ٖزانکۆی ئەمریکی لە عێراق-سلێمانی خوێندنی جێندەر وەک ماددەی لاوەکیی فرەپسپۆڕیی دەکاتەوە لەسەروبەندی ١٦ رۆژ چالاکی دژ بە توندتیژی بەرامبەر ژنان

Sunday, December 3, 2017 - 15:45

٢٩-١١-٢٠١٧
وتەی دەستپێک: د. چۆمان ھەردی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەر بۆ گەشەپێدان و لێکوڵینەوە

سەنتەری جێندەر بۆ گەشەپێدان و لێکۆڵینەوە (CGDS) لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا دامەزرا و لە شوباتی ساڵی ٢٠١٦ەشدا لە دووتوێی کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە جێندەر و جێنۆسیاد- دۆزی ئێزیدییەکان، بەشێوەیەکی فەرمی کرایەوە. ئامانجی ئەم سەنتەرە پێشخستنی دۆزی یەکسانیی جێندەرییە لە ناوچەکە لە رێگەی پەروەردە، لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستپێکردنی خوێندنی جێندەر لە خەونێکی دوردەست و درێژخایەن دەچوو. ھەرێمی کوردستان (ھەروەک ئێستا) بە بارودۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕی. جەنگی داعش، ئاوارەبوونی ھەزاران مرۆڤ، زەبری دەروونی جێنۆسایدی ئێزیدییەکان، خراپتربوونی بارودۆخی ئابووریی ناوچەکە و زانکۆکەمان؛ ھەموو ئەم ھەلومەرجانە ئەگەری ئەوەیان دروستکرد کە کردنەوەی پرۆگرامی خوێندنی جێندەر کاتێکی زۆر زیاتری پێویست بێت. بۆیە ئەمڕۆ بە شانازی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە وەرگرتنی پسپۆڕیی لە خوێندنی جێندەردا ڕادەگەیەنین. ئەمە یەکەمین جارە لە ھەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراقدا کە خوێندنی جێندەر لە زانکۆیەکدا دەبێت بە مادەی لاوەکیی فرەپسپۆڕیی (interdisciplinary)، واتە ئەو کۆرسانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دانراون لەلایەن بەشەکانی ئەدەبی ئنگلیزیی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بەشی زانستەوە دەوترێنەوە.

ئێمە باوەڕمان بە گرنگیی پەروەردە ھەیە بەتایبەت کاتێک باس لە گۆڕانکاریی نۆرمە باوەکان دەکەین. پەروەردە یارمەتیمان دەدات زۆنی دیدگا چەقبوستوەکانی خۆمان بەجێبھێڵین و بیروباوەڕە باوەکان بخەینە ژێرپرسیارەوە. پەروەردە وامان لێدەکات کە تێبگەین چۆن لەلایەن سیستەمە جیاکانەوە باوەڕمان پێ ھێنراوە نایەکسانییە پەنھان و نادیارەکان قبووڵبکەین، ئەو نایەکسانییانەی بە چاو و عەقڵی رەخنەییەوە نەبێت نابیرێن و ڕاڤەناکرێن. گۆڕانکاری تەنھا کاتێک روودەدات کە تاکەکان (بە ژن و پیاوەوە) دۆخی باو وەک دۆخێکی کێشەدار ببینن کە پڕە لە نادادپەروەریی شاردراوە.

زۆرجار بە قوتابییەکانمان دەڵێین پێویست ناکات ژن بیت بۆئەوەی فێمینیست بیت. ھەر پیاوێک باوەڕی بە یەکسانی جێندەریی ھەبێت و بەرەنگاری ئەو سیستەمە پیاوسالارییە بێتەوە کە وەک پیاو ئیمتیازی تایبەتی پێدەبەخشێت، فێمینیستە. شەڕکردن لەگەڵ نایەکسانی و ناعەدالەتییدا ئەرکی ھەموو کەسێکە (نەک ھەر ژن)، بەتایبەتیش ئەرکی ئەو کەسانەیە کە بەبۆنەی ڕەگەزی جێندەریی، چینی کۆمەڵایەتی، گروپی نەتەوەیی، ئایینی،شوێنگەی سیاسیی یان کۆمەڵایەتییانەوە دەسەڵاتیان لە کەسانی تر زیاترە. ھەربۆیە بۆ دەستپێکی شانزە رۆژ چالاکیی دژی توندوتیژی جێندەریی، کەمپینێکمان بەناوی (مستەر فێمینیست) Mr. Feminist ڕێکخست. ئەم کەمپینە لەلایەن مامۆستایان و ستاف و قوتابیانەوە پشتگیرییەکی بەرفراوانی لێکرا بە سەرۆکی زانکۆوە، بەڕێز بروس ۆڵکەر فێرگەسەن کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی کەمپینەکە. خۆشحاڵین کە ھەندێک لەم پیاوانە لەم ئێوارەکۆڕەدا لەگەڵمانن.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە وەک ھەر دەستکەوتێکی تر، سەرکەوتنی پرۆژەی خوێندنی جێندەر لە زانکۆ بەبێ کار و ھاوکاری تیمێکی کارا بەئەنجام نەدەگەیشت. لێرەدا دەمەوێت سوپاسی خاتوو شیرین سائیب بکەم کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە دامەزراندنی ئەم سەنتەرەدا ھاوکارم بوو. سوپاس بۆ زانکۆی ئەمریکی لە عێراق-سلێمانی کە دامەزراوەیەکی کراوە و لیبراڵە و پاڵپشتمان بووە لە کارەکانماندا و ھەرکاتێک پێویستمان بووبێت پشتگیریی کردووین.

تیمە گەورەکەمان پێکھاتووە لە د. ماریا سەلداریاگا (سەرۆکی بەشی زانست)، د. عقیل عباس (بەشی ئەدەبی ئنگلیزی)، جێسیکا پۆستما و مایکڵ-پۆڵ ھێرناندێز (بەشی زمان و ئامادەکاریی ئەکادیمی) و خاتوو راگوێز تەھا (بەشی ئەندازیاری).

دەستەیەکیش لە قوتابیانی یاریدەدەر و چالاکی زانکۆ، راز رزگار حەیدەر، راز سەعدون یەدوڵا و ئەوین عادل بەرخی، ھۆکارێکی گرنگ بوون بۆ سەرکەوتنی ئەم چالاکییە و چالاکییەکانی ترمان. دەشمانەوێت سوپاسی ساوێن محەمەد ئەمین و سەرجەم قوتابییە خۆبەخشەکانی ترمان بکەین، ھەروەھا (گروپی مۆسیقای ئۆریەنتاڵ) بۆ سەرکەوتنی ئەم چالاکییە.

سوپاس بۆ ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دۆستان و کەسایەتیی فیکریی، ئەدەبیی، ھونەریی، ئەکادیمیی، چالاکوان و سیاسیی لە دەرەوەی زانکۆکەمان لەم بۆنە جێندەرییە گرنگەدا. ھەموو لایەکتان خۆشھاتن.