گوتاری ماڵئاوایی : شیروان هەندرێن

ئاهەنگی دەرچونی خولی شەشەمی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی
گوتاری ماڵئاوایی فێرخوازی یەکەمی خولی شەشەم
شیروان هەندرێن
٢٤ ی مایۆ ٢٠١٧

بەڕێزان ، میوانانی ئازیز ، کەسوکاری فێرخوازان ، دەرچوانی هاوڕێم ، سوپاس بۆ هەموتان لەپای ئامادەبونتان لەم رۆژە گرنگەدا ، مایەی شانازیمە ئەمڕۆ لێرەدا رادەوەستم و بۆتان دەدوێم ، مایەی شانازیمە بەنوێنەرایەتیی سەرجەم ئەو هاوڕێیانەم کە ئەمڕۆ لەگەڵمدا تەخەڕوج دەکەن بۆتان دەدوێم . 

سەرەتا دەمەوێت ددانی پێدابنێم : کاتێ راسپێردرام ئەم گوتارە لەبەردەمتاندا پێشکەش بکەم توشی شۆک بوم ، زۆر سەرم سوڕمابو ، ئەمە وایکرد بیرم نەبێت وەڵامی داواکەش بدەمەوە ، دەگەڕام بۆ دۆزینەوەی بیانویەک تا خۆم لەم ئەرکە سەختە بدزمەوە .

لەڕاستیدا بەدەستهێنانی نمرەی بەرز کارێکی ئاسانە ، بەڵام پێشکەشکردنی گوتار لەبەردەم خەڵکێکی زۆردا کارێکی ئاسان نییە بەلامەوە ، بەڵام خۆشبەختانە هەندێک هاوڕێی باشی زانکۆم هانیاندام و منیش شانم دایەبەر .

درێژەی نادەمێ ، من یەکێکم لەئێوە ، لەهەست و نەستی ئەمڕۆتان بەتەواوی تێدەگەم ، زۆر چاک درکدەکەم بەخۆشنودی و ئاسودەیی پاش کۆتاییهێنانمان بەماندوێتیی گەشتەکەمان ، نیگەرانیتان لەئاست ئەو ئاییندە نادیارەدا کە لەپێشمانە درکپێدەکەم ، پێویستە بزانن کە زەرور نییە وشەگەلێکی حیکمەتئامێزم پێبێت بۆ ئەوەی بیانڵێم پێتان ، ئەوەی هەمە بۆ گوتن پێشنیارێکە دەربارەی چۆنیەتیی تەماشاکردن و بینینی شتەکان ، کە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا یارمەتیی زۆری داوم ، ئەوەی وردە وردە پێتانی دەڵێم رەنگە بەلای هەندێکتانەوە شتێکی رەشبینانەو بێسودبێت ، بەڵام دەبێت بزانن کە تاقە مەبەستی من لەگوتنی  ، یارمەتیدانی ئێوەیە .    

دە ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیوە کە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بۆ یەکەمجار دەرگای خۆی خستە سەر پشت ، دە ساڵ نسکۆو سەرکەوتن ، زەرەرو بەڵێن ، فرمێسک و زەردەخەنە ، لەو رۆژەوە تا ئێستا چارەنوسی خەڵکی کوردستان و عێراق بەتەواوی گۆڕاوە 

ئەو گەشبینییە زۆرەی سەرەتای هاتنمان بۆ ئێرە باڵی بەسەرماندا کێشا ، بو بەهەڵم و تیاچو ، وامان لێهاتوە هەرکە بیر لەداهاتومان دەکەینەوە یەکسەر هەست بەگومان و رەشبینی و نائاسودەیی دەکەین ، ئەم کاتەی تێیدا دەژیین کاتێکی شپرزەو ترسناکە ، لەگەڵ ئەوەی شەڕی دژی داعش بەرەو کۆتایی دەچێت و سەربازان دوا پەناگەو شوێنی داگیرکراو لەژێر چنگی ئەو دڕندەو توندڕەوانە دەردێننەوە ، کەچی ئاییندە لەهەمو ساتێکی لەوەوبەر ناڕۆشنتر دێتە بەرچاو ، وێڕای زۆرێک لەو قەیرانە ئابوری و سیاسیانەی تێیانکەوتوین ، دەبوایە دڵخۆشییەکی دەستەجەمعیی وەک ئەمە ، داهاتویەکی لێڵی لێ چاوەروان نەکرایەت ، وەک ئەوەی هەندێکمان چاوەڕوانی دەکەین .   

بەڵام شتێکی سروشتییشە نیگەرانی باڵبکێشێت بەسەرماندا ، چونکە ئێمە لەشەپۆلی نیگەرانی بەدەر نیین .

جەنگە بەردەوام قەوماوەکانی سەر ئەم زەوییە ، کە رۆژگارێکی دورو درێژ بەدەم ڕاکەڕاکەوە لەسایەییاندا ژیاین ، لەزەین و باکگراوندەکانی ژیانمان دور ناکەونەوە ، دێن و دەچن ، هەر یەکە لەئێمە یان لەساڵانی سزا ئابوریەکانی سەر وڵاتەکەماندا لەدایکبوین (وەکو من) ، یان لەسەردەمی جەنگە پوچەکەی ئێران – عێراقدا ، یاخود لەسەردەمی داگیرکردنی کوەیتدا ، یانیش لەسەردەمی ئەو وێرانکاریەدا کە لەسەر دەستی فەرمانڕەوایەکی ملهوڕدا توشی عێراق هات ، بێگومان زۆربەی هەرە زۆرمان تەمەنی هەرزەکاریی خۆمانمان لەگەڵ وێرانکاری و ئاژاوەی پاش غەزوی ٢٠٠٣ دا بەسەر برد ، لێرە لەکوردستان گەشبینبوین ، بوژانەوە ئابوریەکەی پاش غەزوەکە هەستی ئەوەی تێدا سەوز کردین کە ئێمە وەک بەشەکانی تری وڵات نیین و بەدەرین لەوان ، پێمان وابو پارێزراو دەبین لەهەر دەرەنجامێکی خراپ ، بەڵام دواجار لەم وەهمە بەخەبەر هاتین و بۆمان دەرکەوت کە ئایا خێر چاوەڕێمان دەکات یان شەڕ .     

یەکەمجار کە هاتمە زانکۆی ئەمریکی نەمدەزانی چی لەڕێدایە ، تازەکی خوێندنی ئامادەییمم لەبەغدا تەواو کردبو ، ئەوەی بیرم لێدەکردەوە تەنها جێهێشتنی ئەو شارە لێکترازاوەبو ، کە بەرگەی ژیانی تێدا نەدەگیرا بەهۆی بەردەوامیی هێرشی خۆکوژی و کردەوەی رفاندن و رفاندنکارییەوە ، وەک زۆربەی هەرە زۆری بەغاییەکان خانەوادەکەم رەتی کردەوە لەسایەی ترس و بیمدا بژی ،  ئەوەندەی توانیمان کردمان و کۆشامان لەپێناوی پاراستنی ژیانێکی بێوەیدا ، بەڵام ئاخری رومان کردە کوردستان کە دواجار نیشتمانمانە ، کەم شوێنی دیکە هەبو عێراقیەکان بگرێتەخۆو لێیانگەڕێت دەست بەکەرامەتی خۆیانەوە بگرن ، پێمخۆشە بڵێم : لەو چەند وەختەدا کە لەزانکۆی ئەمریکیی سلێمانی بوم ، پەیوەندیی هاوڕێیانەی قوڵم لەگەڵ زۆرێک لەهاوڕێ باشەکانی زانکۆ بەست .       

باوکم خەڵکی ئەم شارەیە (سلێمانی) ، دایکم یەکێکە لەهاووڵاتیانی بەغدا ، هەردوکیشیان کوردن ، یەکێکیان سوننەیە ئەوی تریان شیعە  ، وێڕای  ئەوەش عەرەبی زمانی بومیمە (زمانی دایک) ، دەمەوێت بڵێم : من سەرجەم پێکهاتە فەرهەنگیەکانی عێراقم تێدا کۆبوەتەوە ، ساڵی ١٩٩٤ لەدایکبوم ، ئەو ساڵەی کە ترۆپکی نەهامەتیی بەخۆوە بینی ، ئەوەبو عێراقیەکان کەوتنە ژێرباری سزا ئابورییە خنکێنەرەکانی سەر وڵاتەکەیان ، هەژاری رەحمی بەکەس نەدەکرد ، خۆراک و دەواو دەرمان بەخشش بون ، وێڕای هەمو ئەوانە رزگارمان بو ، زۆرمان چەشت ، بەڵام دواجار رزگارمان بو ، جەنگاین و ملمان نەدا بەو چارەنوسە نادادپەروەرانەیە ، بەدەستی خۆمان خۆشبەختیی خۆمانمان بنیادنا ، زۆر بەڕونی بیرمە دایکم کێکی لەخورما دروست دەکرد چونکە شەکر زۆر دەگمەن و گرانبو ، لەسۆسی ئاردی هەرزانبەها کە ماڵات و ئاژەڵ لەسەری دەلەوەڕێن ، دایکم ئەوەی کرد کە زۆربەی هەرە زۆری عێراقیەکان و کوردەکان لێی دەزانن ، ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم : وەستانەوەی سەربەرزانەی خەڵکە بەڕوی هەژاریدا ، بڕوادار بەوەی دەتوانن زاڵببن بەسەر هەمو نەهامەتییەکدا تا ئەو دەمەی کە هێشتا خانەوادە یەکانگیرەو پەرتەوازە نەبوە ، ژیان هەمیشە براوە دەردەکەوێت وێڕای قەبەیی ئەو مەرگەی چواردەوری داوین .

 

ئەوەی گەرەکمە بەدەرچوانی هاوڕێمی بڵێم ئەمەیە : بەهۆی سەختیی رەوشەکەمانەوە زۆر هەستیار بوین ، دەیەگەلێک جەنگ و ململانێی بەردەوام لەم وڵاتەدا بو بەهۆی ئاساییکردنەوەو سروشتیکردنەوەی توندوتیژی لەنێوانماندا بەجۆرێک کە ئیتر نیگەرانمان ناکات ، چیتر هەوڵی چارەسەرکردنی هیچ کێشەو ناکۆکییەکی نێوانمان نادەین ، بەڵکو خەریکی زەمینەسازی دەبین بۆ سەردەرهێنانی کێشەو ناکۆکیی دواتر ، تکا دەکەم بەهەڵە لێم تێمەگەن ، من لێرە رەخنە لەکەس ناگرم چونکە یەکێکم لەئێوە ، من خۆیشم رەنگە هەمان شت بکەم کە کەسیتر دەیکات ، هێشتا لەبیرمە : کە یەکەمجار بیستم موسڵ کەوتە ژێر چنگی داعش ، بەترس و بیمەوە نەهاتمەگۆ ، بەڵکو لاقرتێم بەمەسەلەکە کرد ، دواجار ئێمە مرۆڤین ، زۆر شت هەن ناچارمان دەکەن بەرگە بگرین و بەچۆکدا نەیەین بۆ هەست و سۆزمان .       

رەنگە هەندێکتان وای بۆ بچن من کەسێکی رەشبینم ، بەڵام ئێوە هەڵەن ، هیواو ئاواتی من بێسنورە ، خراپترین شتم لەدنیادا بینی و بینییشم کە چۆن شکستی هێناو نەیتوانی خۆشیی ژیانمان تێدا دامرکێنێتەوە ، وێڕای ململانێکان کە پێدەچێت کۆتاییان نەبێت ، گیانی خەڵکی سەر ئەم زەوییە هەمیشە هەر بەبەهێزی مایەوە ، من متمانەم هەیە دەتوانین داهاتو بگۆڕین ، من دەزانم هاوڕێیانی خۆشەویستم ئێوە تواناو مەعریفەتی ریشەکێشکردنی نەهامەتیەکانی وڵاتەکەمانتان هەیە ، دەزانم لەناو هەر یەکەتاندا ئاگرێک هەیە پێی دەسوتێت ، ئێمە لێوانلێوین لەهیواو ئومێد بۆ باشکردنی ژیانی خۆمان و ژیانی ئەم گەلە ، ئەمڕۆ ئیتر زانکۆی ئەمیکیی عێرق – سلێمانی بەجێدەهێڵین بۆ ئەوەی دەست بکەین بەدروستکردنی سەرەتایەکی نوێ و گوژمبەستنەوەیەکی نوێ لەژیاندا ، ئەو فێربون و پەروەردەیەی لێرە وەرمان گرت ، کۆی ئەو کەرەستانەی ناوەتە دەستمان کە پێویستن بۆ ئەنجامدانی  گۆڕانکارییەکی ریشەیی  ، ئێمە لێرەین لەپێناوی جێهێشتنی شوێندەستێکی رۆشن لەسەر ژیانی ئەم گەلە ، رێگاکە درێژەو گوڵڕێژیش نییە ، بەڵام پێویستە یەکبگرین و کار بکەین بۆ خزمەتکردنی ئەم وڵاتە ، دو بژاردەمان لەبەردەمدایە : یان روبەڕوی ئەو چارەنوسە ببینەوە کە دەیەوێت ئاییندەمان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە ، یان بەڕێگەکەی باووباپیرانماندا بڕۆین و کۆی بەرپرسیاریەتییە سەختەکە بەجێبهێڵین بۆ نەوەی داهاتو و بیخەینە ئەستۆی ئەوان ، من هەرگیز شەرمم لەڕوبەڕوبونەوە نەکردوە ، دەبێ ئێوەش  شەرم نەکەن ، بژاردەی من زۆر رۆشنە ، هیوادارم بژاردەی ئێوەش رۆشنبێت .

سوپاس بۆ هەموتان و پیرۆزبێت لێتان .