شەراکەتێکی ستراتیجی لەنێوان زانکۆمان و زانکۆی ئەریزۆنا لەسەردەمی کۆڤید ١٩ دا | The American University of Iraq Sulaimani

شەراکەتێکی ستراتیجی لەنێوان زانکۆمان و زانکۆی ئەریزۆنا لەسەردەمی کۆڤید ١٩ دا

Thursday, June 18, 2020 - 17:00
 

فێرخوازان لەعێراق دەتوانن بەبێ بەجێهێشتنی وڵاتەکەیان بڕوانامەی زانستیی ئەمریکی بەدەست بهێنن

زانکۆی ئەریزۆنا لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی، رۆژی ١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، هەواڵی پێکهێنانی شەراکەتێکی ستراتیجییان لەنێوانی هەردولادا راگەیاند، بەمەبەستی یارمەتیدانی فێرخوازان لەعێراق لەسەردەمی پەتای کۆڤید ١٩ دا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئەمریکی بەبێ بەجێهێشتنی وڵاتەکەیان.

لەوبارەیەوە، رۆبەرت سی رۆبنز – سەرۆکی زانکۆی ئەریزۆنا، وتی: "ئەم شەراکەتە، تەنها یارمەتیدەر نابێت لەچارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگیانەی ئێستای بەردەم هاتوچۆ کە پەتای کۆڤید ١٩ هێناونیەتە ئارا، بەڵکو هاوکات یارمەتیدەر دەبێت لەپتەوکردنی هەوڵە درێژخایەنە ئارمانجدارەکان، بەئاراستەی چەسپاندنی پەرەپێدانی بەردەوام، لەڕێی دەستەبەرکردنی خوێندنێکی باڵای کوالیتیبەرزەوە لەجیهاندا، کە ئامانجی نەتەوە یەکگرتوەکانە".

بۆیە بەهۆی بەربەستەکانی بەردەم سەفەرکردن، زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی، لەگەڵ زانکۆی ئەریزۆنا، هەندێک بژاردەی نەرمیان بۆ فێرخوازانی عێراق دەستەبەرکردوە کە تێچویەکی گونجاویان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ بەجێهێشتنی وڵاتەکەیان بڕوانامەی ئەمریکی بەدەست بهێنن.

دکتۆر بروس واڵکر فیرگسون – سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی، لەمبارەیەوە وتی: "زانکۆمان، پێشوازی لەم هاریکارییە ئەکادیمییەی نێوان خۆی و زانکۆی ئەریزۆنا دەکات، لەکاتێکدا کە جیهان پێویستی بەڕێگاو میتۆدی نوێ هەیە بۆ دەستەبەرکرنی پێداویستیەکانی خوێندن و فێربون بۆ سەرلەبەری نەوەیەک لەفێرخوازان".

فێرخوازان دەتوانن یەکێک لەم دوو بژاردە نوێیە هەڵببژێرن:

  • تەواوکردنی بڕوانامەیەکی بەکالۆریۆسی سەرلەبەر ئەمریکی، یان بڕوانامەی خوێندنی باڵا، یان بڕوانامەی دەرچون لەڕێی ئەنتەرنێتەوە، لەگەڵ توانای دەستڕاگەییشتنی تەواو بەکەمپی زانکۆ.
  • خۆناونوسکردن لەخولەکاندا لەڕێی ئەنتەرنێتەوە، بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ خوێندنی هەر رشتەیەکی ئەکادیمی و خوێندنی کۆتایی و یەکجاری لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

هەردو پرۆگرامەکە، خوێندنی تاکەکەسی و کۆمەکی ئەکادیمی لەخۆ دەگرن، وێڕای دەستڕاگەییشتن بەتاقیگەکانی کۆمپیوتەر لەزانکۆو شوێنەکانی خوێندن، لەپاڵ یانە زانکۆییەکان و چالاکییە کۆمەڵگەییەکان.  

ئەمانە بژاردەی تازەن، بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەریزۆنا پێشکەش دەکرێن، سەرباری پرۆگرامی دوو بڕوانامەیی کە لەچەند مانگی پێشوی ئەمساڵدا دەستەبەرکرا، کە بەو هۆیەوە فێرخوازان لەعێراق دەتوانن هاوکات لەهەردو زانکۆکە خۆیان ناونوس بکەن و دەست بەتەواوکردنی بەکالۆریۆسی دوو بڕوانامەیی بکەن لەڕشتەی ئەندازیاریی شارستانی و ئەندازیاریی میکانیکیدا.  

پێگەی ئەلیکترۆنیی نوێی everywhere.arizona.edu ، لەهەمو شوێنێک، بژاردەگەلی نەرم پێشکەشی فێرخوازان دەکات، هەروەها رێنوێنییان دەکات بۆ لای راوێژکارێک کە دەتوانێت یارمەتییان بدات لەداڕشتنی پلانی تایبەت بەکارەکەدا. 

برنت وایت – یاریدەدەری راگری کاروباری جیهانی لەزانکۆی ئەریزۆنا، وتی: "ئەو روداوانەی کە پرۆسەی خوێندن و فێربونیان بەم دۆخەی ئێستای گەیاند، هەڵاتنی سپێدەی دنیایەکی نوێیان خێراتر کرد، ئەوەتا ئیتر سەفەرکردن لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر بەمەبەستی خوێندن و فێربون پێویست نییە".

هەروەها وتی: "لەچاوتروکانێکدا، کۆرسەکان پەڕینەوە ناو ئەنتەرنێت، فێرخوازانی نێودەوڵەتی بەبێوەی لەناو ماڵەکانیانەوە لەوڵاتی خۆیاندا درێژە بەخوێندن دەدەن. ئێمە، لەوەدیهێنانی خەونەکانیاندا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستیی ئەمریکی، دەمانەوێت یارمەتییان بدەین، بەچاوپۆشی لەڕەوش و بارودۆخەکە".

زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی:

  • زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی، یەکەم زانکۆی تایبەتیی قازانجنەویستە لەعێراق لەسەر شێوازی ئەمریکی، هەروەها یەکەم زانکۆی تایبەتییە لەهەرێمی کوردستانی عێراق کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بەفەرمی متمانەی دراوەتێ، تاقە ئەندامی عێراقییشە لەکۆمەڵەی کۆلیج و زانکۆ ئەمریکییە نێودەوڵەتیەکان، بەردەوام لەڕیزی باشترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا پۆلێن دەکرێت، لەسەرجەم نەتەوەو تایەفەو ئایین و ئایینزاکان فێرخوازی هەیەو رێژەی مێ لەنێویاندا ٣٨٪ ە. 

زانکۆی ئەریزۆنا:

  • زانکۆی ئەریزۆنا، یەکێکە لەڕێزلێگیراوترین زانکۆکانی توێژینەوە لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەڕیزی باشترین ١٠٠ زانکۆی جیهانی پۆلێن دەکرێت "بەگوێرەی راپۆرتی جیهان و هەواڵەکانی ئەمریکا"، خوێندنێکی زۆر باش و کۆمەڵێک پسپۆڕیی زۆر گرنگ دەستەبەر دەکات، بەناوبانگە بەسکولارشیپە جۆراوجۆرەکانی و شەریکایەتییە پێشەنگەکانی.