بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان لەدیدی کین گروسەوە

Wednesday, December 6, 2017 - 16:30

بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان لەدیدی کین گروسەوە

٢٨ ی تشرینی دوەمی ٢٠١٧ (سلێمانی – هەرێمی کوردستانی عێراق): زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی، لەسیمینارێکدا کە لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی سەر بەزانکۆوە، بەناونیشانی "رەسمکردنی رەوتی پێشڤەچون بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان" رێکخرابو، میوانداریی بەڕێز "کین گروس - باڵیۆزی گشتیی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەهەولێر" ی کرد. سیمینارەکە تەرخانکرابو بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندیی نێوان ئەمریکاو عێراق پاش بەڕێوەچونی گشتپرسیی سەربەخۆیی لەهەرێمی کوردستان، کە مامۆستایانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی د. ئالان نوری، د.عەقیل عەبباس، هەروەها د. بارین کایا ئۆغڵو، بەشدارییان تێدا کردو لەلایەن خاتو کریستین ڤان دن تورن – بەڕێوەبەری پەیمانگەکەوە بەڕێوە برا.

لەمیانەی گفتوگۆکاندا، بەرێز کین گروس، تیشکی خستە سەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەعێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندیی واشنتۆنی بەعێراقێکی یەکگرتو و حکومەتێکی بەهێزەوە لەهەرێمی کوردستان دوپات کردەوە. لەئاماژەیەکدا بۆ هەڵوێستی وڵاتەکەی لەمەڕ گشتپرسیەکەی ٢٥ ی ئەیلول ، باسی کرد کە: ئەو بابەتە لەم چەند ساڵەی رابردودا لەگەڵ بەرپرسانی کورد تاووتوێ کراوە، وتی: کاتێک کە گشتپرسیەکە بەرەو ئەوە دەچو بەوزوانە ئەنجام بدرێت، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ناڕەزایەتیی لەئاستدا نواندو چەند ئەڵتەرناتیڤێکی پێشنیار کرد کە لەڕێدابو ئاسانکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان بەغداو هەولێردا بۆ  چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، بەڵام قەبوڵ نەکران.

بالیۆزی گشتیی ئەمریکا لەهەولێر هەروەها رایگەیاند: ئەو پرسیارەی گشتپرسیەکە لەلای زۆربەی لایەنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وروژاندی، ئەوە نەبو کە : ئایا ئەو گشتپرسییە کارێکی دیموکراتییە یان نا، بەڵکو ئەوەبو کە: ئایا ئەو گشتپرسییە کارێکی یاساییە بەگوێرەی دەستوری وڵاتێکی خاوەن سەروەری یان نا؟ ئەگەر ئامانج لەراپرسییەکە تەنها پرسینی رای خەڵک بوایەت دەربارەی پرسی سەربەخۆیی، ئەوا بەرتەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەوروبەر بەو جۆرە نەدەبو لەئاستیدا، بەڵام ئامانج لێی بریتی بو لەچەسپاندنی پایەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هەندیک لەناوچە کێشە لەسەرەکان، کە مەترسیی دەستوری و سیاسیی گەورەی لێکەوتەوە.

د. ئالان نوری کە پێشتر لەچەندین بۆنەدا دەربارەی سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان قسەی هەبوە، رایگەیاند کە ترسی هەیە سەرکردایەتیی کورد خاوەخاو بکات لەگرتنەبەری رێگەی دروست ، وتی: سەرکردایەتیی کورد ناخوازێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت و پابەندبێت بەعێراقێکی دیموکراتییەوە، هەروەها تا ئێستا نەیتوانیوە دامەزراوەگەلێکی دیموکراتی کە لەخزمەتی نیشتیماندابن بنیات بنێت.

د. عەقیل عەبباس لەلای خۆیەوە رونی کردەوە کە پەیدابونی داعش و قوربانیدانی شیعە، پراگماتیەت و هەستبەبەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەناو خەڵکی شیعەی عێراقدا خستەوە، بەڵام قوربانیدانی کورد هەمان ئەنجامی لێ نەکەوەتەوە ، ناچونیەکیی ئەم دوو واقیعە دەبێتە بەربەست لەڕێی بنیاتنانی داهاتودا.

د. کایا ئۆغڵوش بەشبەحاڵی خۆی تیشکی خستە سەر سیاسەتی تورکیا دەرهەق بەهەرێمی کوردستان ، وتی: سیاسەتی تورکیا قابیلی پێشبینیکردن نییە. ئاماژەی بەوە دا کە ئەنقەرە لەسالی ٢٠١٤ ەوە تا ساڵی ٢٠١٦ دەیگوت نابینە بەشێک لەگفتوگۆی تایبەت بەسەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هەقمان بەسەر ئەو باسەوە نییە، کەچی پاش دەنگۆی بەڕێوەبردنی گشتپرسییەکە کەوتە بانگەشەکردن بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق، بگرە حکومەتی بەغدای هان دا بۆ دەسبەسەرداگرتنەوەی ناوچە ناوکۆکی لەسەرەکان و لەو پێناوەدا پشتگیریشی کرد.

دواجار پاش وەڵامدانەوەی پرسیاری ئامادەبوان، خاتو کریستین ڤان دن تورن پوختەی گفتوگۆکانی سیمینارەکەی خستەوەڕو و رایگەیاند: "کەوتنی موسڵ" و "کەوتنی کەرکوک" بەو مانایە دێن کە: بارودۆخەکە ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوی خۆی. دەربارەی میانەی بەغداو هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە: واشنتۆن خوازیارو پاڵپشتی گفتوگۆیە لەنێوانیاندا، بەڵام رون نییە کە ئایا حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێم رێک دەکەون لەسەر مەرجەکانی زەمینەسازی بۆ گفتوگۆکردن یان نا. هەروەها دوپاتی کردەوە کە: وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خوزیارو پاڵپشتی حکومەتێکی بەهێزە لەهەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵیی یەکگرتو، بەڵام تا ئێستا رون نییە کە ئایا هەرێمی کوردستان ئامادەی قەبوڵکردنی چارەنوسێکی لەو شێوەیەیە یان نا.

 

بۆ ئاگاداربون لەنوێترین هەواڵ و زانیاری دەربارەی زانکۆکە، سەردانمان بکە لەفەیسبوک  یان لەتویتەر

یان سەردانی وێبسایتی زانکۆکە بکە: www.auis.edu.krd

بۆ کۆمەککردن بەزانکۆکەو فێرخوازانی "ئەگەر ئارەزوی کارێکی وەهات هەبو" سەردانی پێگەی ئەلیکترۆنیی "دامەزراوەی زانکۆی ئەمریکی" بکە 

یان پەیوەندی بەئۆفیسی سەرۆکەوە بکە: president@auis.edu.krd

بۆ کاروباری میدیایی، پەیوەندی بە "بژار بۆسکانی – راوێژکاری کاروباری میدیایی و پەیوەندییە گشتیەکان" ەوە بکە ، لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە: bzhar.ali@auis.edu.krd

یان لەڕیی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە: 964 (0) 770-152-1893