بەدەستهێنانی خەڵاتی قەڵەم بۆ وەرگێڕان لەلایەن د.چۆمان هەردییەوە

Thursday, November 23, 2017 - 10:00

٢٣ ی تشرینی دوەمی ٢٠١٧ (سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق) : خانمە شاعیری دیارو ناسراوی کورد "د.چۆمان هەردی" ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، خەڵاتێکی ئەدەبیی بەریتانی وەردەگرێت کە بریتییە لە "خەڵاتی قەلەم بۆ وەرگێڕان" بۆ سالی ٢٠١٧ ، لەپای وەرگێڕانی قەسیدەی "دەربەندی پەپولە" بۆ زمانی ئینگلیزی ، کە قەسیدەیەکی درێژی شاعیری گەورەی کورد "شێرکۆ بێکەس" ەو بەدوای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لەسەروەختی بەڕێوەچونی تاوانی بەدناوی ئەنفالدا ، نوسیویەتی .

یانەی قەڵەم بۆ وەرگێڕان لەبەریتانیا ، بەکۆمەکی ئەنجومەنی هونەر لەوڵاتەکە کە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە ، هانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەدات بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی وەرگێڕدراو لەزمانانی ترەوە ، ئەم یانەیە لقێکە لەناوەندێکی نێودەوڵەتیی گەورە بۆ کتێب کە بریتییە لە "یانەی قەڵەمی ئینگلیزی" . یانەی قەڵەمی ئینگلیزی کاردەکات بۆ داکۆکیکردن و پاڵپشتیکردن لەئازادیی رادەربڕین و هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم ئەدەب .

پێشڕەوی شیعری نوێی کوردی شێرکۆ بێکەس "١٩٤٠ - ٢٠١٣" ناوێکی شیعریی ناسراوە لەسەر ئاستی جیهان ، شیعرەکانی بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاوکراونەتەوە ، قەسیدەی "دەربەندی پەپولە" ی  دوای تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەو شاڵاوەکانی ئەنفال نوسی ، کە ساڵی ١٩٨٨ رژێمی سەدام دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان ، وەک سزایەک لەپای پشتگیرییاندا لەشۆڕسی رزگاریخوازی کورد ، ئەنجامی دان ، ئەوەبو لەئاکامدا دەیان شوێن بەچەکی کیمیاوی پەلامار دران ، زیاد لە ٢٠٠٠ گوند وێران کران ، هەروەها زیاد لەسەد هەزار هاووڵاتیی سڤیل سەرنگوم  کران ، هەر هەمان ساڵ شاری هەڵەبجە بەچەکی کیمیاوی بۆردومان کراو بەو هۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتیی خەڵکی شارەکە گیانیان لەدەست دا . کۆی ئەو تراژیدیاو مەرگەساتانە ، ناوەڕۆکی قەسیدەی "دەربەندی پەپولە" پێکدێنن کە د.چۆمان هەردی وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئینگلیزی و پێشتریش نوسەرو وەرگێڕی کورد ئازاد بەرزنجی وەریگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی .

د.چۆمان هەردی کە مامۆستای وانەی ئەدەبی ئینگلیزییە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، ئاماژەی بەوە داوە کە : زمانی چڕوپڕی شیعریی شێرکۆ بێکەس ، لەپاڵ دەستبردنی بۆ روداوە مێژوییەکانی کوردستان و کەسایەتیەکان و جوگرافیای کوردستان ، وایان کردوە کە تێگەیشتن لەشیعرەکانی ، بۆ خوێنەری بیانی ، سەخت بێت : "وەرگێڕانی دەربەندی پەپولە کارێکی درێژخایەن و سەخت بو ، بەڵام وێڕای ئەوەش هەر سوربوم لەسەر ئەنجامدانی" ، د.چۆمان دەشڵێت : "شێرکۆ بێکەس چەند دانەیەکی کەم قەسیدەی درێژی هەیە ، دەربەندی پەپولە یەکێکە لەوانە ، کە بالای منەوە باشترینیانە" ، هەروەها ئەوەش بەبیردێنێتەوە کە یەکەمجار ساڵی ١٩٩١ لەسەر کاسێتێکی دەنگی گوێی لەو قەسیدەیە بوەو عاشقی بوەو چەند پەرەگرافێکی لێ لەبەرکردوە ، دەڵێت : "ئەم قەسیدە کتێبە ، باشتر لەهەر کتێبێکی دیکە کە من خوێندومەتەوە ، تاراوگە ، فڕین و فڕۆکەخانە ، سەرکوتی سیاسی و مێژوی کورد ، بەرجەستە دەکات" .

"دەربەندی پەپولە" بەزمانی ئینگلیزی و وەرگێڕانی د.چۆمان هەردی ، لەلایەن دەزگای سەربەخۆی چاپ و بڵاوکردنەوەی Arc Publication  ەوە ، رۆژی ١٦ ی ٣ ی ٢٠١٨ ، هاوکات لەگەڵ سییەمین ساڵیادی تراژیدیای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە ، بڵاودەکرێتەوە .

د.چۆمان هەردی ، کچی شاعیری ناسراوی کورد ئەحمەد هەردییە ، پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، پاش بەسەربردنی ٢٦ ساڵ لەدەرەوەی وڵات ، گەڕایەوە کوردستان ، ئێستا سەرقاڵی کاری مامۆستایەتی و توێژینەوەیە . توێژینەوەکانی لەم بوارانەدان : شیعر ، ئەدەبی ژنان ، رەخنەی ئەدەبی ژنان ،  جێندەرو کۆچکردن ، جێندەرو پاکتاوی رەگەزی ، هەروەها چالاکیی ژنان . شیعرەکانی لەThe Poetry Review, Ploughshares, Washington Square Review, and Modern Poetry in Translation بڵاوبونەتەوە . کۆمەڵە شیعرە  ئینگلیزیەکانی لەلایەن Bloodaxe Books  ەوە بڵاوکراونەتەوە . ساڵی ٢٠١٠ چوار دانە قەسیدە لەکۆمەڵە شیعری یەکەمیەوە Life For Us هەڵبژێردراون و خراونەتە پرۆگرامی خوێندنی ئامادەییەوە لەبەریتانیا . کۆمەڵە شیعری دوەمیشی Considering The Women یەکێک بوە لەو کتێبانەی کە خراونەتە لیستی نوسەرانی پاڵێوراو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی Forward . ساڵی ٢٠١٥ سەنتەری جێندەرو گەشەپێدانی لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی دامەزراندوە . ئێستا کار لەسەر جێندەرو شۆڕش دەکات لەهەرێمی کوردستانی عێراق .

پێویستە ئەوەش بگوترێت : زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی ، یەکەمین دامەزراوەی قازانجنەویستە لەعێراقدا بۆ خوێندنی باڵا لەسەر شێوازی ئەمریکی ، کە ئەمساڵ یادی دەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی خۆیی کردەوە ، هەروەها یەکەمین زانکۆی تایبەتییە لەهەرێمی کوردستانی عێراق کە لەلایەن حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی متمانی پێ دراوە ، جگەلەوە تاقە زانکۆی ناوچەکەو عێراقە کە خاوەنی تاقانە پرۆگرامی ئینگلیزیی متمانە پێدراوە لەلایەن وڵاتە  یەکگرتوەکانی ئەمریکاوەو رێژەی رەگەزی مێ لەناو فێرخوازەکانیدا لەسەروی ٣٥٪ ەوەیە .   

ئەم زانکۆیە ، حاڵی حازر فێرخوازێکی زۆری لەپێکهاتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی عێراق گرتۆتەخۆ : کوردو عەرەب و تورکمان ، سوننەو شیعە ، ئێزدی و کریستیان ، لەپاڵ چەندین فێرخوازی ئاوارە لەسوریاوە .

بەهرەمەندی لەبواری بیرکردنەوەی رەخنەگرانە ، رەوانگۆیی لەزمانی ئینگلیزی ، فرە زمانی ، وا لەدەرچوانی زانکۆکە دەکەن کە دەستیان بەهەلی کاری باش و ناوازە رابگات ، هەم لەکەرتی گشتی و هەم لەکەرتی تایبەتیدا .

بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی زانکۆکەو پرۆگرامەکانی ، هاوڕێمانبە لەتویتەرو فەیسبوک ، یان سەردانی وێبسایتەکەمان  بکە .

بۆ کۆمەککردنی زانکۆکەو فێرخوازەکانی "ئەگەر ئارەزوی کارێکی وەهات کرد" سەردانی وێبسایتی "دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق  -  AUIF " بکە ، یان پەیوەندی بەئۆفیسی سەرۆکەکەیەوە بکە لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە : president@auis.edu.krd

دەزگا میدیاییەکان ، دەتوانن پەیوەندی بە "بژار بۆسکانی – راوێژکاری پەیوەندییە گشتیەکان لەزانکۆ" ەوە بکەن ، لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە : bzhar.ali@auis.edu.krd

یان لەڕێی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە : 964(0)770-152-1893.