بۆ پارەدارکردنی پرۆسەی خوێندن لەبواری زانستە مرۆییەکاندا زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی کۆمەکێکی نوێ وەردەگرێت

Monday, November 6, 2017 - 11:30

٢٥٠,٠٠٠$ سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ کۆمەککردنی فێرخوازان و پرۆگرامەکانی خوێندن لەزانکۆکەدا

١١ ی تشرینی یەکەم ٢٠١٧ (سلێمانی – هەرێمی کوردستانی عێراق): لەچەند رۆژی رابردوی ئەم مانگەدا زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی کۆمەکێکی دارایی سەخاوەتمەندانەی لەکۆمەککاری سەرەکیی زانکۆی ئەمریکی دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق - AUIF ەوە پێگەیشت.

ئەم بڕە پارەیە کە تەرخان کراوە بۆ پارەدارکردنی پرۆسەی خوێندن لەبواری زانستە مرۆییەکاندا، سەرچاوەیەکی نوێیە بۆ دابینکردنی مینحەی خوێندن بەشێوەیەکی دەوری، بۆ ئەو خانمە فێرخوازانەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق – سلێمانی کە لەبواری زانستە مرۆییەکاندا دەخوێنن و گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی خوێندن و تونای زانستییان لەئاستێکی بەرزدایە، لەم چوارچێوەیەدا لیژنەیەک لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی پێکهێنراوە کە ساڵانە خانمانی فێرخواز لەسەر بنەمای لێهاتویی زانستی و موحتاجییان لەڕوی داراییەوە دەستنیشان دەکات بۆ وەرگرتنی مینحەکە.

بڕێک لەپارەکە تەرخاندەکرێت بۆ دابینکردنی پێنج مینحەی خوێندن لەم ساڵدا بەڵام تەنها بۆ یەک جار، بۆ ئەو خانمە فێرخوازانەی قۆناغی یەکەم و دوەمی خوێندن کە لەئاستێکی بەرزی زانستیدان و بەنیازن لەخۆبڕاوانە بچنە بەر خوێندنی زانستە مرۆییەکان، یان بچنە بەر کۆرسی تایبەتی لەبواری زانستە مرۆییەکان.

هەروەها بڕێکی کەمیش لەپارەکە تەرخاندەکرێت بۆ کۆمەککردنی ئەو دەستپێشخەری و چالاکییە زانستیانەی کە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی رێکدەخرێن، لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوە جێندەری و تەنمەویەکان CGDS ی سەر بەزانکۆکەو رێکخراوی کەشکۆڵ ەوە کە رێکخراوێکی تایبەت بەتوێژینەوەو وەرگێڕان و ئەرشیفکردنە.

بەم بۆنەیەوە بەرێز بروس ووکر فیرگسون – سەرۆکی زانکۆ سوپاسی دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی – AUIF ی کرد کە ئەم کۆمەکە سەخاوەتمەندانەیەی بۆ زانکۆکە دابینکردوە، لەپاڵ ئەو خێرەومەندە گومناوەدا کە وایکرد ئەم کۆمەکە دەستەبەر بکرێت، هەروەها ئاماژەی دا بەوەی کە "حاڵی حازر ٩٠٪ ی فێرخوازانی زانکۆکە، بەهۆی دەستەبەرکردنی مینحەی خوێندن و پێشکەشکردنی دەستگیرۆیی جۆراوجۆرەوە لەسەر بنەمای لێهاتویی زانستی، بەشێوەیەک لەشێوەکان داشکاندنیان لەکرێی خوێندندا بۆ کراوە"، وتیشی "لەم هەلومەرجە ناهەموارە ئابوری و سیاسییەدا کە وڵاتەکەی تێدا دەژی، مینحەی دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی - AUIF کە بۆ کۆمەککردنی خوێندنە لەبواری زانستە مرپییەکاندا، هاوکارییەکی باش دەکات لەدەستگیرۆییکردن و کەمەندکێشکردنی فێرخوازانی بەهرەمەند لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەتی ئەوانەیان کە خاوەنی بەهرەو  زانیاریی زۆرن و لێیان رادەبینرێت بەشداریی جدی بکەن لەبنیاتنانی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان و کۆمەڵگەکانیان".

پێویستە ئەوەش بگوترێت: زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، یەکەمین دامەزراوەی قازانجنەویستە لەعێراقدا بۆ خوێندنی باڵا لەسەر شێوازی ئەمریکی، کە ئەمساڵ یادی دەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی خۆیی کردەوە، هەروەها یەکەمین زانکۆی تایبەتییە لەهەرێمی کوردستانی عێراق کە لەلایەن حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی متمانی پێ دراوە، جگەلەوە تاقە زانکۆی ناوچەکەو عێراقە کە خاوەنی تاقانە پرۆگرامی ئینگلیزیی متمانە پێدراوە لەلایەن وڵاتە  یەکگرتوەکانی ئەمریکاوەو رێژەی رەگەزی مێ لەناو فێرخوازەکانیدا لەسەروی ٣٥٪ ەوەیە.

ئەم زانکۆیە، حاڵی حازر فێرخوازێکی زۆری لەپێکهاتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی عێراق گرتۆتەخۆ: کوردو عەرەب و تورکمان، سوننەو شیعە، ئێزدی و کریستیان، لەپاڵ چەندین فێرخوازی ئاوارە لەسوریاوە. بەهرەمەندی لەبواری بیرکردنەوەی رەخنەگرانە، رەوانگۆیی لەزمانی ئینگلیزی، فرە زمانی، وا لەدەرچوانی زانکۆکە دەکەن کە دەستیان بەهەلی کاری باش و ناوازە رابگات، هەم لەکەرتی گشتی و هەم لەکەرتی تایبەتیدا .

شایانی باسە ئەو فێرخوازانەی ئارەزوی خوێندن دەکەن لەبواری زانستە مرۆییەکاندا ، دەتوانن لەیەکێک لەم رشتانەدا  پسپۆڕی وەربگرن :  ئەدەبی ئینگلیزی ، رۆژنامەوانی ، دیراساتی نێودوڵەتی ، بێگومان پاش لێبونەوەیان  لەخوێندنی پرۆگرامە بنەڕەتیەکانی خوێندن .

بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی زانکۆکەو پرۆگرامەکانی ، هاوڕێمانبە لەتویتەرو فەیسبوک ، یان سەردانی وێبسایتەکەمان  بکە .

بۆ کۆمەککردنی زانکۆکەو فێرخوازەکانی "ئەگەر ئارەزوی کارێکی وەهات کرد" سەردانی وێبسایتی دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق – AUIF  بکە ، یان پەیوەندی بەئۆفیسی سەرۆکەکەیەوە بکە لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە: president@auis.edu.krd

ئەو دەزگا میدیاییە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە پشتیان بەزمانی کوردی و عەرەبی بەستوە لەکاروبارەکانیاندا ، دەتوانن پەیوەندی بە "بژار بۆسکانی – راوێژکاری پەیوەندییە گشتیەکان لەزانکۆ" ەوە بکەن ، لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە :

bzhar.ali@auis.edu.krd یان لەڕێی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە : 964(0)770-152-1893.