردنی داهێنانی زانستی لەبواری (ئیکۆسیستەم) کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ پەرەدان بەبەرهەم و خزمەتگوزاریی تازە .