Support AUIS

زانکۆى ئەمریکى لە عێراق ,سلێمانى ، ئەکادیمیایەکی پێشەنگە لەبواری خوێندنى باڵادا ، فێرخوازان ئامادە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوری و سیاسییە جیهانیەکان ، لەڕێی دەستەبەرکردنی خوێندنێکی ئەمریکیی  گشتگیرەوە .

فێرخوازانى زانکۆى ئەمریکى لەسلێمانی ، خاوەنى توانایەکى باشن لەزمانى ئینگلیزیدا بەهۆى بەشداریکردنیانەوە لە (پرۆگرامى ئامادەسازیی ئەکادیمی) کە بەتەواوەتی رایاندەهێنێت لەسەر : خوێندنەوەو نوسین و قسەکردن بەزمانى ئینگلیزى ، هەروەها ئامادەیان دەکات (لەڕوی زمانەوە) بۆ خوێندن و تەواوکردنی بەکالۆریۆس .

فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی ، فرسەتێکی فراوانی خۆپەروەردەکردنیان هەیە ، لەچەندین بواردا ، لەوانە : وتارنوسین  بەشێوەی کاریگەر،  میتۆدە زانستىیەکان ، ئامار ، کارگێڕیی کار ، ئەندازیارى لەبواری جۆراوجۆر ، خوێندنى لیبڕاڵ ، بەشداریکردن لەکۆرسی زانستیی جۆراوجۆر ،  بیرکردنەوەى رەخنەگرانە ، هەروەها ئاگایی پەیداکردن لەبارەی جیهانەوە .

لەزانکۆى ئەمریکى لەسلێمانی ، زۆر بایەخ  بەچالاکیی دەرەکی (دەرەوەی پۆل) دەدرێت ، بەو هۆیەوە  فێرخوازان رادێن لەسەر کاری خۆبەخشانە ، دەبنە  کەسانی پێشەنگ لەکۆمەڵگەدا ، تێکەڵاوی  رێکخراوە خێرخوازى و وەرزشى و هونەریەکان دەبن .

دروشمى زانکۆى ئەمریکى  ئەمەیە :

(ئەمڕۆ فێرببە ، سبەی رابەربە) .

زانکۆ پابەندە بە : دابینکردنى شوێن و کاتی پێویست بۆ خوێندن ، هاندانی فێرخوازان بۆ ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر ، کارى پێشەنگانەو داهێنەرانە  لەخزمەتی کۆمەڵگەدا .

لەو پێناوەدا ، چەندین ناوەندی فێرخوازی و خزمەتگوزاریی دروست کردوە ، لەوانە :  سەنتەرى خزمەتگوزاریی پیشەیى ، بەشى راوێژکارى دەرچوان ، یانەی جۆراوجۆر بۆ رێکخستنی چالاکیی فێرخوازان ،  و … هتد .

ئامانجى زانکۆ  بریتییە لە : بەرهەمهێنانى پۆلێک فێرخوازی دەرچو کە هەستى بەرپرسیارێتیان تێدابێت و ئادەبن بۆ سەرکەوتن لە پیشەکانیاندا .