بەرهەمهێن و دەرهێنەری تەلەفزیۆنیی ناسراو (ریکاردۆ کەرەم) لەئاهەنگی دەرچواندنی خولی شەشەمی فێرخوازانماندا وتار دەدات

Wednesday, May 24, 2017 - 20:30

بەڕێز (ریکاردۆ کەرەم) بەرهەمهێن و دەر‌هێنەری تەلەفزیۆنیی ناسراو و دامەزرێنەری سەکۆی تەکریم ، لەئاهەنگی دەرچواندنی خولی شەشەمی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانیدا کە بەڕێزان (دکتۆر بەختیار شەمسەدین – جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی زانکۆ) و (دکتۆر ووکر بروس فیرگسون – سەرۆکی زانکۆ) سەرۆکایەتییان دەکرد ، وتارێکی پێشکەش کرد .

 

کەرەم (کە دەرچوی زانکۆی ئەمریکیی بەیروتە) لەوتارەکەیدا هانی فێرخوازانی دەرچوی دا توانا زانستیەکانی خۆیان بخەنەگەڕ نەک تەنها بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەیان ، بەڵکو بۆ گۆڕینیشی ، هەروەها هانیدان بۆ بەکارخستنی بەها کۆمەڵایەتیەکان و ئەو بەهرەمەندییە زانستییەی کە لەمیانەی خوێندنیاندا لەزانکۆکە بەدەستیان هێناوە ، لەپێناوی خستنەوەی کاریگەرییەکی پۆزەتیف لەژینگە کۆمەڵایەتیەکەیاندا .  

کەرەم هەروەها گوتی : (لەکاتێکدا کە خەریکی بنیاتنانی داهاتوی خۆتی ، دەرفەتت بۆ دەڕەخسێت داهاتوی کوردستان و ناوچەکەش بنیات بنێیت) .

گوتیشی : (ئەو بەهایانەی کە زانکۆکەت کاریان لەسەر دەکات ، وەک : هاووڵاتێتیی باش ، دەستپاکی ، پەیوەندیبەستن و دۆستایەتی ، گوێگرتن لەکەسانیتر ، رۆڵێکی زۆر گەورەیان هەیە ، گەورەتر لەوەی خەیاڵ پەیی پێ ببات)

لەلای خۆیەوە ، بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح – دامەزرێنەرو ئەمینداری زانکۆ ، لەوتەیەکدا رایگەیاند : (ئەو کۆمەکە گەورەیەی کە بەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی دەکرێت ، راستییەک پیشان دەدات ئەویش ئەوەیە : ئەم زانکۆیە زانکۆیەک نییە تەنها بۆ شاری سلێمانی ، بەڵکو زانکۆیەکە بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە سەرلەبەر ، بگرە رەنگە رۆژێک لەڕۆژان ببێتە زانکۆیەک بۆ سەرلەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش) .

لەئاهەنگەکەدا ناونیشانی فێرخوازی زانکۆیی لەلایەن فێرخوازی سەرکەوتو (شیروان هەندرێن – دەرچوی دیراساتی نێودەوڵەتی) یەوە وەرگیراو ئەویش بەو بۆنەیەوە  لەلای خۆیەوە وتەیەکی پێشکەس کرد ، تیایدا هانی هاوڕێ فێرخوازەکانی دا بەردەوام مرۆڤێکی پۆزەتیف و بەهێزبن لەڕوبەڕوبونەوەی داهاتوی عێراق و هەرێمی کوردستانداو گوتی : (بڕوام بەتوانای خۆمان هەیە کە دەتوانین داهاتو بگۆڕین) ، هەروەها گوتی : (ئەمڕۆ زانکۆ بەجێدەهێڵین و دەست بەسەرەتایەکی نوێ دەکەین ، سەرەتایەکی نوێ لەژیان . ئەو زانستەی بەدەستمان هێنا ، بەڕاستی ئامرازی پێویستی داوینەتێ بۆ خستنەوەی جیاوازی . ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی شوێندەستێک لەسەر داهاتوی ئەم گەلە بەجێبهێڵین) .

فێرخوازێکی تری بەشداربوی ئاهەنگەکە (خاتو باخان غەفور – دەرچوی ماجستێری کارگێڕیی کار) بو ، کە پێشتر بەکالۆریۆسی هەندەسەی هەر لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بەدەست هێناوە ، ئەویش بەشبەحاڵی خۆی وتەیەکی پێشکەش کرد ، تیایدا هانی هاوڕێ فێرخوازەکانی دا بەجدی بەدوای دەرفەتی وەزیفیدا بگەڕێن و گوتی : (دەرفەتێکی بێشومارمان لەبەردەستدایە ، بەڵام پێویستمان بەدۆزینەوەی رێگایە . هیوادارم ئەو وانە گەورەیەی کە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی فێری بوین ، بۆ هەتا هەتایە رەنگدانەوەی لەسەرمان هەبێت) .

شایانی باسە لەخولی ئەمساڵدا ٩٣ فێرخوازی بەکالۆریۆس و ٢٣ فێرخوازی خوێندنی باڵا (ماجستێری کارگێڕیی کار) دەرچوێندران ، ٤٠ دەرسەدی دەرچوانی بەکالۆریۆس فێرخوازی بەشی کارگێڕیی کاربون ، ٢٣ دەرسەدیان فێرخوازی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری بون ، ٢١ دەرسەدیان فێرخوازی بەشی هەندەسەبون ، ١٣ دەرسەدیان فێرخوازی بەشی دیراساتی نێودەوڵەتی بون ، لەکۆی فێرخوازانی دەرچوش نزیکەی نیوەیان (٤٧ دەرسەدیان) لەڕەگەزی مێ بون . 

زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە ، دامەزراوەیەکی قازانجنەویستە ، کار دەکات بۆ چەسپاندنی رەوتێکی باڵاو نمونەیی لەخوێندن و توێژینەوە ، لەسەر بنەمای لیبرال ئارت ، بەئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەکی پێشەنگ لەسەرکردەو زانا ، لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا بەگشتی  ، حاڵی حازر زیاتر لە ١٥٠٠  فێرخوازی هەیە ، ٨٠ دەرسەدی دەرچوەکانی (کە ژمارەیان ٦٥٠ کەسە) یان خەریکی درێژەدانن بەخوێندنی باڵا لەزانکۆکانی ئەمریکاو ئەوروپا ، یان خەریکی کارن وەکو فەرمانبەر لەکۆمپانیا بەناوبانگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا .