فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی پشوی خۆیان لەخێوەتگەی پەنابەران لەڕواندز بەسەر دەبەن

Monday, April 24, 2017 - 11:15

مانگی مارسی ئەمساڵ ، گروپێک لەفێرخوازانی قۆناغی بەکالۆریۆس و فێرخوازانی  پرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی ، بەیاوەریی سێ کەس لەئەندامانی دەستەی وانەبێژی لەپرۆگرامی ئامادەسازیی ئەکادیمی ، پشوی هەفتەی نەورۆزیان لەخێوەتگەی پەنابەران لەڕواندز ، لەگەڵ منداڵانی پەنابەر بەسەر برد .

ئەم گەشتە بۆتە نەریتێکی ساڵانەو خراوەتە بریی پشوی خوێندن ،  ئەمە سێیەم جارە کە لەژێر ناوی (پشوی بەهارە) دا رێکدەخرێت ، تیایدا فێرخوازان پشوەکەی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە .

گەشتی ئەمجارە لەسەر حسابی دەرچوی زانکۆ (هێرش محەممەد) بو کە سەخاوەتمەندانە تێچوی گەشتەکەی گرتە ئەستۆی خۆی ، هاوکاریەکەشی تەرخانکرا بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستیەکانی گەشتەکە وەکو :  تۆپی پێ ، لاپتۆپ ، قرتاسییە ، دەفتەری رەنگکردن و رەسمکردن ، هەروەها چەندین یارییتر بۆ منداڵان .

جگە لەوە ، فێرخوازان لەزانکۆ ، لەڕێی هەندێک چالاکییەوە ، بڕێک کۆمەک و هاوکاریی تریان کۆکردەوە بۆ دابینکردنی چەند پێداویستییەکی تری گرنگ .

فێرخوازان یەک رۆژی رێکیان لەگەڵ منداڵانی پەنابەر بەسەر برد ، بەدەم پێشکەشکردنی چەندین چالاکیی جۆراوجۆرەوە ، وەکو : وێنەکێشان لەسەر دەموچاو ، تابلۆکێشان ، سەماو هەڵپەڕکێ و هتد .