ئیمزاکردنی یاداشتێکی لێکتێگەییشتن لەنێوان زانکۆمان و زانکۆی ئیکستەر | The American University of Iraq Sulaimani

ئیمزاکردنی یاداشتێکی لێکتێگەییشتن لەنێوان زانکۆمان و زانکۆی ئیکستەر

Wednesday, May 19, 2021 - 17:00

لەئاهەنگێکی گریمانەییدا کە رۆژی ١٩ ی ئایاری ٢٠٢١ بەڕێوەچو ، زانکۆی ئەمریکی لەعێراق ، سلێمانی و زانکۆی ئیکستەر ، یاداشتێکی لێکتێگەییشتنیان ئیمزاکرد ، لەپێناوی پەرەپێدانی هاریکاری لەنێوان هەردو زانکۆدا بەتایبەتی لەبواری توێژینەوەو خوێندندا. 

بەگوێرەی رێکەوتننامەکە ، هەردو زانکۆ لەداهاتودا زەمینە دەڕەخسێنن بۆ گەڵاڵەکردنی رێکەوتننامەیەکی فراوان کە بواری دەستڕاگەییشتن بەخوێندنی باڵا لەکۆلیجەکانی زانکۆی ئیکستەر ، لەوانە: کۆلیجەکانی زانستە مرۆڤایەتیەکان ، زانستە کۆمەڵایەتیەکان ، دیراساتی نێودەوڵەتی ، پزیشکی و تەندروستی ، بۆ دەرچوانی زانکۆمان بڕەخسێنێت. 

هەروەها رەنگە زانکۆمان بواری دەستڕاگەییشتن بەخزمەتگوزاریە دەستەبەرکراوەکانی ناو حەرەمەکەی خۆی بۆ ئەو وانەبێژو فێرخوازانەی زانکۆی ئیکستەر بڕەخسێنێت و بیانگرێتەخۆ کە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە روو لەعێراق دەکەن.

لەمیانەی قسەکانی لەئاهەنگە گریمانەییەکەدا ، ویندی روبنسون ، جێگری سەرۆکی زانکۆی ئیکستەرو راگری جێبەجێکاری کۆلیجی زانستە کۆمەڵایەتیەکان و دیراساتی نێودەوڵەتی لەزانکۆکە ، وتی: "ئەمە هەلێکی نایابە بۆ دیدار لەگەڵ هاوڕێیانی هاوپیشەمان ... بۆ پەیبردنی زیاتر بەچۆنیەتیی بنیاتنان لەسەر ئەم پەیوەندییەو فراوانکردنی هاریکاریی نێوانمان لەڕێی وانەبێژی و توێژینەوەوە ، هەروەها بۆ چۆنیەتیی بیرکردنەوە لەدەوڵەمەندکردنی رۆشنبیری و ئەزمونی فەرمانبەران و فێرخوازانمان".

لەلای خۆیەوە ، وۆڵفگانگ هینک ، جێگری سەرۆکی زانکۆمان بۆ کاروباری ئەکادیمی ، بەبایەخەوە تەماشای لێکتێگەییشتنەکەی کردو وەک بەڵگەیەک لەسەر لێبڕاویی زانکۆمان لەئەرکەکانیدا دایەئەژمار: "ئێمە وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ لەخزمەت بەرژەوەندیی گشتیدا ، تاسەر پابەند دەبین بەپشتگیریکردنی یەکانگیریی کۆمەڵایەتیی درێژخایەن و ئارامیی سیاسی و گەشەسەندنی ئابورییەوە لەناوچەکەدا. هاریکاریی نیودەوڵەتی لەگەڵ دامەزراوە کوالیتیبەرزەکانی دیکە ، یارمەتیی تەواومان دەدات لەبەرزکردنەوەی ئاستی ئەو سەرکردانەدا کە هاوکار دەبن لەچارەسەرکردنی هەندێک لەو لێکترازانە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی دوچاریان بوین".

شایانی باسە ئەم یاداشتی لێکتێگەییشتنە ، پشتئەستورە بەشەراکەتگەلی دیکەی نافەرمیی نێوان دامەزراوەکانی سەر بەدوو زانکۆکە ، لەوانە: شەراکەتی نێوان "سەنتەری هونەرو رۆشنبیریی کەشکۆڵ" ی سەر بەزانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی و "پەیمانگەی ئیکستەر بۆ دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی" ی سەر بەزانکۆی ئیکستەر.