ئاهەنگی دەرچواندنی خولی شەشەمی فێرخوازانمان

Sunday, May 21, 2017 - 09:45
  • ئامادەبونی بەرهەمهێن و دەرهێنەری بەناوبانگی تەلەفزیۆنی (ریکاردۆ کەرەم)  وەک وتاربێژی سەرەکیی ئاهەنگەکە .
  • بەخشینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێر بە ١٢٧ فێرخواز .

زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی، رۆژی چوارشەممە (٢٤ / ٥ / ٢٠١٧) ، ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچواندنی فێرخوازانی بەڕێوە دەبات ، کە چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ١٠٠٠ کەس لەخانەوادەی فێرخوازان و هاوڕێیانیان و میوانانی دیارو بەرجەستە بەشداریی تێدا بکەن، ئاهەنگەکە سەعات شەشی ئێوارە لەحەرەمی زانکۆ بەڕێوە دەچێت و لەلایەن بەڕێز (دکتۆر بروس ووکر فیرگسۆن – سەرۆکی زانکۆ) و بەڕێز (دکتۆر بەرهەم ساڵح – دامەزرێنەرو ئەمینداری زانکۆ) ەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لەلایەن (پرۆفیسۆر هێمن لەتیف – مامۆستای یاریدەدەر لەبەشی تەکنەلۆجیای زانیاری) یەوە بەڕێوە دەبرێت، دەر‌هێنەرو بەرهەمهێن و نوسەری بەناوبانگ (ریکاردۆ کەرەم) یش بانگهێشت کراوە وەکو وتاربێژی سەرەکیی ئاهەنگەکە.

بۆ ئاهەنگی ئەمساڵ فێرخواز (شیروان هەندرێن – دەرچوی دیراساتی نێودەوڵەتی)، بەهۆی لێوەشاوەیی و جێدەستی ئەکادیمیانەیەوە ، وەکو فێرخوازی سەرکەوتو دەسنیشان کراوە  ، هاوکات خاتو باخان غەفور نوێنەرایەتیی گروپی خۆی دەکات وەکو وتەبێژی دەرچوانی ماجستێری کارگێڕیی کار .

لەئاهەنگەکەدا بڕوانامەی بەکالۆریۆس دەبەخشرێتە ١٠٥ فێرخوازی کارگێڕیی کار ، تەکنەلۆجیای زانیاری ، هەندەسەی میکانیک ، هەندەسەی بیناسازی و هەندەسەی وزە ، هەروەها بڕوانامەی ماجستێر لەکارگێڕیی کاردا دەبەخشرێتە ٢٥ فێرخواز .

شایانی باسە زانکۆی ئەمریکیی عێراق – سلێمانی ، ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە ، دامەزراوەیەکی قازانجنەویستە ، کار دەکات بۆ چەسپاندنی رەوتێکی باڵاو نمونەیی لەخوێندن و توێژینەوە ، لەسەر بنەمای لیبرال ئارت ، بەئامانجی پێگەیاندنی نەوەیەکی پێشەنگ لەسەرکردەو زانا ، لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا بەگشتی  ، حاڵی حازر ١٦٠٠ فێرخوازو ٢٤٠ مامۆستاو فەرمانبەری گرتۆتەخۆ ، لەکوردو عەرەب و تورکمان ، شیعەو سوننە ، ئێزدی و مەسیحی ، شانبەشانی یەک لەناوەندێکی زانکۆیی فرەڕەنگی فرەدەنگدا کە بەردەوام خەریکی هاندانی بیری رەخنەگرانەو لێبوردەیی و بەشداریی کۆمەڵایەتییە  ، ٨٠ دەرسەدی دەرچوەکانیشی یان خەریکی درێژەدانن بەخوێندنی باڵا لەزانکۆ جیهانیەکاندا ، یان خەریکی کارن وەکو فەرمانبەر لەکۆمپانیا بەناوبانگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا . 

بۆ هەماهەنگی و کاروباری میدیایی ، پەیوەندی بکەن بە (بژار بۆسکانی – بەڕێوەبەری راگەیاندن و راوێژکاری پەیوەندییە گشتیەکان لەزانکۆ) لەڕێی ئەم ئیمەیلەوە :

bzhar.ali@auis.edu.krd 

یان لەڕێی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە :  

964 (0) 770-152-1893.

دەربارەی بەڕێز ریکاردۆ کەرەم – وتاربێژی سەرەکیی ئاهەنگەکە

رکاردۆ کەرەم موحازیرێکی دیارو بەرجەستەیە ، لەبواری رۆشنبیری و کۆمەڵگەدا کاری کردوە ، گفتوگۆی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی نێودەوڵەتیی بەرجەستەدا ئەنجامداوە، لەوانە: دالای لاما، فەرەح پەهلەوی، بیڵ گیتس، لۆچیانۆ بافاروتی، نور ئەلحوسەین، فالنتینۆ، ئیفۆ بیتانگۆی و زوها حەدید، دو کتێبی نوسیوە، یەکێکیان هەندێک لەو گفتوگۆیانە دەگرێتەخۆ کە ئەنجامی داون، ئەوی تریان بابەتێک دەگرێتەخۆ دەربارەی جالییەی لوبنانی لەفەرەنسا، ساڵی ٢٠١٠ (سەکۆی تەکریم) ی دامەزراندوە بۆ کۆمەککردن و رێزلێنان لەهەوڵ و داهێنانی ئەو عەرەبانەی کە لەبواری هونەرو رۆشنبیری و زانست و ژینگەو فێرکردن و کاری خێریدا هەڵدەکەون.